پرسی لامەركەزیەت (دابەشكردن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لە
پایتەختەوه بۆ پارێزگا، قەزا و ناحیەكان) كە هەموو دەسەڵات و بڕیارێك چڕبۆتەوه لە دەستی
سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان ناوبەناو ئەم
پرسە دەوروژێنرێت لەلایەن هێزی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن، كەسانی حیزبی و رۆشنبیر
هەریەكەو بۆ مەبەستێكی دیاریكراو بەڵام پرۆژەی بەدیل و رێگە چارە دروست و میكانزمەكان
ناخەنەروو، لامەركەزیەت لە كوردستان لە قۆناغی زۆر سەرەتایایە، هەتا ئەم ساتەش ئەم
چەمكە وەك سیستەمێكی بەڕێوەبردن و حكومرانی مقبول و خۆشەویست نیە لەلایەن یەكێتی و
پارتی، لەكاتێكدا لەوڵاتانی پیشكەوتوو سیستەمێكی دادپەروەر و سەردەمیانە ی ئیدارەدانی
وڵاتە بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان بەبێ سەرئێشەی گەڕانەوە بۆ
لایەنی سەروتر.
ئەم پرسە زۆر قسە و گفتوگۆ و نووسین هەڵدەگرێت بەڵام لە روانگەی یاسایی زۆر بە كورتی
ئێمە چەند هەنگاو و جوڵەیەكمان دەوێت لە هەموار و دەرچواندنی چەندین یاسا و دەركردنی
چەند بڕیارێك، كە پەیوەندی راستەوخۆ و كاریگەریان هەیە بە جۆری سیستەمی كارگێڕیەوە بۆ شۆڕكردنەوه و پێدانی دەسەڵات
و دەست كردنەوەی پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوەربەری ناحیە و سەرۆكی فەرمانگەكان، دیارترینیان:
۱_هەمواری یاسای
پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان ژمارە ۳ سالی ۲٠٠۹.
۲_هەمواری یاسای
ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۲ساڵی ۱۹۹۲ هەمواركراو.
۳_هەمواری یاسای
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ژمارە ٦ سالی ۲٠٠۹.
٤_هەمواری یاسای
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی
كوردستان ژمارە ٥ ساڵی ۲٠۱٠.
٤_هەمواركردنی یاسای
بەڕێوەربردنی شارەوانیەكان ژمارە ٦ ساڵی ۱۹۹۲ی المعدل ،.
٥_دەرچواندنی یاسای
بودجە بە جۆرێك هەر پارێزگایە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارەی بۆ دەستنیشان
بكرێت، بەدەر لەو بڕە پارەیەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵ بۆ گەشەپێدانی هەرێم دەنێریت
لەوەش دەستنیشان بكرێت.
٦_دەركردنی بڕیار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانیەكان، چونكە بەپێی مادەی ۳٥ ی یاسای پارێزگاکان
هەڵبژاردن نەماوە بۆ ئەنجومەنی شارەوانی بەڵكو بە میكانزمی نوێ پێك دەهێنرین.
۷_سەربەخۆی دارایی
و كارگێڕی بدرێتە سەرۆكی یەكە كارگێرییەكان لە نمونەی پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوبەری
ناحیە و بەڕێوبەرە گشتییەكان.
۸_شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لەلایەن حكومەت و وەزیری ناوخۆ بۆ سەرۆكی یەكە
كارگێڕییەكان بۆ هەندێك بواری تایبەتی رۆتینی رۆژانە بەبێ گەڕانەوه بۆ پایتەخت، شۆڕكردنەوی دەسەڵاتی وەزیرەكان بۆ بەڕێوبەری
گشتییەكانی پارێزگاكان، بەپێیی تایبەتمەندییان.
۹_دەرچواندنی یاسا
و بڕیار بۆ سودمەندبوونی راستەوخۆی ئەو پارێزگا، قەزا و ناحیانەی كە سەرچاوە سروشتییەكانی
وەك نەوت، غاز و پێكهاتەكانی تری تێدایە. ناكرێت دەبن سەرچاوەی داهاتی گشتی بەبێ رەچاوكردن
و گرنگی پێدانیان هەریەكە و بەپێی سروشتی خۆی و ژمارەی دانیشتوانی.
۱٠_ھەموارکردنەوەی
سەرجەم یاسای ئەو وەزارەتانەی کە کاری وەزارەتەکەیان مۆرکێکی خزمەتگوزاری« خدمی»یان
ھەیە، کە لە رابردوودا بە نەفەسێکی مەرکەزی
دەرچون و زۆربەی مادەکانیان پێچەوانەی یاسای ژمارە ٣ ی پارێزگاکانی ھەرێمە.
بۆیە گرنگە بە
تایبەت گۆڕان و یە كێتی لە پێناو گەڕانەوەی دەسەڵات و داهات بۆ پارێزگاكان و نه هێشتنی ناعەدالەتی جوگراف، خەمی هاوڵاتیانی
دەڤەرەكانی خۆیان بێت و كاری جدی لەسەر ئەمە بكەن.
تێبینی: لامەركەزی هیچ پەیوەندی بە دوو ئیدارەی نیە.
1112 جار خوێندراوەتەوە