پرۆژەی روناكی و نەبونی مەرجە یاساییەکانی وەزارەتی کارەبا

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاریداوە بەدابینكردنی كارەبای (24) كاتژمێری بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەژێر ناوی (پرۆژەی ڕوناكی) هەرچەندە ئەم بریارە زۆر درەنگ وەختە و دەبو زوتر هەوڵی چارەسەری كێشەی كارەبا بكرێت، بەڵام هەر جێگەی دەستخۆشیە، ئێمە دژی دابینكردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان نین بۆ هاوڵاتیان، بەڵام پرۆژەی روناكی بەو شێوەیەی حكومەت پلانی بۆداناوە كێشەی تێدایەو مەترسی هەیە بۆ زیاتر خراپكردنی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان، چونکە ئەو بڕە پارەیەی دیاریكراوە بۆ پرۆژەكە بۆ هەر كیلۆواتێك سەرو (150) دینارە، لەكاتێكدا كرێی كارەبای حكومی بۆ ماڵ وشوێنی نیشتەجیبون بریتیە لە (18) دینار، سەرباری ئەوەی  ئەم زیادكردنە بەشێوەی زانستی و تصاعدی زیادی نەكردوە و بنەمایەكی لۆژیكی نیە، لەڕوانگەی یاسایشەوە گرفتی تێدایە، چونکە بەپێی بڕگەی (4 لە ماددەی 4) لە یاسایی وەزارەتی كارەبا ژمارە (6ـی ساڵی 2021) پەرلەمانی كوردستان سێ مەرج پێویستە لەكاتی زیادكردنی كرێی كارەبا كە پێویستە رەچاو بكرێن كە بریتین لە:

یەكەم: گۆرانكاری لەباردۆخ وتێچویی كارەبا

دوەم: بژێوی هاوڵاتیان

سێیەم: ئابوری هەرێم

لێرەدا بەسەرنجدان لە واقیعی ئێستای هەرێمی كوردستان، گەر گۆرانكارییش روبدات لەتێچوی كارەبا بەهۆی پرۆژەی روناكیەوە بەوشێوەیە نیە بەو بڕە زۆرە زیاد بكرێت، هەروەها ژیانی هاوڵاتیان و ئابوری هەرێم ئەوەندە باش وسەقامگیر نیە هاوكاری ئەم زیادكردن بێت دۆخی خەڵكیش لەو پەڕی خراپیدایە، گەر هەر نیەت و ویستان بوە زیادبكرێت با لەسەر بنەمای لۆژیك و زانست و باروگوزەرانی خەڵك بێت، راستە نرخی كارەبا رێكخستنەوەی پێویستە، چونکە تێچوی زۆرە، بەڵام بەم شێواز و فۆرمەی ئێستا گونجاونیە، بەداخەوە لەرابردودا هەر شتێك حكومەت ویستبێتی جێبەجێی بكات بۆی چۆتە سەرو تێپەریوە، بەهۆی ئەوەی خەڵك و هاوڵاتی بۆ مافی خۆی ئامادەی فشار و رەخنەو هەوڵ نیە بۆ وەستاندنی ئەم بەرنامانەی حكومەت، بۆیە پێویستە داواكاری گشتی رۆڵی هەبێت لەم پرسانەدا، ئەركی هاوڵاتیانیشە هەمو رێگەیەكی مەدەنی ویاسایی و فشار دروست بكەن تاوەكو پێداچونەوە بەم نرخانەدا بكرێت بەشێوەیەك رەچاوی گوزەرانی خەڵكی تێدا بكرێت...

203 جار خوێندراوەتەوە