هەرێم نەوتەکەى دەدات بە سۆمۆ... ئەى داهاتەکەى؟

فشارە یاسایی و نێودەوڵەتییەكان دوای دەرچونی بڕیاری دادگای پاریس، ئەوە جێگیر بوە و ڕێکەوتن كراوە کە فرۆشتنی نەوتى هەرێم لەڕێگەیی كۆمپانیایی سۆمۆی حكومەتی عێراقیەوە بێت، ئەمە هەنگاوێكی باشەو لەخزمەتی زیاتركردنی داهات و شەرعیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمدایە، بەڵام لەڕاستیدا گەر بمانەوێت ئەم هەنگاوە بەرهەمدار بێت و لەسودی خەڵكدا بێت پێویستە:
یەكەم: داهاتی فرۆشتنی نەوت كە رۆح و كرۆكی پرسەكەیە، پێویستە لە دەستێكی ئەمیندا بێت و لەژێر چاودێری و رقابەیەكی زۆر بەهێزدا بێت، دەبێت بزانرێت پارەی نەوتەکە دەچێتە سەر هەژمارى بانکى چ وڵاتێک، دەبێت بزانرێت ئایا حکومەتى هەرێم یان حکومەتى ناوەندى مامەڵە بە پارەکەوە دەکات، چونکە ئەگەر چاودێری بەهێزو پرۆسەیەكی تەواو شەفاف نەبێت، دۆخەكە وەك جاران دەبێت و تەخشانی پارەی نەوت و ناشەفافی و نەزانینی پارە و بودجە و دواخستنی موچەش پێشبینیكراوە، بۆیە ئەم پرۆسەی ململانێ و دەستبادانەی هەرێم و بەغداد زۆر گەڕی ترو گەمەی تری ماوە. ناكرێت هەروا بە سادەیی و سەرپێی پێمان وابێت لەسودی خەڵكە، پاشان گەر دەسەڵاتی خەرجی پارەی هەرێم رەچاوییی پارێزگاكانی تیا نەكرێت،ئەوا ناعەدالەتی جوگرافی دروست دەبێت، پارەی نەوت دەبێتە ئامڕازی ململانێی ناوخۆیی، بۆئەمەش پێویستمان بە یاسایی بودجە دەبێت بۆ هەرێم.

دووەم: ئەو گرێبەستانەی ئەنجامدراوە بۆ وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردن، بەهەدەردانی گەورەی تێدایە و بارگرانی دروست كردوە زۆربەشیان لە خزمەت بەرژەوەندی حیزبی فەرمانڕەوا و كۆمپانیای حیزبیدا كراوە، زۆر پێویستە سەرلەبەری ئەو گرێبەستانە پێداچونەوەیان پێدا بكرێت و هەموار بكرێنەوە، دواتریش زۆر بەشەفافی راگەیاندن بۆ هەر گریبەستێک بکرێت کە لەو بوارەدا ئەنجام دەدرێت.

سێیەم: ناوەڕكی ڕێکەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغداد، زۆر گرنگە ناوەرۆكەكەی بزانرێت، ناكرێت لە پەناو پاسارو ژوری نهێنیدا ئەنجامبدرێت، دەبو لە وەفدی دانوستانكار خەڵكانی زۆر پسپۆری بواری نەوت و وزەو دەستوری و یاساییی و داراییی ئامادەییان هەبێت، پێویستە ڕێکەوتنەكەی حكومەتیی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمایی دەستوریی و یاسایی بێت، بۆ ئەوەی گەر تانەی لێدرا لە دادگای فیدراڵی رەچاوییی ئەم حاڵەتە كرابێت ڕێسەكەیان لێنەكەنەوە بەخوریی و بچنەوە خاڵی سفر.

بەداخەوەم لەم نێوەندەدا دەبو كۆیی حیزبە بەشداربوەكانی حكومەت یەك دیدو تێروانینان هەبێت بۆئەم ڕێکەتنە كە نیانە، زۆر پێویستیش بو پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری ئەم هەنگاوانە بونایە.

1175 جار خوێندراوەتەوە