بەپێی دەقەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی (2005) دەسەڵاتی یاسادان پێك
دێت لە ئەنجومەنی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بە هەردوکیان دەبنە (السلطە التشریعیە)،
وەک لە ماددەی (48) ئاماژەی پێدراوە.
هەروەها بەپێی ماددەی (65)ـی دەستور ئەنجومەنێكى ياسادانان پێكدەهێنرێت كە
بە (ئەنجومەنى فيدراڵى) ناودەبرێت، نوێنەرانى
هەرێم و ئەو پارێزگايانە لە خۆدەگرێت كە ناكەونە سنورى هيچ هەرێمێكەوە، پێكهاتەو مەرجەكانى
ئەندامێتى و بوارى تايبەتمەندێتى ئەم ئەنجومەنەو هەرچى پەيوەنديدارە بەم بوارەوە بە
ياسا ڕێكدەخرێت بە زۆرينەى دو لە سێى (3/2) دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.
دوای زیاتر لە (20) ساڵ ئێستا پرۆژە یاساکەی ئەنجومەنی فیدراڵی لەلایە سەرۆكایەتی
كۆمارەوە ئامادەكراوەو خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی خوێندنەوەی
یەکەمی بۆ بکرێت..
دەرچواندنی ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهاتەی كورد زۆر گرنگە،
چونکە یەكێك لە پایەكانی سیستەمی فیدراڵی بونی ئەم دو ئەنجومەنەیە، بۆیە دروستكردنی
ئەنجومەنی فیدراڵی بۆ پاراستنی ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێم وپێكهاتەی كورد لەنێو دەستوری
هەمیشەی عێراق، رێگریەكی باشە بۆ سەپاندنی هەژمون گەرایی و بەكاروهێنانی چەمكی زۆرینە،
دەشتوانرێت ببێتە لەمپەرێكی باش و دەورێكی كاریگەری هەبێت لەئاراستەكردن و گۆڕینی
هاوكێشەی حوکمڕانی وململانێی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەكان وپێكهاتەكانی عێراق..
بەسەرنجدان لەو دەسەڵاتانەی كە پێشنیاركراوە بدرێتە ئەنجومەنی فیدراڵی ئەركی
زۆر گرنگی تێدایە بەتایبەت دەبێتە فلتەرێكی باش بۆ ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی عێراق
دەردەچن، چونكە توانای رەتكردنەوەی یاسای هەیە و بیگێریتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق، هەروەها
پێشنیاری پێدانی دەسەڵات بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی مافی هەرێمەكان لەنوێنەرایەتیكردنی
دادپەروەرانە لە كۆی دامەزراوەو دەزگا فەرمیەكان..
بۆیە زۆر گرنگە وئەركی نوێنەرانی كوردە لە بەغداد بەگرنگیەوە لەم پرسە بڕوانن،
چونکە خواستی هەموان بوە و بەرنامەی هەڵبژاردنی كۆی لایەنە سیاسیەكان بوە لە كاتی
بانگەشەی هەڵبژاردن، گەر بەوردی و بەیەك ئاراستەی نیشتمانی ئامادەكاری بكەن بۆچونەكان
یەك بخەن ئەم ئەنجومەنە سودی بۆ كوردو هەرێمی كوردستان دەبێت، گەشتە سەر ئەوەی چی
پێویستە و گرنگە لە پرۆژەكەدا هەبێت بۆچون وپێشنیاری باش هەن بۆ گفتوگۆ كردن..
71 جار خوێندراوەتەوە