پەیوەندی نێوان وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان: چۆن باش بکرێت؟

خوێنەری بەرێز ئەم پرۆژەیە بەشی سێهەمی بەرنامەیەکی فراوانە بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی لە نێو دەزگاکانی حکومەتدا. پێشتر دوو پرۆژەی دیکەمان بەناونیشانەکانی "چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین" و "چالاکردنی ئەنجومەنی پارێزگا و پرۆژەی تواناسازی" بڵاوکردەوە.

ئەم پرۆژەیە سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانە. دوو پرۆژەی دیکەش بە ناونیشانی "میدیا و حکومەت" و "رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی"، بە دوی ئەمەیاندا دێن.
بێگومان ئەو خوێنەری نووسینەکانی ئێمە دەخوێنێتەوە ئاگادارە زۆر لەسەر ئەم وێستگانە تێڕامانمان هەبووە، ئەوەی ئەم جارە جیاوازە، وەک بەشێک لە دەستپێشخەری بەرنامەی گەشەسەندن بە خوێنەر و لایەنی پەیوەندیدار دەناسرێن. دەشێت ئەم پرۆژەیە شیاو بێت بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە بەرنامەی سیاسی بۆ پێش و پاش هەڵبژاردن و کاری فراوانی زیاتری لەسەر بکرێت:

 

کۆپەیامی ستراتیژی پرۆژەکە:

 

پتەوکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە رێگەی دارشتنی نەخشە رێگایەکی نیشتمانییەوە، بۆ نموونە، بۆ پرۆژەیەک لە شارێک تەواو دەبێت و لە شارێکی دیکە تەواو نابێت.
پتەوکردنی ئەم پەیوەندییە یارمەتی دارشتنی پلان و ئامادەکردنی بودجەی شیاو دەبێت بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو ناوچەکان بەبێ جیاواز.
ئەم پرۆژەیە ژێرخانی وەزارەتکان و بەڕێوەبەرایەتییان پتەو دەکات و هەریەکەیان دەستەڵاتی ئەوی دیکە دەزانێت و لێکتێنەگەیشتن لە نێوانیاندا روو نادات.
کارێکی دیکەی گرنگی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار دیدێکی نوێ بۆ کاری کواڵیتی کۆنترۆڵی پرۆژەکان دێنێتە ئاراوە.
هەروەها، زەمینە خۆش دەکات بۆ ناساندنی پرۆژەیەکی خۆماڵی بۆ بەرنامەی تواناسازی.

ئامانجی ستراتیژیەتی پرۆژەکە:

ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە وردکردنەوەی بنەما سەرەکییەکانی لامەرکەزیەت.
ئەم پرۆژەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی سیاسی هەردوو زۆنەکەیە. ئەگەر ناوچەکان لە رووی دەستەڵاتی سیاسییەوە یەک نەگرنەوە، دەکرێت لە رووی تەکنیکی و خزمەتگوزارییەوە نەخشە رێگایەک هەبێت بۆ ئەوەی زۆنەکان ئەوەندە زیاتر لێک دوورنەکەونەوە.
رەنگە پتەوکردنی ئەم پەیوەندییە تەکنیکییە، دید و ئیرادەی سیاسی بگۆڕێت بە جۆرێک کە هەموو ناوچەکان بە هی خۆیان بزان لە رووی بەرپرسیاریەتی سیاسی و یاسایی و نیشتمانییەوە.
ئەم پرۆژەیە یارمەتی پێداچوونەوە بە دەستەڵات و ئەرکی هەر دوولادا دەدات.
ئەم پرۆژەیە شارەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شوناسی هەرێم وەک یەکە یەک پتەو دەکات و یارمەتی دەرچوونی بڕیاری سیاسی دەدات.
ناوەرۆکی پرۆژەکە (بەرنامەی کار):
پێداچوونەوە بە پەیکەر و ئەرک و دەستەڵاتی وەزارەت و بەرێوبەرایەتییەکە، بەمەبەستی چارەسەر.
پێداچوونەوە بە پێداویستی کارگێری و ئیداری هەردوو لا، بە مەبەستی تێگەیشتن لە ئەرکاکان و باشترکردنیان.
پێداچوونەوە بە پێداویستی ناوچەکان بە مەبەستی یارمەتیدانی هەموو ناوچەکان بە یەکسانی.
پێداچوونەوە بە رێکارە ئیداری و دارایییەکانی وەزارەت و بەرێوبەرایەتییە گشتییەکە، بە مەبەستی باشتر بەکارهێنانی بودجە.
کێ سەرپەرشتی پرۆژەکە بکات:
وەزارەتی پلاندانان شیاوترین وەزارەتە کە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی پەیوەندیدار و بەرێوبەرایەتی پەیوەندیدار بکات.
رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی کە پسپۆر بێت لەم کارەدا بکرێتە ئەندام لەم پرۆژەیەدا. ئەم رێکخراوە، نوێنەرایەتی هاوڵاتی دەکات و زیاتر رەوایەتی بە پرۆژەکە دەدات.
بۆردێک یاخود لیژنەیەکی باڵا بۆ ئەم کارە لە هەر چوار لایەنەکە پێکبهێنرێت و دوو هەفتە جارێک کۆببنەوە بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
پرۆژەکە چۆن پیادە بکرێت( میکانیزمی پرۆژەکە):

سەرەتا وەک پرۆژەیەکی نموونەیی دەست بەکار بکرێت.

یەک وەزارەت و یەک بەڕێوەبەرایەتی لە هەردوو شاری دهۆک و سلێمانی وەربگرێت و رەچاوی چالاکییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکە بکرێت.
لیژنەیەکەی زۆر پسپۆر لە هەردوو لا پێکبهێنرێت تەنانەت ئەگەر پسپۆری بیانیشی تێدا بێت بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکە، دەکرێت لەسەر بنەمای گڕیبەست، بۆ ماوەیەکی کورت، دامەزرێنرێن بۆ ئەوەی پێکەوە پرۆژەیەکەی خۆماڵی و لەهەمان کاتدا ستاندەر دارێژن.

یەکەم کاری ئەم لیژنەیە پێداچوونەوە بیت بە هەموو پەیکەر و بودجە و فەرمانبەر و بەرنامەی ساڵانە و گرفتەکان لە هەردوو لا، لە وەزارەت و بەرێوبەرایەتییە گشتییەکە.
رێکخراوە مەدەنییەکە راپرسییەک ئامادە بکات و بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا، را و تێڕوانینی هاوڵاتی لەسەر ئەم پرۆژەیە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بزانن بە مەبەستی دیاریکردنی پێداویستی و ئالەنگەرییەکان.
ئەنجامی ئەم راپرسییە لە کۆتاییدا وەک کۆی کاری لیژنەکە بدرێتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی سپۆنسەری بکات، پاش ئەوەی سەرنج و وتێبینییەکانی خۆی لەسەر پرۆژەکە دەدات.
ئەنجومەنی وەزیران نەخشەرێگایەک بۆ پیادەکردنی ئەم ئامانجە ستراتیژیانە لە رێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە ئامادە بکات.

134 جار خوێندراوەتەوە