رەنگە پشوى پەرلەمانى عێراق قەیرانى سیاسى و ئابورى هەرێم قوڵتر بکاتەوە

بەپێی پێرەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پشووی یاسادانان لە پەرلەمانی عێراق لە ۹ی ۱۱ ی ۲٠۲۳ دەست پێدەکات و تا ۹ی ۱ی ۲٠۲٤ بەردەوام دەبێت، دوو بابەتی زۆر گرنگ وهەستیار هەن بەنسبەت هەرێمی كوردستانەوە پێویستی بە هەمواری یاسا هەیە لەنێو پەرلەمانی عێراق نابێت پێ بنێنە ساڵی داهاتوو ئەم دوو بابەتە چارەیەكی بۆ دۆزرابێتەوە كە ئەوانیش :

یەكەم/هەمواری چەند مادەیەكی یاسای بودجەی عێراق و پرسی خەرجی فیعلی و ماددەكانی تایبەت بە شایستە داراییەكانی هەرێمە، ئەم بابەتە تاكە رێگا چارەیە بۆ نەهێشتنی بەهانەی بەغداد و نەهێشتنی ئەو تەڵەو هەڵەگەورانەی كە بۆتە كۆسپ لەنێو یاسای بودجەی عێراق، پرسی قەرزپێدانیش بە هەرێم وا مانگێكی ماوە دەبێت بەجدی بیر لەم پرسە بكرێتەوە زۆر كەناڵی سیاسی و پەرمانی و دیبلۆماسی بیگێریتە بەر، تازوو بەزوو بۆ ساڵی ۲٠۲٤ یاسای بودجە هەموار كرابێتەوە.

دووەم/هەمواری یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی عێراق، هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنەكەی شەرعیەتی نەماوە چاوی لەسەر بەغدادە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی بۆ بكات، بەڵام گرفت لەوەدایە ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق  لە ۷ی ۱ی ۲٠۲٤ کۆتایی دێت، ڕاستە ڕەشنووسی پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاساکەی کۆمسیۆن هەیە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنەکە بۆ 6 مانگ. ئەمەش بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. بەڵام چۆن و کەی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری دەکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی بۆشایی یاسایی و ئیداری لە کۆمسیۆن؟.

ئەگەر ئەم بابەتە لەم چەند رۆژەدا نەخرێتە بەرنامەی کارەوە چارەنوسی کۆمسیۆنی عێراقیش بە هەمان شێوەی کۆمسیۆنەکەی هەرێم دەبێت.

جارێکی تریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مەترسی دواكەوتنی هەیە،كە كوردستان هیچ چارێكی نیە بۆ هێشتنەوەی قەوارەكەی و رەوایەتی خەڵك و بەهێزبونەوەی هەرێم دەبێت ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت.

هەرچەندە بەپێی دەستوری هەمیشەی عێراق و پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت ماوەی یاسادانان بۆ مانگێك درێژ بكرێتەوە یاخود كۆبونەوەی لەناكاو ئەنجام بدرێت، لێرەدا گەر ئیرادەی سیاسی نەبێت لە عێراقەوە زۆر ئەستەمە ماوەی یاسادانان درێژ بكرێتەوە یاخود كۆبونەوەی لەناكاو رێكبخرێت، چونكە حزبە سیاسییەكان سەرقاڵی بانگەشەی هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقن و وە بەئاسانی رێژەى یاسایی ئامادە نابێت، بۆیە لەكۆتایدا هەرێمی كوردستان بە خەمی ئەم دوو بابەتەوە نەبێت زۆر بەجدی ساڵی داهاتوو قەیرانی دارایی و سیاسی زۆر قوڵتر روبەروی هەرێم دەبێتەوە.

416 جار خوێندراوەتەوە