وشەی گەندەڵی هەر وەسفێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی
نییە، هەر ئاماژە نییە بۆ کردەی"دزی"، یاخود هەر ئامراز نییە بۆ گەمێی سیاسی
نێوان دەستەڵات و ئۆپۆسیزیۆن کە وەک یەک و دژ بە یەک و بێ بنەما و بێ بوونی بەڵگە،
لە سۆشیال میدیادا، بێ بەرپرسانە بەکاردێت. لە راستیدا، گەندەڵی، سەرباری خەسڵەتە
لۆکەڵییەکانی، دیاردەیەکی گەردوونی بەرفراوانە و پرۆسەیەکی هەمیشەییە و پێویست بە
چاودێری بەردەوام دەکات، واتە بەشێکە لە سووڕی ژیان خۆی.
تا ئاستی روودان، گەندەڵی بەشێکە لە حەقیقەتی
مرۆڤ، دواتر ئەوە یاسا و فەرمان و رێنماییەکانی دەوڵەت و دامەزراوە رەسمی و نارەسمییەکانە
یارمەتی رێکخستن و کۆنترۆڵکردن و بنبڕکردنی ئەم دیاردە چڕ و پر بە "غەریزەیە"
دەدەن، ئەمەش ئەرکێکی ماراسۆنی بەردەوامە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە دیاردە دزێوەکانی
نێو خۆی، پاراستنێتی لە پووکانەوە، وەک یەکەمین هەنگاو بۆ ئەنجامدانی دادپەروەری و
گەشەپێدانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
گەندەڵی لقێکە لە زانستی سیاسی و یاسایی
و پێگەیەکی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ. لە
زانکۆکانی دونیادا، بۆ پتەوکردنی فۆرمەکانی حکومڕانی و فێربوونی شێوازەکانی چارەسەر،
دەخوێندرێت و هەمیشە دەمەزەرد دەکرێتەوە، ئەمەش بە حوکمی ئەوەی پەیوەندییەکی راستەخۆی
بە مەنهەجەکانی دامەزراندنی "حکومڕانی باش"وە هەیە، و هەموو چالاکییەکانی
بواری ئابووری و گەشەپێدان و سەروەری یاسا لە خۆ دەگرێت. سەرباری ئەو پەیوەندییەی
سەرەوەش، گەندەڵی پەیوەندی بە رەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دۆخی سایکۆلۆجی
کەسەوە هەیە، رەفتارێک لە ژینگەیەکی تایبەت و لە سەردەم و کاتێکی گونجاودا بە فۆرمی
جیاواز روودەدات، زیاتریش، لەو ژینگانەی کە یاسا سەروەر نییە، روودەدات، یاخود ئەوانەی
بەهۆی جەنگە بەردەوامەکان و کاولبوون و وێرانەوە، ئەو کاتەی برسێتی و قاتوقڕی دەبێتە
سیمای سەرەکی کۆمەڵگە، ئەو کات بەهای ئەخلاقی پاراستن و سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی
غەریزە ون دەبێت و کۆمەڵگە بە شێوازێکی بایۆلۆجی و خۆرسکانە ژیان بەسەر دەبات. بەداخەوە،
وەک پێوەر، ئاستی بەربڵاوی گەندەڵی ئاماژەیەکی روونە بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی پێشێلکردنی
مافەکانی مرۆڤ، بە مانایەکی سادە، چەند گەندەڵی بەربڵاو بێت ئەوەندە مافەکانی مرۆڤ
پێشێلکراو دەبێت. ئەم ئەنجامە پوختە، چەندین پێوەر لە خۆ دەگرێت و دەبێتە ئاماژە بۆ
خەسڵەتی سەردەمێک لە حکومڕانی.
لێکۆڵینەوە سیاسی و یاساییەکان سەبارەت
بە مافەکانی مرۆڤ بە بەراورد بە پرسی گەندەڵی، نوێن، لاتان سەیر نەبێت، هێشتا هەڵمەتە
نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەسەردوو لاقی پتەو نەوەستاوە، چ چای
ئەوانەی لای خۆمان. بۆ زانیاریتان، نەوەدەکانی
سەدەی رابردوو بە سەرەتای مێژووی ئەو هەڵمەتە نێودەوڵەتییانە دەژمێردرێت.
شوێنی گونجاوی خۆیەتی، لێرەدا، ئاماژە بەو فشارە
نێودەوڵەتییە بدەین کە بە درێژای ساڵانی رابردوو تاوەکو ئیستا هەرێمی کوردستان
رووبەرووی دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە پەیرەوکردنی ستراتیژیەتێکی گونجاو
و شەفاف هەیە کە رەنگدانەوەی تێگەیشتنی سیاسی فراوان بێت بۆ هەموو رێکەوتنە سیاسییەکانی
دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بۆ شێوازی مامەڵەکردنی
هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەیسە سیاسیە جیاوازەکان. بێگومان ئەم پرسە هەروا ئاسانییە
بەڵکو کوشتەی ئاڵۆزی و گرێ کوێرەی ململانێ سیاسییە مێژوویەکانی ناوچەکەیە، ئەو پێوەر
و ستاندەردانەی کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەرهەم هاتووە پێویستیان بە موتوربەکردن
هەیە بە کێشەکانی ئێرە، بە مانایەکی دیکە لە رەچاوکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا
پێویست بە بەرهەم هێنانی دیدێکی سیاسی و یاسایی دەکات، دەبێت پێوەرەکان رێ نیشاندەربن
بۆ ناسینەوەی ئاستی کێشەکان، نەوەک کۆپی کردنیان وەک خۆیان، رەنگە بەرهەمهێنانەوەی
ئەو دیدە سیاسییە فراوانە بۆ مافەکانی مرۆڤ یارمەتی دەوڵەمەندکردنی پێوەرەکان بدات.
بەر لە ماوەیەک حکومەتی هەرێمی
کوردستان کۆنفرانسێکی فراوانی بۆ مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بەست، ئەوە سەرەتاییەکی
باشە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ستراتیژی هاوبەشی لێبکەوێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ئەم پێشنیارانەی
خوارەوە، دەخەینە بەردەم هەموو لایەک بە هیوای ئەوەی بە سوودبن:
1. ئیدارەدانی
دۆسییەی مافی مرۆڤ لە کوردستان بە تەنیا بەرپرسیاریەتی یەک دامەزراوە نییە، بەڵکو
ئەمە ئەرکێکی هاوبەشی هەموو سەرۆکایەتییە سەرەکییەکانە. بەرلەوەی قسە لەگەڵ کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی بکرێت، گرنگە هەڵمەتێکی وشیاری ناوخۆ هەبێت بۆ دارشتنی ئەو ستراتیژیەتەی
کە پێشتر باسمان لێوەکرد. ئەنجومەنی وەزیران وەک دامەزراوەیەکی باڵای جێبەجێکار دەتوانێت
هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان راسپێرێت کار لەسەر ئامادەکردنی ئەو ستراتیژیەتە
بکەن، لە راستیدا ئەم ئەرکە قورسە، تەنیا ئەرکی بەشی هەماهەنگی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان نییە.
2. لەبەرهەستیاری
ئەم ئەرکە، هەر لەناو هەرێمدا پێویست بە پێداچوونەوەیەک بە بونیاد و یاسا و رێنمایی
ئەو دامەزراوە حکومیانە بکرێت کە کار لەسەر پرسی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی مەدەنی
دەکەن، بۆ نموونە، فراوانکردنی ئەرکی دەستەی رێکخراوە ناحکومییەکان، لە دەستەیەکی چاودێرەوە
بکرێتە دەستەیەک کە کارئاسانی بۆ ئەو رێکخراوانە بکات کە نوێنەری هاوڵاتیانن لە
بوارێکی گەشەسەندنی تایبەتدا. لێرەدا دەستە دەبێتە لایەنێکی هاوبەش، کە هەم هەموو
بەشدار پێدەکات لە دارشتنی ستراتیژیەتەکەدا، هەم دەبێتە هاوبەشێکی سەرەکی رێکخراوەکان
و میکانیزمی کارەکان پتەو دەکات. سەدای ئەم پرۆژەیە لە نێو کۆمەڵگەدا بەرز دەبێت.
3. دامەزراندنی
دایالۆگێکی سیاسی کراوە لە نێوان دامەزراوە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی. دایالۆگێک کە خزمەتی بیناکردنی کۆڵەکەکانی حکومرانی لە هەرێم دەکات
و ئەرک و بەرپرسیاریەتی پرسی مافی مرۆڤ لە نێوان هەموو لایەک دابەش دەکات. بۆ ئەم
مەبەستەش، گرنگە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستەیەک یان بۆردێک وەک نوێنەرانی
خۆیان بۆ ئەم دایالۆگە هەڵبژێرن بۆ برەودان بەو دایالۆگە. ئاگاداریین کە ئەم کارە
هەروا ئاسان نییە، دامەزراوە رەسمییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن پێشوازی لە نیگەرانی
و داواکارییەکانی، ئەو داواکاریانەی کە رەنگدانەوەی خزمەتی گشتییە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی بکەن و بژاری بکەن لەسەر بنەمای کارامەیی و پێداویستییە دەستنیشانکراوەکانی
نێو ستراتیژیەتەکە.
لەلایەکی دیکەوە، جالاکییەکانی رێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی و پانتایی مافەکانی مرۆڤ تەنیا پرسەکانی ئازادی رادەربرین و رێکارە
ئەمنیییەکان ناگرێتەوە، هەرچەندە ئەمانە زۆر گرنگن، بەڵام دەبێت کاری ئەو رێکخراوانە
فراون بکرێت بەشێویەک هەموو سەکتەرەکانی دیکەی وەک پەروردە، کشتوکاڵ و تەندروستی و
ژینگە.. هتد بگرێتەوە. دەبێت هەموو ئەو دروشمانەی کە بانگەوازی بۆ دەکەن لە رووی عەمەلیییەوە
پشتگیری بکرێن و ئاراستەی سیاسی دروستیان هەبێت.
4. دواتر،
بەشێکی ئەو دایالۆگە، قسەکردنی هاوبەش بێت، واتە پێکەوە، لەگەڵ رێکخراو و کۆنسوڵخانە
بیانییەکان. ئەوان دەتوانن لە دابینکردنی خولی راهێنان هەموو بەشداری پێبکەن “Engagement” تاوەکو
پێکەوە لەسەر یەک پلاتفۆرم گفتوگۆ بکەن، دیمەنە سیاسییەکەی ئێستا ئەوەیە کە هەریەکە
لە دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراو و دامەزراوە بیانییەکان
هەر یەکەیان لە دۆڵێکی جیاوازدان و گوێیان لە سەدای یەکتر نییە. ئەو دایالۆگە دەبێتە
پردی نێوانیان بۆ دارشتن و پیادەکردنی ستراتیژیەتەکە.
5. هەربۆیە گرنگە، لە پاش پەسەندکردنی
بودجە لە عێراقدا، هەرێمی کورسستان یەکێک لە ئەولەویاتەکانی پتەوکردنی پرۆسەی بیناکردنی
ژێرخانی یاسایی و سیاسی سێکتەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دۆسییەی مافەکانی
مرۆڤ بێت، گومانی تێدانییە کە دوو زۆنی خۆی لە خۆیدا بەربەستێکی سەختە لە هێنانەکایەی
ئەو ژێرخان و تێگەیشتنە سیاسییە هاوبەشە کە یارمەتی دەرخستنی یەک شوناسی روون دەدات
بۆ هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، و ئیتر ئەم پرسە نابێتە پاساو
بۆ بەکارهێنانی بە ئاراستەی جیاوازدا.
198 جار خوێندراوەتەوە