ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەڕوی
دەستوری و یاسییەوە پێچەوانەی مادەی (140)ـی دەستوری هەمیشەی عێراق نیە، بەتایبەت
لەناوچە کێشە لەسەرەکانی دەرەوەی هەرێم، چونكە ئەم ناوچانە سروشتێكی تایبەتیان
پێدراوە ناكرێت وەك كۆی شوێنەكانی تر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، لە زۆربەی یاساكانی
پەرلەمانی عێراقیشدا ئەم جیاوازی ومامەڵە تایبەتە دەبینین، بەپێی دەستوری عێراق
چەند قۆناغێك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان دیاریكراوە قۆناغە هەرەگرنگەکەی مادەی (140)ـی
تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە ئەویش قۆناغی (تطبیع) ئاسایكردنەوەیە دواتریش سەرژمێری و
لەكۆتایشدا راپرسی، ئەو سەرژمێریەی لە مادەی (140)ـی دەستوردا هاتوە تەواو جیاوازە
لە سەرژمێری گشتی، پاشان لەڕوی یاسایی ودەستوریەوە سەرژمێری گشتی دەرئەنجامەكانی
پشتی پێنابەسترێت بۆ كاریگەریدانان لەسەر مادەی (140) بەتایبەتتر كە حەقلی نەتەوەو
مەزهەب لە سەرژمێریەكەدا نیە، دواتریش بڕیاردراوە لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبون
سەرژمێری تۆمارنەكرێت، بۆ سەرژمێری ئەو ناوچانەش لیژنەكان لەپێكهاتە جیاوازەكان
دروست دەكرێت، راڤەیەكی دادگای فیدراڵیش هەیە پشتراستی ئەم قسانە دەكاتەوە، بەڵام
بێ گومان كاریگەری دەبێت لەروی سیاسی و قوڵایی ستراتیژی وشێوازی ململانێی ئەو
ناوچانە..
ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بەپێی برگەی
(نۆ لە مادەی 110)ـی دەستوری هەمیشەی عێراق لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیە، لەسەر
ئەو بنەمایە حكومەتی عێراق بڕیاریداوە لە (20 و 21)ـی ئەم مانگەدا ئەنجامی بدات
لەسەرتاسەری عێراق، دواین جار كە سەرژمێری ئەنجامدراوە لەساڵی (1997) بوە
لەسەردەمی رژێمی روخاوی سەدام حسێن بەبێ بەشداری شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەدوای
روخانی ڕژێمی بەعسەوە بەتایبەت لە (2003)ـوە زۆر هەوڵدرا بۆ ئەوەی سەرژمێری بكرێت
لە عێراقدا، بەڵام پرسی (نەتەوە_مەزهەب) بونە كێشە و گرێ كوێرەی پرۆسەكە، ئەم
بابەتە تێكەڵاوی ئەجێندای سیاسی وحزبی ونەتەوەی بو، چونكە عێراق دابەش بوە بۆ
(كوردو عەرەبی شیعە و سونە) پاش بێنەو بەرەیەکی زۆر دواجار لەسەردەمی حكومەتی
سودانی بریاریاردا کە پرسی خانەی نەتەوەو مەزهەب لاببەن و پرۆسەکە تەنها رەهەندێکی
زانستی و مرۆیی هەبێت بۆ گەشەپێدان، بەتەواوی دابڕاو بکرێت لە بەکارهێنانی سیاسی، حكومەتی
هەرێمی كودستانیش راوسەرنجی داوەتە حكومەتی عێراق و بۆتە بەشێكی پرۆسەكە..
ئەنجامدانی سەرژمێری بۆ هەمو وڵاتێك
بەگشتی و بەتایبەت بۆ عێراق سودی زۆرە و بۆ هەرێمی كوردستانیش گرنگی خۆی هەیە
لەروی (دیاریكردنی بەشە بودجەی پارێزگاكان وهەرێمی كوردستان بەشێوەی دادپەروەرانە
بۆ پشكی ئابوری ودارایی لەهەمو پێداویستی بوارە جۆراو جۆرەكان، بۆ پرسی دیاریكردنی
كورسی پەرلەمانی عێراق و بۆ پرسی گەشەی كۆمەڵگا و ژمارەی نەسەمەی عێراق كە پەیامی
سیاسی و ئابوری و سەرباری وكۆمەڵایەتی تێدا دەبێت).
289 جار خوێندراوەتەوە