وەڵامى نابەرپرسیارانەى حکومەتى هەرێم بۆ راپۆرتەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا

تەواوی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەندە راستە  وردە، هیچ نکۆڵی و وەڵامدانەوەیەك هەڵناگرێت، دەكرێت بڵێن خاترگرتنیشی تێدایە، چونکە دۆخی خەڵك وهاوڵاتیان خراپترە لەوەی وێناكراوە، سیستەمی حكومڕانی داتەپیوە بەدەست حیزبی چەكدارەوە، گەندەڵی گەشتۆتە لوتكەی باڵای خۆی، هیچ مانایەك بۆ دامەزراوەكان نەماوە، بەهەموو پێوەرێك بەم مامەڵەو عەقڵیەتەی ئێستا ئەم كاستە سیاسیە هەرێمان لە لێواری روخان نزیكردۆتەوە، حكومەتی هەرێم لەبری ئەوەی خۆیی بێدەنگ بكات وهەنگاوبنێت بۆ نەهێشتن ولادانی ئەو خاڵانەی مایەی ڕەخنەن و نیگەرانى دونیاى دەرەوەن، لەڕێگەی نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان كە نوسینگەيەكی زیادەو بێ بەرهەمە و پێویستە دابخرێت، وەڵامێكی نابەرپرسیارانە و زبروتوندی راپۆرتەكە دەدەنەوە.

بێ ئاگان لەوەی ئەم راپۆرتە هەمان راپۆرتەكانی رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ نین، ئەمە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی یەكێك لەگەورەترین وڵاتی دنیایە كە ئەمەریكایە، پێدەچێت لەیادیان چوبێت هەر ئەمەریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بوە رۆڵیان هەبوە لە دروستكردنی قەوارەی هەرێم و پارستنییدا، كە تائەم ساتەش هاوكاری مادی و لۆجستی وسەربازی دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە.

راستە لەرابردودا دۆخی ئیقلیمی وڵاتانی نێودەوڵەتی زۆر پارێزگاری و پاساوی دەهێنایەوە بۆ هێزەكانی دەسەڵات، بەڵام دەتوانین بڵین قۆناغێكی نوێ دەستی پیێكردوە، قۆناغێك نەك تەنها لەكۆبونەوەی فەرمیدا پێیان وتراوە کە بێزاربون لەم سیاسەتەیان، ئێستا بە ئاشكرا لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و لە بارەگای نەتەوەیەكگرتوەكان باسی خراپی حكومرانیمان دەكرێت، بۆیە ئەم راپۆرتە پەیامی گەورەی تێدایە، راستە تا هەنوكەش مامەڵە و كۆبونەوە لەگەڵ ئەم هێزانە دەكرێت، بەڵام راپۆرت و بۆچونی فەرمیان زۆر گۆڕاوە، گرنگە هیزەكانی بەدیل و موعارەزە بەجدی لەم پەیامە گەشتبن.

590 جار خوێندراوەتەوە