‎چارەسەری راستەقینە لە هەرێمی كوردستانە نەك لە بەغدا

بارودۆخی سەختی دارایی و خراپی جوڵەی بازاڕ و هەژاری و بێ موچەیی پڕستی لە خەڵک بڕیوە، لەهەمانكاتدا گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكان و ناشەفافی نەوت لە لوتكەدایە، هەنگاوەكانی چاكسازی كیسەڵ ئاسا دەڕۆن لەلایەن حكومەتی هەرێم، بۆیە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی هاوڵاتیان و فەرمانبەران  رەواییەتی راستەقینەیان هەیە، حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە تاوانباركردنی حكومەتی عیراق بە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، پشكی شێری كیشەكان پەیوەیست دەكەن بە حكومەتی فیدراڵی، هەرچەندە رێكەوتن كراوە حكومەتی هەرێمیش پابەندی جێبەجیكردنی نەبوە، بەڵام لەگەڵیدا بەغدادیش هەڵە و كەمتەرخەمی نواندوە دەرهەق بەهاوڵاتیانی هەرێم.

هەڵواسینی سەرجەم كیشە و هۆكاری نەهامەتی خەڵك و رێگە چارەكان تەنها بە حكومەتی عێراقی، خۆلادانە لە ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە،هێشتنەوەی دۆخی  گەندەڵی وقاچاخچیتی دەروازەی سنوری وگەندەڵیەكانی گرێبەستی نەوتە.

راستە رێكەوتن لە بەغدا هەنگاوێكی گرنگ و پیویستە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین حكومەتی عیراقیش بەپێی هەمو پێشبینیەك ساڵى (2021) روبەڕوی قەیرانی سەختی گەورەی دارایی دەبێتەوە، بەلام  گەر دەست نەبەین بۆ چاكسازی راستەقینە لە موچەو دەرماڵە و ریكخستنەوەی خانەنیشینی و رێگری  نەكەین لەگەندەڵی هەمەجۆر و بەهەدەردانی داهاتی وڵات و قاچاغچیتی و داهاتی نەوت، دۆخی داراییی و سیاسی هەرێم رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت.

بۆیە چارەسەری ریشەیی كیشەكانی ئێمە لە ناوخۆی كوردستانە كە تائیستا ئیرادە و ویستى جدی نیە بۆ هەنگاونان بە ئاراستەى چاکسازى راستەقینە، لە هەموو بارێكدا رێککەوتن لەگەڵ عێراق و ئامادەیی دەربڕین بۆ رادەستکردنی (250) ھەزار بەرمیل و (50%)ى داھاتە فیدڕاڵییەکان و شەركردن بۆ بودجەی (2021) لە پەرلەمانى عیراق رێگە دروستەكەیە شانبەشانی كردار و هەنگاوی گەورەی چاكسازی لە هەرێمدا بەئامانجی زیادكردنی داهاتی گشتی تا بەوهۆیەوە بتوانین چارەسەر بۆ پرسی موچە و پرۆژەی ئاوەدانی و وەبەرهێنانی هەرێم بكەین

862 جار خوێندراوەتەوە