چی دەخوێنینەوە؟ چۆن دەخوێنینەوە؟

میدیاوانەکان لە هەفتەی رابردودا، بۆ خۆیان، خەنی ببون، هەر قسەیەکیان بەرگوێ دەکەوت دەستبەجێ دەیانکردە هەواڵ، خۆیان بنەمای هەواڵیان بۆ دروست دەکرد، بێگومان هەمویان نا. بەدواداچون باشە، بەڵام دارشتنی هەواڵیش ستراتیژیەتی خۆی هەیە! بە بڕوای ئەوان، لە رویەکەوە، ئەوان خۆیان بە حاکمی هەواڵ نابینن، دەڵێن با خەڵک خۆیان راڤەی بۆ بکەن! بەندە لەو بڕوایەدایە، ئەم تێگیشتنە پێویستی بەوەیە کە رەهەندی نیشتمانی هەبێت و رەنگدانەوەی کێشە جەوهەرییەکان بێت. دەبێت دارشتنی هەواڵ تێگەیشتنی قوڵ و گەڕان بە دوای زانیاری و ماندوبونی پێوە دیار بێت.

ئەوەی راستی بێت، هەواڵە سیاسییەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردو، کە خەڵکیان هەراسان کرد، ئەوانەی کە پەیوەندیان بە موچە و وزە و دادگای پاریس و راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکی بو، وە کە زیاتر لە سۆشیال میدیا لۆکەڵەکاندا پەخش کران، شێوازی دارشتنییان سەرنجی بۆ ئەو پرسیارەی سەرەوە راکێشام و یادگارێکی کۆنیشی وەبیرهێنامەوە.

ئەو کاتەی کە لە زانکۆ دەمانخوێند، کتێبمان "ئیستنساخ" دەکرد تاوەکو بیخوێنینەوە، ئەو کات زانیاریەکی کەم لە بەردەستماندا هەبو، بەڵام کاتێکی باش بۆ شیکردنەوە هەبو، ئێستا زانیارییەکی زۆر لە بەردەستدایە بەڵام دەبێت لە بێژنگیان بدەیین تاوەکو دەچینە سەر ئەسڵی مەسەلەکە و زۆر کەمتر گرنگی بە شیکردنەوە دەدرێت.

هەواڵەکانی هەفتەی رابردو، پرسیارێکی ریشەیی لای بەندە دروست کرد؛ ئێمە لە ئێستادا وەک کۆمەڵگە چی دەخوێنینەوە و چۆن دەخوێنینەوە؟ لەو بڕوایەدام ئەم پرسیارە کلیل و کرۆکی گەیشتنە بە راستی ناوەرۆکی هەواڵ، ئەگەر عورف و شێوازی ستاندەرد پەیرەو بکرێن.

رۆژێکیان ئەدیبێکی ناسراو، کە هاوڕێمە، پرسیارێکی ئاراستە کردم، وتی ئێستا وەک جاران دەخوێنیتەوە؟ بێ ئەوەی برینداری بکەم یان بە زمانی زبر وەڵام بدەمەوە، وتم با شێوازی پرسیارەکە سەرلەنوێ دارێژینەوە، وتی چۆن، وتم، پێشنیار دەکەم پرسیارەکەی جەنابت بەم شێوەیە بێت: ئیستا چۆن دەخوێنیتەوە؟ لەم شێوازەدا، هەم وەڵامی پرسیاری خۆت دەست دەکەوێت، هەم پرسیارکردنەکە تۆمەتی تێدانییە و دواجار وادەردەکەوێت کە خوازیاری ئەوەی زانیاریت دەست بکەوێت.

بە کورتی وتم، شێوازەکانی خوێندەوە دەکەمە چەند ئاستێک. لە پاش تەمەنێک، دەزانم بەدوای چیدا دەگەرێم و لە کوێ زانیاری متمانەپێکراو دەدۆزمەوە، بۆ نمونە هەندێ سەرچاوەی رۆژنامەوانیم بە زمانی ئینگلیزی هەیە، بەیانیان وەک کولێرەی گەرم دێنە سەر لاپتۆپەکەم و تەلەفۆنەکەم، هەندێکی عەرەبیشم هەیە، بەراوردیان دەکەم تا بزانم لە نێو دێرەکاندا چی جیاوازە. ئاشنای مەرام و مەبەست و کەلتوری نوسینەکان و تەنانەت شێوازەکانی بیرکردنەوە دەبم لە رێگەی شێوازی ئامادەکردن و نوسینی راپۆرت و هەواڵەکان. تێدەگەم بۆ کوێ دەنوسن!

ئەمە ئاستی یەکەمی خوێندنەوەیە و ناوی دەنێم خوێندنەوەی پانۆرامی، واتە گشتگیر کە یارمەتی ئاگاداربون لە ژینگە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکە دەدات. لە یادمە، ساڵانی نەوەدەکان، بۆ نمونە، هەمو یەکشەمەیەک کە جۆرج تەرابیشی رانانی بۆ کتێبێکی فەرەنسی تایبەت لە رۆژنامەی"الحياة" بە درێژای پێنچ ساڵ کرد، هەوڵی زۆرم دەدا بەسەرما تێنەپەرێت و هەمو یەکشەمەیەک لە ژوانی رۆژنامەکەدا بوم.

ئاستی دوەمی خوێندەوە؛ ئەو راپۆرتە گشتییە سەرەکیانەیە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کێشە و کاروباری گشتی بڵاوی دەکەنەوە، ئەمەشیان هەر بەزمانی ئینگلیزییە کە سەرچاوەی سەرەکی بەخشینی زانیاریی بەندەیە و ئاسۆیەکی فراوان وڵا دەکات و تا رادەیەکی زۆر ترس و نیگەرانی لە ناوەرۆکی راپۆرتەکان دەڕەوێنێتەوە. تایبەتمەندێتی راپۆرتەکان و بابەتەکان لە پیشەی چەندان ساڵەمەوە نزیکە هەر بۆیە زۆر زو ئاوێزانی بابەتەکان دەبم و دونیایەک پرسیارم لەلا دروست دەکات و ئەزمونی دەرەوەی بازنە لۆکەڵییەکانی خۆمانم پێ دەڵێت، بۆ نمونە، لامەرکەزیت لە وڵاتانی دیکە چۆن جێبەجێکراوە. نمونەیەکی دیکە، ئەگەر کەسێک ئەزمونێکی چری خوێندنەوە و کاری عەمەلی هەبێت باشتر و بێ لایەنانە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگات. زۆر جار، پێویستمان بە تێگەیشتنێکی کەلتوری و ئیداری و سیاسی هەردو دونیای خۆمان و دەرەوە هەیە بۆ ئەوەی لە مەبەستی ئەو راپۆرتانە تێبگەیین، رەنگە لەو رۆشنبیرانەی کە تا رادەیەکی زۆر لە هەردو دونیاکە تێگەیشتبێتن "جەبرا ئیبراهیم جەبرا و ئەدوارد سەعید و کەمال ئەبودیب و جۆرج تەرابیشی و هاشم ساڵح"بن بێگومان هەرکەسە بە دید و تێڕوانینی خۆی، یاخود ئەو کەسانەبن کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەوتییەکاندا و لە دەزگاکانی کاروباری دەرەکی کاریان کردبێت و لە ئەرکی سەرەکی دەزگاکان شارەزابن.

ئاستی سێهەمی خوێندنەوە، عەوداڵی ئەو کتێبانەم کە خەمی حکومڕانی و دەوڵەتداری و ئیدارەدان و کارگێریی هەڵدەچنن، بەندە، هەمیشە وەک ئەوەی لە ئینزاردابم سەرمەستی شتی نوێم کە دیدێکی "بەدیل" دروست بکات و لە قۆناغی ئیدانە سەرپێییەکان و وتنەوەی "نا" خۆرسکەکان قوتارمان بکات بۆ بیناکردنەوە، نەوەک لە ئاستی هاواری حەقدا بمێنینەوە، بۆ نمونە، تەنها بەس نییە، بڵێی فلان پارتی سیاسی گەندەڵە یان فڵان پارتی سیاسی نەماوە، ئەوەی کە گرنگە، پاش زانینی راستییەکان، چیت پێیە بۆ ئەوەی ئاییندە وەک رابردو لە دەست نەدەیت؟ چۆن دەتوانرێت، کە پانتایییە سیاسیەکان بەرتەسک دەبنەوە یان فراوان دەبن، بە حیکمەتەوە بەکاربهێنرێن، پێم وابێت شێوازی خوێندنەوە و حەوسەڵەی خوێندنەوە و بابەتەکانی خوێندەوە یارمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن دەدەن. بەداخەوە، لە ئێستادا، حەوسەڵە و توانای خوێندنەوەی ١٠٠٠ وشە کەم بۆتەوە، ئەوە باسی کتێب مەکە!

ئاستی چوارەم لە خوێندەوە و گەڕان بە دوای زانیارییدا بە شێوازی سیستماتیکی "ئۆن لاین"ە و بەشداربونە لە کتێبخانە نێودەوڵەتییە ئەلکترۆنییەکان، کە ئەمەش حەوسەڵە و تەکنیکی خوێندنەوەی دەوێت. لێرەدا، راستە زانینی زمانی بیانی گرنگە، بەڵام بەدوای چیدا دەگەرێیت، ئەوە گرنگترە، کەسێکی ناو داعش رەنگە لە ئێمە باشتر ئەو تەکنیکانە بەکاربهێنێت بەڵام بۆ مەبەست و ئایدۆلۆجیایەکی تایبەت دەگەرێت، بە دوای بەڵگەدا دەگەرێت بۆ شەرعیدان بە بڕواکانی خۆی.

پوختەی قسە: هیوادارم، حیکایەتە سیاسییە لۆکەڵییەکانمان، بوار بە میدیاوانەکانمان بدەن ئەو تەکنیکانەی سەرەوە، ئەگەر پێیان شیاوە و سودی هەیە، پەیرەو بکەن، لانی کەم، یارمەتی دۆزینەوەی حەقیقەتی ناو هەواڵ دەدەن.

ئەگەر ئەو هەنگاوانەی سەرەوە پەیرەو بکرێن، باشتر لە روداوە لۆکەڵەکان و ناوخۆییەکانی خۆمان تێدەگەین و باشتر قسە و قسەڵۆکی پرسەکان و کۆفی شۆپەکان و سەرمێزەکان هەڵدەسەنگێنین و بە ئاسانی فڕیو نادرێین و خۆمان لە مێژویەک لە چەواشەگەری و هەڵخەڵەتان و فێڵکردن دەپارێزین.

خاڵێکی دیکەش، لە پرۆسەی خوێندنەوەدا گرنگە؛ خۆمان لە کاریگەری ئەو ئایدۆلۆژیایە بپارێزین کە بڕوامان پێیەتی تاوەکو بێلایەنی و بابەتیبون لە دەست نەدەین، راستە، رەنگە، پاش تەمەنێک، ئەمە کارێکی سەخت بێت. پەیرەکردنی تەکنیکێکی فراوانی خوێندنەوە، پانتایی ئەو ئایدۆلۆژیایە فراوان دەکات کە هەریەکەمان باوەڕمان پێیەتی.

182 جار خوێندراوەتەوە