بەپێی بڕیارێكی
ئەنجومەنی دادوەری ئاڵوگۆڕێك ئەنجامدراوە بۆ سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر،
بەڵام ئەم بڕیارە بەپێی زانیاری و بەڵگە یاساییەكان وا بانگەشە دەكرێت
گرفت و كێشەی یاسایی لەشێوازو دەرچونی بڕیارەكە هەیە، سەرباری
رێزی یەكجار زۆرم بۆ دادوەرە بەڕێزەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی كە بە ئەزمون
و شارەزان، بەڵام نەدەبو دەرچواندنی بڕیارەكە دەرئەنجامی رادەست نەكردن و رێگری لەئاڵوگۆری
لێبكەوێتەوە چونكە زیانی گەورەی بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێگە و گەورەییان
دەبێت.
بەڵام لەمە كارەساتبارتر، نوسراوێك لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتیەوە ئاڕاستەی
ئەنجومەنی دادوەری كراوەگوایە بڕیارەكە نایاساییەو وەك نەبون (معدوم) وایە و هیچ بەهایەكی
یاساییان نیە، ئەم نوسراوە دەستوەردانی راستەوخۆیە بۆ دەسەڵاتی دادوەری، لە تایبەتمەندی
و دەسەڵاتی داواکاری گشتی نییە نوسراوی لەو چەشنە بكات و رای نایاساییبون لەو بڕیارە
بدات، چونکە داواکاری گشتی سەر بە وەزارەتی داد و دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، ئەرك و دەسەلاتی
خۆیی هەیە جیاواز لە دەسەڵاتی دادوەری.
وەلێ ئەم بڕیاری ئاڵوگۆرە گەر هەر لایەنێك
پێی نایاساییە و زەررمەندە لە دەرچواندنی دەتوانێ لە دادگای كارگێری داوای هەڵوەشانەوەی
بڕیارەكە بكات، چونکە بڕیاري ئیداری و یاسایی كە دەرچوێنرا یا لایەنەكە خۆی پاشگەزدەبێتەوە
و هەڵیدەوەشێنێتەوە یا بەبڕیاری دادگا، هەمو ئەم روداوانە پێمان دەڵێت دۆخی دادگا و
دەسەڵاتی دادوەری لە چ قەیرانێكی قوڵ و ئاشكرادایە، بەم روداوانە بێ متمانەی بەدادگا
و دەسەڵاتی دادوەری زیاتر و زیاتر دەكات لای هاوڵاتیان و دامەزراوە فەرمیەكان و وڵاتانی دنیا.
پێویستە كاراكتەرەكانی ئەم دەسەڵاتە
خۆیان زیاتر لەخەمی دادگا و دەسەڵاتی دادوەریدا بن، چونکە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و فەرمانڕەواكانی
هەرێم، ئەوەی خەمی نەخۆن و گوێی پێنەدەن ناو و ناوبانگ و گەورەیی و پێویستی ئەم
دامەزراوە دادوەریانەیە،كە لای ئێمە دەسەڵاتێکی یەكجار گرنگن و پیرۆزن و خۆمان بەخەمخۆریان
دەزانین.
583 جار خوێندراوەتەوە