سلێمانی لەبەرداشی لامەركەزی حیزبی و دو ئیدارەییدا

دۆخی سلێمانی بە ئەندازەیەك خراپە كە هیچ كەس ئیرەی پێنابات، قەیرانە جۆربەجۆرەكان بڕسكی لەم شارە بڕیوە، خەڵکەكەی و قوربانیدانی رابردوی شایستەی ئەم مامەڵەیە نین، زۆنی دەڤەری سلێمانی قەیرانی نەدانی موچە و نەمانی پارە لە بانک و نەمانی پرۆژەكان و خەرجنەكردنی پارە بۆ خۆڵخاشاك و نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەكاندا تا دەگاتە بێ بازاڕی و خراپی دۆخی ئابوری خەڵك، جوڵەی بازرگانی زۆر بەرتەسك بوەتەوە، بەهەمو مانایەك ئابڵوقەی سلێمانی دراوە.

 

 

ئەم شێوازەی پەیڕەو دەكرێت بۆ دابەشكرانی پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و باج و رسوماتی پارێزگاكان بۆ موچە و پارەی خزمەتگوزاریەكان لە پارەی داهاتی ناوچەكان، هیچ پێناسەیەك هەڵناگرێت، بەڵكو خراپترە لە دو ئیدارەیی حیزبی و ناوچەیی، دەنا ئەم شێواز و ڕێکەوتنە دور و نزیك پەیوەندی بە لامەرکەزیەتەوە نیە بەڵكو رێکەوتن و لامەركەزی حیزبیە.

 

گەر ئێوە باوەرتان بە سیستەمی لامەرکەزی هەبوایە هەرگیز ئەم فۆرمەتان پەیڕەو نەدەكرد بۆ ئیدارەدانی موچە و سێكتەرە جیاوازەكان، ئاوا مامەڵەكردن دورمان دەخاتەوە لەوەی هەرێمی كوردستان یەك گەنجینە یاخود خەزێنەیەكی دارایی گشتی هەبێت، دەرنەچواندی یاسای بودجەش لەهەرێمدا دیسان درێژدان و خزمەتكردنە بەم فۆرم و رێکەوتنە سەیر و سەمەرەیەی كە نامۆیە بە سیستەمی حكومرانی.

 

رون و ئاشكرایە هۆكاری  ململانێ و دەست بادانی جوت حیزبی دەسەڵاتە بۆ ئەم حاڵەی سلێمانی، بەڵام پارتی بێ خەمانە مامەڵە لەگەل قەیرانەكانی ئەم ناوچەیە دەكات، وا دەرناکەوێت لە هەوڵی چارەسەری راستەقینەدا بێت و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆرانیش كە پێكهێنەری حكومەتی خۆجێین دەرهەق بەم شارە كەمتەرخەمن، پێویستە خەمخۆرانەتر و فۆرمی تازەی ئیدارە و خزمەتی زیاتر و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بەدی بهێنن، ململانی راستەقینەی بێ رەچاوكردن بكەن لەگەڵ ئەوانەی گرفت دروست دەكەن.

 

راستە دو ئیدارەیی خراپە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە واقیعدا هەیە خراپترە لە دو ئیدارەیی و پەیوەندی بە لامەركەزییەوە نیە، چونکە گەر دو ئیدارەی هەبێت بەرپرسیاریەتی ون نابێت، بەڵام لە ئێستادا یەكێتی و پارتی پەنجەی تۆمەت بۆ یەكتر درێژ دەكەن خەڵك و هاوڵاتیانیان سەرگەردان كردوە ئاخۆ كێ بەرپرسە لەم گاڵتەجاریەی لە زۆنی سلێمانی رودەدات.

 

ئەم بیركردنەوەیە رەوایەتیدان نیە بۆ دو ئیدارەیی، دەنا باوەڕی تەواومان بە یەكپارچەی هەرێم هەیە بەڵام پێویست دەكات نەك بۆ سلێمانی بۆ دهۆك و هەڵەبجەش دەسەڵاتی دارایی و كارگێری و یاسایی و هونەری زۆریان پێبدرێت كە بە
تەواوی لە خزمەتی ئاسانكاری هاوڵاتیاندا بێت..

588 جار خوێندراوەتەوە