پڕۆژە یاسای (ڕێكخستنی ئامێرەكانی چاودێریكردن لە هەرێمی كوردستان) پڕۆژەیەكی
یەكجار مەترسیدار، هەنگاونانە بۆ بونە حكومەتێكی پۆلیسی.
حكومەتی هەرێم لەرێگەی
وەزارەتی ناوخۆوە پڕۆژە یاسایەكی ئامادەكردوە بۆ رێكخستنی ئامێرەكانی چاودێریكردن
لە هەرێمی كوردستان، ئەم پڕۆژەیە رای ئەنجومەنی شورای لەسەر وەرگیراوە و ئێستا لە
ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ بڕیاردان لەسەری تاوەكو رەوانەی پەرلەمان بكرێت بۆ دەرچواندنی،
ناواخانی پڕۆژەكە بۆ رێكخستنی كاروباری ئامێرەكانی چاودێریكردن و كۆمپانیاكانی فرۆشتنی
وهێنانی ئامێری چاودێریەكانە، دەرچواندنی یاسایەكی لەم چەشنە بۆ ئیدارەدان و چاودێری
و رێكخستنی ئاساییە بەڵام ئەوەی كێشەیە و مایەی مەترسیە، ناوەڕۆكی پڕۆژەكە چەند بڕگە
و مادەیەكی تێدایە مەترسی یەكجار گەورەی هەیە لەسەر بنەماكانی ئازادیەكان و هەنگاونان
بۆ حكومەتێكی پۆلیسی و لەڕێگەی كامێرەكانی چاودێریەوە ئاگاداری جوڵە و كردارەكانی تاك
بە تاكی کۆمەڵگابن بە جوڵە تایبەتیەكانەوە كە مایەی مەترسین، گرنگترین تێبینی و مەترسیەكان
بریتین لە:
1-بەپێی مادەی ٤ پڕۆژەكە وەزارەتی ناوخۆ بۆی هەیە كۆی كامێراكانی چاودێری دەرەوەی شوێنە گشتیەكان ببەستێتەوە بە سیستەمی كامێراكانی وەزارەت، ئەم بڕگەیە سەربای ئەوەی پێچەوانەی (ماددەی /١٧ ـــ ثانيا) لە دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا، چونکە دەرەوەی شوێنی گشتی، شوێنە تایبەتیەكان دەگرێتەوە كە ناكرێت كامێرای چاودێریان پەیوەست بكرێت بە سیستەمی چاودێری وەزارەت.
2-بەگوێرەی مادەی ٦، پڕۆژەكە دامەزراوەو شوێنەكان بەرەزامەندی وەزارەتی
ناوخۆ دەتوانن (هەر رەفتارێك) لەگواستنەوە یان تۆماركردنەوە یان لەبەرگرتنەوە بەتۆمارەكانەوە
بكەن، لەكاتێكدا ئەمە بەرتەسك كردنەوەی ئازادی فەرمانگە و شوێن و دامەزراوەكان
(المنشات)ە كەبەبێ رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ ناتوانن هیچ كارێك بەو ئامێر و كامێرانەوە
بكەن تەنانەت لەبەرگرتنەوەی تۆمارەكانیش، لەكاتێكدا بڕگەی (ب)ی هەمان ماددە دەڵێت
شوێن و دامەزراوەكان تەنها بەرەزامەندی دادگا دەتوانن ناردن یان بڵاوەكردنەوە یان
هەركارێكی تر بەتۆمارەكانەوە بكەن، جێگیركردنی ئەم بڕگەیە تەواو نایاساییە و بەتاوانیشی
داناوە گەر بسڕێتەوە و دەستكاری بكرێت، وە ئەم مادەیە وادەكات هیچ شوێن و دامەزراوەیەك خاوەنی رەفتاركردنی
كامێرای چاودێریكردن نەبێت، بەتایبەت كە لە پێناسەی شوێن و دامەزراوەكاندا دەسەڵاتی
داوە بەوەزیری ناوخۆ ئەوشوێن و دامەزراوانە دیاریبكات، كە ئەم پێناسەیە دەیانگرێتەوە.
3-تایبەت بەخشتەی رسوماتەكانی هاوپێچی پڕۆژە یاساكە، رسوماتەكان بەگشتی زۆرن بەتایبەت نوێكردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەی كۆمپانیاكانی هاوردەكردن، وە نوێكردنەوەی مۆڵەتی كۆمپانیای فرۆشتنی ئامێرەكانی چاودێری، لەگەڵ ئەوانەشدا رسوماتی كارگێڕی بۆ تۆماركردن، ئەم بڕە پارانە یەكجار زۆرن و هیچ پێویست نەبو دابنرێت و بسەپێنرێت، چونكە كۆمپانیا هاوردەكردن و چاكردنەوە خۆی پابەندە بەباجی كۆمپانیا و رەسمی هاوردەكردن لە وەزارەتی دارایی و بازرگانی بۆ دیسان دەبێت بۆ یەك چالاكی لەدو شوێنەوە پارە بدات ئەمە بارگرانی دروست دەكات بۆ كۆمپانیاكان و تەنها دادۆشینی كەرتی تایبەتە.
4-سەرباری ئەوەی رەوشی ئاسایش لەناوچەكانی تری عێراق لەهەرێمی كوردستان ناسەقامگیرترە، بەڵام بەهۆی هەستیاری ئەم بابەتەوە تاكو ئێستا یاسایەكی لەم چەشنە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرنەچوە.
لەكۆتایدا ئەوەی
گرنگە بوترێت ئێمە دژی دەرچواندنی یاسایەك نین بۆ رێكخستنی ئامێرەكانی چاودێری، بەڵام
لەسەر حسابی بەرتەسكردنەوەی ئازادیەكان نەبێت، پێویستە هەم وەزیرەكان و پەرلەمانتاران
ئاگاداری ئەم بابەتە بن .
چۆمان محمد
1051 جار خوێندراوەتەوە