بەکۆمپانیا کردنی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان

رادەستكردنی ئەركی گشتی و وەزیفەی حكومەت بۆ كۆمپانیاو كەرتی تایبەت، رۆژ بەرۆژ لەزیادبوندایە لە هەرێمی كوردستان، ئەم پرۆسەیە بە ئەلیكترۆنیكردنی بریكارنامەی دادنوس دەستیپێكرد بۆ كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ وخاشاك و ئاو كارەبا، تا گەشتە عەریزەنوسینی مامەڵەكانی فەرمانگەی هاتوچۆ، بەوەشەوە نەوەستان كامێراكانی تیژرەویشی پۆینت توپۆینتیان دایە كەرتی تایبەت، تاگەشتە پشكنینی نەخۆش لە تاقیگەكان و پێداویستی تەندروستی، پاشان تاقیگەی پشكنینی خۆراك وكاڵای کارگەكانی ناوخۆ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی درایە كۆمپانیایەك، دواترین هەنگاوی حكومەت بۆ رادەستكردنی بوارە جیاوازەكان بە كۆمپانیاوكەرتی تایبەت بە ئەلیكترۆنی كردن و دابینكردنی سیستەمی زیرەك بۆ تۆماری موڵک و تاپۆكان..

 

ئەم پرۆسەی خصخصەیە گەر ئاوا بەردەوام بێت هیچ مانایەك بۆ حكومەتی هەرێم نامێنێنتەوە و نەوەكانی داهاتو توشی بارگرانی گەورەی ئەم پرسە دەبن، لە دەرئەنجامدا ئەركێكی زۆری دارایی بۆ هاوڵاتیان دەمێنێتەوە، هەروەها كار دۆزینەوەیەكی زۆر ئاشكرایە بۆ كۆمپانیا حزبیەكان، چونكە زۆربەی ئەم گرێبەستانە بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو  كۆمپایانە دەكرێت كە نزیكی حزبن نەك بە فرسەتدان بە هەمو كۆمپانیایەك بەڕێگەی زیادكردنی ئاشكرا، سەرباری ئەوەی هەندێك بوار هەیە ئەركی حكومەتە بەپێی یاسا ناكرێت بدرێتە كەرتی تایبەت، لەزۆر باریشدا گرێبەستەكان بە نهێنی و دور لەبنەمای شەفافیەت ئەنجام دەدرێت، بەشێكی زۆری ئەم گرێبەستانە رەچاوی دارایی گشتی و بەرژەوەندی گشتی تیانەكراوە، هەندێك گرێبەستیان بەپارەی حكومەت ئامێر و كەلوپەل دەكڕێت وفەرمانبەری حكومیشی  بۆ دابین دەكرێت، ئەركێكی كەم دەكەوێتە سەر كۆمپانیاكە بەرامبەر پارەیەكی یەكجار زۆر...

 

وا دەردەكەوێت ئەم كابینەی حكومەتەی دادێت درێژە پێدەری ئەم سیاسەتەی خەصخەصە دەبێت بۆیە پێشبینی دەكرێت لەم جۆرە گرێبەستانە زیاتر ببینرێت بۆ زۆر بواری تری هەستیار، ئەركی هەمومانە بە تایبەت داواكاری گشتی بەرێگای یاسایی ومەدەنی و سیاسی ئەم جۆرە گرێبەستانە رابگیرێت، پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی و دادگاكانی هەرێمیش ئەگەرێكە دەبێت كاری  لەسەر بكرێت..

156 جار خوێندراوەتەوە