تۆش بیزانە... شەفافیەتی راستەقینە چۆن دێتەدی؟

راگەیاندنی پرۆژەی شەفافیەت بۆ زۆنی سلێمانی هەنگاوێكی باش و گرنگە، ئەوەش بۆ دوبارە هەوڵدان بۆگێڕانەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات، بەڵام لەڕاستیدا بێمتمانەیى خەڵك گەشتۆتە ئاستێكی ئەوەندە بەرز ئاسان نیە جارێکى دیکە بەم جوڵانە باوەڕ بکات. بۆیە ئەگەر دەمانەوێت كارە ڕاستە كاریگەرەكە ئەنجام بدەین بۆ پرسی شەفافیەت، رۆح وكرۆكی شەفافیەت بریتییەلە:

یەکەم، لە دەرچواندنی یاسایی بودجە دەست پێبکەین، بەداخەوە دوو كابینەی حكومەتە زۆر بەتاریكی و ناشەفافی و بەبێ یاساى بودجە ئیدارەى سیاسەتى دارایى دەدات.

دووەم، جێبەجێكردنی یاسایی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی بۆ رۆژنامەنوسان و توێژەران و هاوڵاتیان كە تائێستا ئەم دەسەڵاتە باوەری بە تەنفیذی یاساكە نیە و داتا و ژمارەکان بە ناڕونى مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

سێسەم، رۆحی شەفافیەت بریتیە لەدروستكردنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، لەكاتێكدا یاسای تایبەتمەدی لەپەرلەمان بۆ دەرچووە، دیسان ئەم حكومەتە لەبری ئەوەی بێن سندوقی داهاتە نەوتییەكان دروست بكەن بۆ شەفافكردنی داهاتی نەوتی هەرێم، دەچن پارەیەكی زەبەلاح دەدەنە كۆمپانیای دیلۆت بۆ خۆلادان و بەلارێدانی ژمارەكان.

چوارەم، پێدانى رۆڵ و كاریگەری و دەسەڵاتی راستەقینە بەو دامەزراوە نیشتیمانیانەی كە كارو تایبەتمەندیان لەم بابەتەیە لەنمونەی (بەهێزكردنەوەی چاودێری پەرلەمانی و ئەنجومەنى پارێزگا، دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی)، کە ئەمانە ئامرازی راستەقینەن بۆ بەدیهێنانی بنەمای شەفافیەت و چاودێرى.

ئەم پرۆژەی شەفافیەتەی راگەیەنراوە راستە جیاوازیەو كارێكی باشە لەهەوڵ و ماندوبونیان كەم ناكەینەوە، چونکە هەندێك شوێن و پارێزگای ئەم هەرێمە هەیە هەر باوەڕیان بەشەفافی و ئەم جۆرە كارانە نیە، بەلام كاتێك ئامانجی راستەقینەی خۆی دەپێكێت لەگەڵ داهاتەكاندا خەرجیەكانیش ئاشكرا بكرێت لە چوارچێوەی یاسایی بودجەدا، بۆ لەمەودوا كار و ئەركی رۆژنامەنوسان و دامەزراوە تایبەتمەندەكان و رێكخراوەكان و تەنانەت هاولاتیشە بەدواداچون بۆ راستی و دروستی ئەو ژمارانە بكەن كە بڵاودەكرێتەوە وەك داهاتی ناوخۆی ئەم زۆنە، چونکە ئەگەر بنەماى ئەم ژمارانە دروست نەبێت، پێدانى ژمارە و بڵاوکردنەوەى رەقەمى جیاواز، مانای شەفافییەت ناگەیەنێت.

236 جار خوێندراوەتەوە