ئایا بەغدا دەتوانێت کۆتایی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بهێنێت؟

قەوارەی هەرێمێی كوردستان بەپێی دەستوری هەمیشەی عێراق، هەرێمێكی فیدڕاڵیە و دانیپێدانراوە.

چونکە زۆر ماددە و بڕگە هەن دەسەڵات و دامەزراوەكان و یاساكانی بەدەستوری داناوە، بۆیە تا ئەو ساتەی ئەم دەستورە بمێنێتەوە با جێبەجێش نەكرێت ئەوا دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەرێم بدات بۆ ئەمەش بڕیاری پێشوەختەی دادگای فیدراڵیش لەم بارەیەوە هەیە، هەرچەندە هەوڵ و بەرنامەیەك هەیە لە عێراقەوە هەمواری دەستوری عێراق بكرێت ئەمەش ئاسان نیە و چەند زەمانەتێک هەیە بۆ پاراستنی هەرێم، بەڵام لەبەرامبەر ئەم راستیەدا پێشبینی كراوە پێگە و دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستوریی ئیداریی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازبون و پوكانەوە بچێت تا هەرێمەكە وەك قەوارەیەك تەنها قاوغێكی بمێنێتەوە و بیرۆكەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی ناوەند لەگەڵ پارێزگاش لە پرسە جیاوازەكان با ئاوا بمێنێت جارێ.

 

راستە دەزانین تێڕوانینێکی زاڵ هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بۆ بەهێزبونەوەی مەركەز و بەغداد،دەشزانین عەقڵیەت و تێڕوانینی عێراق و هێزە عێراقیەكانیش بۆ هەرێم و كورد چۆنە، بەڵام جیاوازی و ناكۆكی نێوان حیزبەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی شێوازی ئیدارە و حکومڕانی و ئەو واقیعەی ئێستا لە هەرێم هەیە، هاوكار و ئاسانكارە بۆ زیاتر مەترسی كەوتنە سەر قەوارەكە، بەواتایەكی تر ‎تاکە ڕێگای لاوازبون و هەڵوەشانەوەی هەرێم یاسایی نیە، سیاسیە، ئەویش گەندەڵی حکومەتی هەرێم و ناکۆکی قوڵی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بێ منەتی و حساب بۆنەكردنی ژیانی خەڵكە كە ئەمانش دەرگا لەبەردەم ئەو ئەگەرە واڵا دەکات.

 

ئەم دۆخە ئاوا بەردەوام بێت چەندین كارتی تر گریمانەی دەست بۆ بردنیان هەیە لە نێو دادگای فیدڕاڵی و دامەزراوە جیاوازەكانی تری عێراق لە نمونەی (پرسی دەروازە سنوریەكان و گومرگ و پرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بەم شێوەی ئێستا و پرسی پیشمەرگە و دەزگا هەواڵگرییەکان (الاستخبارات)، ئەنجومەنی شارەوانیەكان، پرسی دەسەڵاتەکانی كاڕبەرێکەری حكومەتی هەرێم گەر هەڵبژاردن بەزووی ئەنجام نەدرێت، پرسی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی عێراق و بابەتی دەستبردن بۆ زۆر ماددە و بڕگەی یاسا جۆراو جۆركانی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30 ساڵی ڕابردو دەرچوێنراوە لە هەرێم) وەك چۆن لەرابردوودا هەرێمی كوردستان پرسی نەوت و سەرچاوەی داهاتی لەدەستداوە، ئێستاش سەرپەرشتیكردنی هەلبژاردنەكانی هەرێمیش لەدەستی بەغدادایە.

269 جار خوێندراوەتەوە