دوو مانگ بەسەر بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان و دۆخی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری

‌دوو مانگ به‌سه‌ر بڕیاری دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بە سزادانی شەش ساڵ بۆ پێنج چالاكوانی دەڤەری بادینان، به‌ڵام سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ناوخۆ و راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خستنەروی پیشلكاری و كارە نایاسیەكان و دانپیانانی بەزۆریان، هاتنەسەرخەتی رێكخراوەكانی ناوخۆ و دەرەكی و سەرجەم دەسەڵاتە باڵاکانی هەرێم، بەڵام هیچ پێشكه‌وتنێك یان بریاری پێداچوونه‌وە لەلایەن دادگای پێداچونەوە بەوبریارە ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

راستە و حاشاهەڵنەگرە، بێمتمانەیی بە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری لە قۆناغێكی یەكجار مەترسیداردایە، دەستوەردان و سەربەخۆنەبونی ئەم دەسەڵاتە  ئەوەندە زەق و دیارە شیاوی بەڵگە بۆ هێنانەوە نیە، رودەدات لە دەوڵەتانی تریشدا بەهۆی كێبركێ و ململانێی لایەنە سیاسیەكان هاوڵاتی باوەڕو متمانەیان بە پەرلەمان وحكومەت نەمێنیت، بەڵام كارەسات وخەم و مەترسیەكە لەوەدایە بێمتمانەیى بۆ نێو دادگاو دەسەڵاتی دادوەری گەیشتۆتە ترۆپك كە ئەمە دڵخوازی ئێمە نیە، چونکە مەترسیەكانی بۆسەر شیرازەی كۆمەڵگەو ناجێگیری ئاسایشی كۆمەڵایەتی پەی پێدەبەین، بۆیە ناكرێت دادگا بكرێتە ئامرازی پاكتاوكردنی ركابەرانی سیاسی.

ئەم كەیسە پەیوەستە بە ئازادی رادەربرین و بەرتەسكردنەوەی پانتایەكانی ئازادی، نوینەری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا زۆر بەجدی لەسەر خەتن بۆ بریاری دادگای پێداچونەوە، ئەم سزایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتان هێندەیتر بەچاوی ناشیرین لێمان بڕوانن، لێکەوتەی بۆ سومعە و پێگەی هەرێم دەبێت لای وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمەریكا، لەگەڵیدا پەیام و مەترسیەكانی بۆ تاك بەتاكی ئەم کۆمەڵگایەشە، چونکە پێشبینی كراوە ڕوبەروی هەمومان ببیێتەوە گەر ئەم چات و نامەگۆرینەوەیەی مەسنجەر ببێتە كرداری تاوانكاری، بۆیە حیزبە سیاسیەكان دەبێت بەخەمی ئەم كەیسەوەبن، چونکە مەترسیە بۆ کۆمەڵگاو كاری سیاسی خۆیان پیش هەمووكەس، ئێمە نە ماف بەخۆمان دەدەین دەست وەردەینە دادگا و نەدەسەڵاتی دەستوەردانمان هەیە، چونکە دیارو ئاشكرایە دەستوەردان بەكێ و چ حیزبێك دەكرێت، بۆیە تەنها داوادەكەین لەدادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستانی بەڕێز، سەرباری تطبیقی  بڕگەو مادە یاساییەكان، رەچاوەی هەستیاری كەیسەكەو ئەو هەمو پێشلكاریە یاسایانە بکەن کە خراوەتەڕو، لەخەمی گێڕانەوەی متمانەبن  بۆ دادگاو ئەم دەسەڵاتە پیرۆزە، چونکە بریارەكەی ئیوەی بەڕێز سەرباری ئەوەی چاودێری دەكرێت لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا لەهەرێم، سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و بەشێكی حكومەتیش چاوەڕوانی بڕیاری دادپەروەرانەی ئێوەن، تەمەنا دەكەین دادگای پێداچونەوە ئەم وێنەیە پێچەوانە بكاتەوە کە لە خەیاڵدان و زهنی ئێمەدا كێشراوە، با ئیرادەی سیاسیش هەبێت بۆ سزادانی ئەم چالاكوانانە بەڵام دادگا بریاری دادپەروەرانەو یاسایی بدات بۆهەڵوەشانەوەیان، كە بەندە ئومیدم كەمە ئەمە روبدات، چونكە لە رابردوو زۆر كەیس و واقیع هەبوو وادەنەچوو، بۆیە ئەم كەیسە دەبێتە دواین بزمار لە تابوتی بێمتمانەی بەدەسەلاتی دادوەری.

720 جار خوێندراوەتەوە