بەژمارە... بێباكی حكومەت و حزبەكانی دەسەڵات لەبەرامبەر داتەپینی ژێرخانی ئابوری سلێمانی

تەنها سەرنج بدەن له‌ ساڵی 2022 له‌ پارێزگای سلێمانی 519 كارگه‌ داخراون، 146 پرۆژه‌ی پیشه‌سازیی پرۆژه‌كانیان هه‌ڵوه‌شاندووەته‌وه‌، 663 نووسینگه‌ی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زه‌وی داخراون، 82 پێشه‌نگەی ئۆتۆمبێل نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان رەتكردووەته‌وه‌ (ئه‌وانیش دوای ته‌واوبوونی مۆڵه‌ته‌كانیان دایده‌خه‌ن).


 به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه‌ و چێشتخانه‌كان ته‌نیا له‌ ئه‌مساڵدا 75 هۆتێل و مۆتێل و شوێنی گه‌شتیاری داخراون، سەرباری پاكتاوكردن 300 كۆمپانیای نێوخۆیی لە سالی 2022. ئه‌م ئامارانه‌ له‌ راپۆرتێكی تەلەفزێونێكی دیاریی كوردستان له‌ ژێر ناونیشانی (2022 ساڵێكی دڵخواز نه‌بوو بۆ خاوه‌ن كۆمپانیا و كارگه‌كانی سلێمانی) بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

ئەوەی زەرەیەك ویژدان وهەستی بەرپرسیاریەتی تێدابێت لەكاربەدەستان و حیزبە باڵادەستەكان ولاحكومەتی هەرێم، دەبێت ئەم داتایانە رایچەڵەكێنێت، چونکە ئەوەندە شكۆهێنەرومەترسیدارن.

ئەم ژمارانە تەنها مانای داتەپینی سێكتەری بازرگانی و پیشەسازی و جوڵەی بازاری دەڤەری سلێمانی دەگەیەنێت، داخستنی ئەو شوێنانە واتا برین و بێ كاربونی هەزاران خانەوادە،ئیستادۆخی خەڵك وموچەخۆران لە كوردستان خراپە بەگشتی بەهۆیی بەرزبونەوەی نرخی دۆلاروكۆیی كەلوپەل وخۆراك، ئیستا موچەش بەشی ژیانێكی گونجاو ناكات، بەلام هاولاتیان سلێمانی بەهەمو مانایەك گەمارۆدراون لەرویی ئابوری وداهاتی تاكەكەسی ژیانێكی یەكجار سەخت بەڕێدەكەن..

حكومەتی هەرێم لەكوێی باشكردنی ژیانی خەلك وخەمی وێرانەبونی سێكتەرەكاندایە؟؟
ئەم كابینەی حكومەت لە زۆر بوار و سێكتەردا فەشەلی راستەقینەی هێناوە، دۆخی كارەباورێگەوبان ونەدانی نەوت و بەرزبونەوەی غازوكۆیی خۆراك زیندوترین نمونەن لەم زستانە ساردەدا،تێڕوانینی حكومه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستاندا تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌یه‌ به‌وه‌ی هه‌موو سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بتوانێت بەهەر شێوازونرخێك بێت مووچه‌ بۆ مووچه‌خۆره‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات گرنگ نیە ژین وگوزەرانی خەڵك چیلێدێت، له‌كاتێكدا كه‌متر له‌ 20%ی خه‌ڵكی كوردستان موچه‌خۆرن. ره‌خساندنی زه‌مینه‌ و ده‌رفه‌تی كار بۆ به‌شه‌ زۆره‌كه‌ی كۆمه‌ڵگە، ده‌بێت له‌پێشتر بێت، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی كاسبكار و خاوه‌ن كاره‌كان "حكومه‌ت ده‌یانڕوتێنێته‌وه‌" بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران،حكومەتی هەرێم  پێویستە زۆر بەگرنگی لەم پرسە بروانێت بەتایبەت ئەو بواری پیشەسازی وبازرگانیانەی ژێرخانی ئابوری بەهێز دەكەن وهەلی كار دەرەخسێنن،دەبێت یارمەتی وكارئاسانیان بۆبکات،بەلام بەداخەوە نەك كارئاسانیان نەكردوە بگرە رێكاره‌كانی حكومه‌ت بۆتە‌ هۆكار بۆ داخستنیان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سلێمانی ده‌یبینین.ئەمەش دەرئەنجامەكەی كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆی ئەم سنورەوبرسیكردنیەتی..

پارتی ئەوەی پەیرەوەی دەكات دوو ئیدارەیە لەحكومەتدا و مامەڵەی دادپەروەرانە و یەكسان ناکات لە نێوان پارێزگاكان و بۆی گرنگ نیە ناوچەی سلیمانی چیی بەسەردێت،بەلام خەمە گەورەكە بۆ یەكێتی بەپلەی یەكەم وبزوتنەوەی گۆرانە چەندە بێ خەم وبێ باكانە وبێ پلان ودەستەوەستان  لەدۆخی ئێستای ناوچە سلێمانی وبارگرانی و خراپی گوزەرانی خەڵكەكەی..

لەكۆتایدا ئەوەی گرنگە بوترێت قسەكردن لەسەر دۆخی سلیمانی مانای تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەی نیە،ناشكرێت هیچ هێزێك قەلس بێت بە پیشاندانی راستیەكان وناشبێت هەندێك هێزی تریش شاگەشكە بن بەو دۆخە خراپەی سلێمانی تەنها بۆ ئەوەی بلێن ئیوەی حیزبی فەرمانرەوای ئەم ناوچەیە شكستیان هێناوە لە ئیدارەدان لەكاتێكدا خەلكەكەی ودانیشتوانی زەرەرمەندنی یەكەمن.
چۆمان محمد

217 جار خوێندراوەتەوە