عەیامێک لەباشور کاسەلێس
و خۆفرۆش و ڕاپۆرت نووس دەگمەن بوون
کۆیلە و ھەلپەرست و کوڕی
ڕۆژ ،ھێندە کەمبوو ھەموو کەس دەیناسین
ئێستا کە دەسەڵاتیش خۆماڵیە،ئەشرەفەکان
لەژمارە نایەن.
پاش خوێندنەوەی ئەم نۆڤێلە
جوانە بزانە چەند ئەشرەفەفەنی لە چواردەورت یان لە فەیسبوکدا ئەدۆزیتەوە؟
چۆن ئه‌شره‌فه فه‌نی به نه‌مری شاد بوو
کاتێ که ڕێبواران له
شیوێکی قه‌راخ شاردا لاشه‌که‌ی تایه‌ر جامبازیان به‌رچاوکه‌وت،سێ فیشه‌ک به‌سه‌ر
سنگی و دوان به‌ناوچاوانیه‌وه،که‌س بیری بۆ گوللەی وێڵ نه‌چوو
ئه‌مه ئه‌بێ له‌ساڵه‌کانی
بیست دا ڕویدابێ.تا ڕۆژی ئه‌مڕۆش که‌س نه‌یزانی کێ ئه‌م پیاوه‌ی کوشتووه.به‌ڵام
خه‌ڵکی گومانیان لانه‌بوو،که ئه‌م ئه‌زیه‌ت دانه‌به‌ر ناوه‌خته‌ی عیزرائیل وا له‌ژێر
سه‌ری شێخاندا،چونکه هه‌موو که‌س ئه‌یزانی که تایه‌ر جامباز پیاوی ئینگلیزه و
به‌رده‌وام له‌هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتێ ئاگاداریان ئه‌کا
شه‌ریفی کوڕی بوو به
پۆلیس،به‌ڵام ئه‌م له‌باوکی به‌خته‌وه‌رتر بوو،چونکه نازناوی (شان خوار)ی له
(خوالێخۆشبوو)لا چاکتر بوو.بۆیه که فیشه‌کێکی خوله‌پیزه شانی هه‌ڵته‌کاند،له
سوکه لاسه‌نگ بونێکی له‌شی به‌ولاوه هیچی تری لێ به‌سه‌ر نه‌هات.جگه له‌وه شه‌ریف
چاوه‌ش ژیانێکی که‌م و زۆر ئاسوده‌ی له‌شاردا به‌سه‌رئه‌برد،هه‌ر به‌رله‌مه‌یش ئه‌شره‌فی
کوڕی نابووه به‌ر خوێندن.
ئه‌شره‌ف له
قوتابخانه‌دا زۆر خۆی ماندوو ئه‌کرد که ته‌نکیی زیره‌کیی خۆی به‌هه‌ندێ خزمه‌تگوزاری
بۆ مامۆستاکان قوڵ بکاته‌وه.بۆیه،گه‌رچی چاودێری پۆلیش نه‌بوو هه‌میشه لیسته‌یێ
ناوی هاری ئاماده ئه‌کرد و،زۆرجار ئه‌م لیسته‌یه ناوی نۆزده بێحه‌یای تیا‌بوو،له‌کاتێکا،که‌ژماره‌ی
قوتابیانی پۆله‌که ته‌نها بیست که‌س بوون.ئه‌مه‌یش زۆرجار ئه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی
که له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه قوتابیه‌کانی تر بیرازێکی مزری ئه‌شره‌ف بکه‌ن،به‌ڵام
ئه‌م هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو به‌ته‌نها بازوی زرنگی خۆی خوێندن ته‌واو بکا، ناهه‌قیش
نه‌بوو چونکه،ئه‌گه‌ر وای بکردایه،سوده‌که‌ی ته‌نها به‌وه ئه‌شکایه‌وه که ئه‌مڕۆ
خه‌ڵاتی پیرترین قوتابی شار بپچڕێ
پاش به‌که‌لۆریه‌کی سه‌راپا
پینه و ته‌قه‌ڵ،شه‌ریف چاوه‌ش سه‌ریکرد به‌کۆشی هه‌زار که‌سدا تاکو ئه‌شره‌فی کوڕی
له دارولموعه‌لمین قبوڵ کرا. ئه‌و زه‌مانه زوو زوو له‌ناو قوتابیاندا ئه‌بوو به‌هاتوهاواری بژی و بڕوخێ
باوکه‌که به‌رده‌وام ئامۆژگاری کوڕکه‌ی ئه‌کرد که توخنی
سیاسه‌ت نه‌که‌وێ،بۆئه‌وه‌ی له وه‌ی به‌دووربێ.سیاسه‌ت لای شه‌ریف چاوه‌ش وشه‌ێکی
نیسبی بوو،لای ئه‌و ڕه‌وا و ئاسایی بوو عومه‌ر عه‌لی،ساڵح جه‌بر،فازیل جه‌مالی،موختاربه‌گ
یا نوری پاشا سیاسه‌ت بکه‌ن،ئه‌مه نه‌ک که‌س نکوڵی لێی نیە،به‌ڵکو شیاوی پشتگیریشه.به‌ڵام
سیاسه‌ته خراپه‌که،زیان به‌خشه‌که،ئه‌وه‌ی دژ به حکومه‌ته،دژ به‌وانه‌یه که
له‌سه‌ره‌وه‌ن،سه‌ریسه‌ره‌وه
چۆن چۆنی ئه‌شره‌فی کوڕی
شه‌ریف چاوه‌شی کوڕی تایه‌ر جامباز ئه‌م ئامۆژگاریه‌ی باوکی له‌دڵ گرت،ئه‌مه له‌دوو
توێی هه‌ندێ نامه‌ی ناوبراوه‌وه ئه‌زانین،که به‌درێژی زیاد له سی و پێنج ساڵ
خزمه‌ت نووسیونی،پاش که‌مێ کورتکردنه‌وه و سوکه ده‌سکاری کردنێکی ئیملاکان...
١٩٥٦/٤/٢
عالی مه‌قام غه‌ریقی ئیحتیرام
جه‌نابی موته‌سه‌ریفی لیوا
ته‌له‌بی عه‌فوو مه‌رحه‌مه‌ت
ئه‌که‌م له‌وه‌ی جورئه‌تم داوه‌ته به‌رخۆم ئه‌م کیتابه،موباشه‌ره‌ته‌ن بخه‌مه به‌ر
نه‌زه‌ری موشفیقتان و ئیستیسنائه‌ن ته‌راجوع به سیلسیله‌ی مه‌راجیع بکه‌م
ئه‌سڵی مه‌قسه‌د موعه‌لیمێکه
که هه‌ر پاش ئه‌وه‌ی قاچم ناوه‌ته ناو ئه‌م مه‌کته‌به‌وه،یه‌عنی ،سێ ڕۆژه،به‌نده
له ئه‌غرازی سیاهی ئیدراکی حاسڵ کردووه و،له‌خواره‌وه ئیسمی سولاسی و عینوانی
کامیلی ئه‌نوسم
مومائیله‌یهی شیوعییه
و ئه‌م ئه‌فکاره هه‌ددامه‌یه‌ی په‌نهان ناکات.ئه‌م فه‌رده عه‌لده‌وام مه‌قاماتی
ده‌وڵه‌ت و فه‌خاماتی وزه‌را و(ئه‌عوز و بیللا)عائیله‌ی مه‌سوونه ده‌داته به‌ر تیری
ئینتیقاد و ،ئیشاره‌ت بۆ ده‌وڵه‌تی حه‌لیفه و ئوممه‌ی سه‌دیقه به‌ریتانیای عوزما
به ئیستیعمار(که‌زا)ئه‌کات.نابینایی حاقیدی ئه‌م موحه‌لیلی سیفاحه گه‌یشتۆته حه‌ددێ
ک ته‌نانه‌ت فۆتۆغرافێکی مولحیدی بێ‌دین و
ئیبلیسی له‌عین ستالین بخاته ناو جزدانه‌که‌یه‌وه.یه‌قینم هه‌یه که مه‌ئابتان
موافه‌قه‌ت ئه‌فه‌رمون له‌گه‌ڵما،که بوونی ئه‌م فه‌رده ئه‌بێته سه‌به‌بی ته‌شویش
و به‌لبه‌له‌ی ڕه‌ئی عمومی و،گه‌ڕانی به‌حوڕییه‌ت خه‌ساره‌ت ئه‌گه‌یه‌نێ ب ئه‌هالی
و مه‌مله‌که‌ت
بۆیه ڕجائه‌که‌م که‌ئه‌م
موجریمه به‌رله‌وه‌ی زه‌ره‌ری ئیستیحفال بکا،به قه‌ساسی عادیلی خۆی بگا و،ئیقابی
عیبره‌تێ بێ بۆ هه‌موو گومڕایێکیتر.
خادیمی عه‌رش و وه‌ته‌ن
موعه‌لیمی ته‌تبیقات
ئه‌شره‌ف شه‌ریف
١٩٥٩/٨/٣
نیشتیمانێکی سه‌ربه‌ست
و میلله‌تێکی به‌ختیار
بۆ هاوڕێیانی لیژنه‌ی
محلی
شۆڕشی چوارده‌ی گه‌لاوێژی
نه‌مر،ته‌خت و تاراجی عه‌هدی بائید و حیلفی به‌غدای ته‌فرو توونا کرد.به‌ڵام حه‌سره‌تا،هێشتا
کلکی ئیستیعمار جووڵه جووڵ ئه‌کا له‌ناو میلله‌تا.دراوسێیه‌کم(وه‌ک لایه‌نگرێکی کۆڵنه‌ده‌ی
چینی کرێکار،ئه‌رکی سه‌رشانمه له‌خواره‌وه
ناو و ناونیشانی بنوسم) هه‌لێ به‌فیڕۆ نادا تاوەک و برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب بشێوێنێ،به‌یانیان
به ڕۆژباش و تاقمی ته‌راش و لنگه کڵاش سه‌ری سه‌راپای گه‌ڕه‌ک ئه‌هێنێته ژان.بنێشته
خۆشه‌ی ده‌می ئه‌م پاترییه وشکه مه‌عاریفی قلیاسانه و،سوێندی به‌گۆڕی زه‌رده‌شت
خواردووه تا له‌ژیاندا ماوه ته‌ماته نه‌خوا چونکه سوره،ئه‌ڵێ ئه‌گه‌ر سه‌عید
قه‌زاز کورد نه‌بوایه ئیعدام نه‌ئه‌کرا.سه‌رقافڵه‌ی کاروانی تێکۆشانمان کاک زه‌عیم
عه‌بدولکه‌ریم قاسم به گوێپان و هاوڕێ خرۆشۆف به که‌ره‌شۆفه که‌چه‌ڵ ناو ئه‌با،له‌به‌رئه‌وه‌ی
ئه‌م نه‌فه‌ره مه‌شبوهه زوو زوو سه‌فه‌ری موسڵ و که‌رکوک ئه‌کا،گوایه به‌قسه‌ی
خۆی له‌به‌ر که‌سابه‌ت.من به‌دووری نازانم ئه‌مه‌ی بۆ پیلان گێڕانبێت له‌گه‌ڵ
پاشماوه‌ی ده‌سه‌ودایره‌ی شه‌وافی تۆپیو،تورانیه‌کانی قه‌ڵا و شه‌ریکه‌ی نه‌وتدا.هیوادارم که هاوڕێیانی مه‌قاوه‌مه شه‌عبی،به‌رله‌وه‌ی
دره‌نگبێ،ئه‌م سه‌گه په‌تکه‌ن و سه‌ره‌وخوار به‌دار ئه‌له‌تریکێکه‌وه هه‌ڵیواسن
فیداکاری جومهوریه‌ت
مامۆستای سه‌ره‌تایی
ئه‌شره‌ف شه‌ریف
١٩٦٣/٧/٤
زۆر به‌ڕێز زه‌عیم ڕوکن
ئامر لیوا
به‌درێژی ژیانم قه‌ناعه‌تی
بێپایانم هه‌بووه که حکومه‌ت باوکی هه‌مووانه،به‌دارماندا ئه‌دا به‌به‌ردماندا
ئه‌دا،جگه له ته‌ربیه‌ت دان و ڕێی ڕاست نیشاندانمان هیچ نیازێکی تری نیه،بۆیه
کاتێک منیش له‌گه‌ڵ عاله‌مه‌که‌دا گیرام و عه‌سکه‌ره خۆشه‌ویسته‌کانمان منیان به‌وپه‌ڕی
ڕێز و حورمه‌ته‌وه به‌ره‌و حامیه هێنا،گۆشه‌ییه‌کی ئاسوده و ماندوو حه‌وێنیان
له ته‌ویله‌یه‌کدا بۆ ته‌رخان کردم،ته‌واو دڵنیا بووم که ئه‌مه حیکمه‌تێکی تێدایه
و نه‌ک هه‌ر دڵگران نه‌بووم،به‌ڵکو کۆڵێکیش پێی شادبووم.هه‌ندێ که‌س هه‌ن ئه‌وه‌نده
کوێرن ئه‌م ڕاستیه نابینن که وه‌ک ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ڕوون و ئاشکرایه.مه‌به‌ستم له
دوو هاوکونجی زیندانیمه،که به‌درێژایی ڕۆژ کار‌و کاسپیان نیه جگه له بۆڵه‌بۆڵ
جنێودان به حکومه‌تی شۆڕشی چوارده‌ی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز که ڕژێمی دیکتاتۆری قاسمی
گۆڕبه‌گۆڕی سه‌ره‌ونگون کرد.ئاشکرایه ئه‌م جووته نه به ته‌نها په‌یوه‌ندیان به
مه‌ته‌مه‌ڕدین و عوسات و مه‌لا مسته‌فای پیاوی مۆسکۆوه هه‌یه،به‌ڵکو دیاره که
جاسوسی مه‌نغۆلیاشن،له‌قسورم ببورن که ناویان نازانم،به‌ڵام وا له‌خواره‌وه زۆر
به وردی سه‌ر و قیافه و جلوبه‌رگیان هه‌ڵئه‌ده‌م.ئیتر چۆن دار ئه‌فه‌رموون به ڕۆحیابدا،خۆتان
وه‌کیل بن
هاونیشتیمانی دڵسۆز
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری
قوتابخانه
ئه‌شره‌ف شه‌ریف
١٩٦٦/٥/٢٩
بیسمیلاهیل ڕحمانول ڕه‌حیم
زۆر به‌ڕێز نه‌قیب ئه‌فسه‌ری
ئیستیخبارات
گه‌رچی حکومه‌تی نیشتیمانی
وا خه‌ریکه له شیمالی حه‌بیب ئه‌من و ئاسایش به‌رقه‌رار ئه‌کا،به‌ڵام دیاره ئه‌مه
به‌دڵی دام و ده‌زگاکانی بێگانه نیه.له‌و چایخانه‌یه‌ی پاش نیوه‌ڕوان تاوڵه‌ی لێ
ئه‌که‌م،له‌ته‌نیشتمه‌وه تاقمێ هه‌یه که به چوار قۆڵی ئه‌زنیف ئه‌که‌ن.ئه‌م له‌ئابڕو
بێبه‌شانه به‌ده‌م پول ڕاکێشان و جووت تۆپاندنه‌وه،هێنده قسه‌ی پیس ئه‌که‌ن،که
پیاو شه‌رمی لێدێ بیان خاته سه‌ر کاغه‌ز.بۆ نموونه جه‌نابی سه‌رکۆمار و فه‌رمانده‌ی
گشتی هێزه چه‌کداره‌کان لیوا ڕوکن کاک ئه‌وڕه‌حمان عارف به(بدل ضایع) ناو ئه‌به‌ن.جه‌نابی
سه‌ره‌ک وه‌زیران دکتۆر ئه‌وڕه‌حمان به‌زاز(جاسوسی ئینگلیز)به کاک تایه‌ر یه‌حیا(حه‌ڕامی
به‌غداد)به سه‌رۆک جه‌مال عه‌بدول ناسر ئه‌ڵێن(جه‌مال حەشاش) .ته‌نانه‌ت به‌هه‌شتیه‌کانیش
له وه‌ڕین و قه‌پ گرتنیان ده‌رباز نابن،چونکه به خوالێخۆشبوو موشیر عه‌بدول سه‌لام
عارف ئه‌ڵێن (حاجی مشن).
گومانم نیه ئه‌م له‌شه‌رف
بێخه‌به‌رانه،که‌وا له‌خواره‌وه ناو ناونیشانیان و ته‌مه‌ن و پیشه‌یان ئاشکرا ئه‌که‌م.له
نوگره‌سه‌لمان کاتیان زۆر زیاتر ئه‌بێ بۆ ئه‌زنیف کردن
عێراقی مهوسوڵمان
به‌ڕێوه‌به‌ری
قوتابخانه
ئه‌شره‌ف شه‌ریف
١٩٦٩/١٠/١٨
ئه‌ی کرێکارانی جیهان
و گه‌لانی ژێرده‌سته،یه‌کگرن
بۆ باره‌گای حیزبی نه‌به‌زمان
خه‌باتی گه‌لی چینی
قاره‌مان و وته‌کانی هاوڕێ ما‌و ڕاماڵینی ڕیڤیژیۆنیسته‌کان،ڕابه‌رن بۆ هه‌موو مرۆڤێکی
پێشکه‌وتوو.به‌ڵام کاسه‌لێسی کۆمپرادۆره‌کان نه به‌ته‌نها ئه‌م ئاسۆ ڕووناکه له‌هه‌ندێ
که‌س ئه‌شارێته‌وه،به‌ڵکو له‌ناو زه‌لکاوی خیانه‌ت و نۆکه‌رایه‌تی سی ئای ئه‌ی و
ساواک و موسادیشدا نوقومیان ئه‌کا.مه‌به‌ستم له خزمێکمه که سوێندی هه‌ره باڵای
خۆیی و خاو و خێزانی(سه‌ری مه‌لا مسته‌کۆڵەیە)ە.بارەگای حیزب بەمۆڵگا و پێشمەرگە ئازاکانمان بە جاشی شەست و شەش لەقەڵەم
ئەدا.خۆ ئەوە باسی حەیرانی عەلوەکە ھەر ناکەم.تەنانەت کوڕە ھەرە بچکۆلەکەی کە تازە
لەشیر بڕاوەتوە بەشێکی زۆری وڕێنەکانی شایەری دەربار ھەژار مەکریانیی لەبەرە.لەبەیانیەوە
تا ئێوارە تەسجیلێکی گرۆندیکی زەبەلاح لە حەوشەکەیدا تاقە یەک گۆرانی حەسەن زیرەک
ئەڵێت و ێەڵێتەوە(کۆڵوانە سور).شەوانیش بە عالەمی ئاشکرا گوێ لە ئیزگە شڕەکەی
بارزانی و دەنگوباسی ڕادێوی لەندەن و ئەمریکا و ئیسائیل ئەگرێ.بەرلەوەی بەفڵقە فڵقی
ڕادیۆی کرماشان چاوی بچێتە خەو.یەکێ لە کوڕەکانی ماوەیەکە سەفەری دەربەنیخانی
کرد،بەدووری نازانم بۆ ئەوە چوبێت ببێت بە چاوساغی چریکەکانی ئێران ڕێنمایی
کردبن.لەبەر ئەوەی ئەم زۆڵە کوردە تازە تەلەفزیۆنێکی زۆر گرانبایی کڕیوە،وای بۆ ئەچم
کە دەستێکی لە دزی پارەکەی تەربیەدا ھەبووە و چەند ھەزارێکی بەرکەوتووە.ناونیشانی
نە بەتەنھا خۆی،بەڵکو ئەو کوڕانەشی ئەنوسم کە ژنیان ھێناوە و گواستویانەتەوە،بۆ ئەوەی
ئەگەر پیکابەکەی حیزبمان بەلایاندا تێپەڕی،پێشمەرگەکانمان گسکیان لێبدەن،تاکو ھەموو
کەس تێ‌بگا کە کوردستان‌مان
سیخوڕەکانی حیلفی سەنتۆی تیا نابێتەوە.
کوردی پێشکەوتنخواز
یاریدەدەری پشکنەر
ئەشرەف شەریف
١٩٧٣/٣/١٣
کوردستان یا نەمان
بەئیمزاکردنی بەیانی یانزەی
ئازار شۆڕشی ئەیلولی قارەمانمان ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین کە کورد پاڵەوانن
و ھەر ئەبێ سەربەست بژین.بەڵام ھەزار ڕەحمەت لەگۆڕی پێشینان کە ھەر زوو پەردەیان لەسەر
ڕووی دەسکی تەور ھەڵماڵی.ھەفتەی ڕابوردوو کە بۆ پشکنینی قوتابخانەیێکی لادێ سەرم لە
گوندێکی قەراخ شار ئەدا،مامۆستای ئەو ئاواییە پێنج نەفەرێ مێوانی بوون.گەرچی وایان
لەقەڵەمدا کە گوایا بۆ ھەڵمژینی ھەوای سازگاری لادێ ھاتوونە خزمەت برادەرەکەیان،بەڵام
گومانی تیا نەبوو کە ئەمە کۆبونەوەیێکی سیاسی بوو.شەوێ وردە وردە بەدەم گفتوگۆ و پێک
ھەڵدانەوە ڕووی ڕەشی خۆیان ئاشکرا کرد:پارتی پئشڕەومانیان بە خێڵی ئەشەدوبیلا ناو
ئەبرد،بە سەرۆک بارزانیان ئەگوت سوڵتان قەرەقوش.ئەیانگوت دەزگاکانی شۆڕش بە دز و چەورە
و نەخوێندەوار و پیاوی بێگانە تەنراون و پێشمەرگە بۆ چاوی کاڵی ئەمریکا و ئێران ئەدرێ
بەکوشت.بەقسەی خۆیان گوایە جاران بەڕێوەبەرێکی عەرەب کرێکارە کوردەکەی ئەڕوتاندەوە
و ئەگەر ئەم بەدبەختە ناشکور بوایە، ئەوا معاونێکی عەرەب حەیتەکانی ئەنارد دەم و قەپۆزی داپڵۆسن.ئێستا سوپاس بۆ یەزدان،شەفیق
لاین و کەمالی شێخ غەریب ئەو ئەزیەتەیان لەکۆڵ پێشینەکانیان کردۆتەوە.ھیچ ڕێزێکیان
لەناوی شاھنشا ئاریامیھر نەئەگرت و سوک و ئاسان پێیان ئەگوت حەمە ڕزیوی پێڵاوی.بەڵام
زیاتر بە گەماڵی کینە و بوغزیان قاچی دەزگای پاراستنی شۆڕ‌شیان ئەگرت و ئەوەی ئەیانگوت
نەیان ئەگوتەوە.یەکێ لەم میکرۆبانە چەند کتێبێکی عەرەبی پێ‌بوو،بەقسەی خۆی گوایە دیوانە
شیعر بوون،گەچی بۆم نەلوا چاوێکیان پیا بخشێنم،بەڵام توخوا کوردێ شیری دایکی پێ حەڵاڵ
بێ بۆچی ئەچێ ھەڵبەستی عەرەبی بخوێنێتەوە؟بۆ ئەم گەلە ھەستیاری تیانیە؟ئەی مامۆستا
ھەژار چیە؟ئایا ئەمانە پیاوی حکومەت بوون؟لەفیف بوون؟یاخود ئەم منداڵە ورتکە خوێڕیە
مارکسیانە بوون؟نازانم،بەڵام دوو شت ڕوون و ئاشکرایە:برایەکی مامۆستای ئەو گوندە کۆنە
جاشە و،باوکی مەلایە.بۆیە بە دووری نازانم کە باوکی بەشێوەێ لە شێوەکان لە پیلانی
گڵاوی پیاوە ئاینیەکاندا بەشدار بووبێ،ئابڵووقەدان و لەناوبردنی ئەو سەگەلە ئاسانە:لەخوارەوە
ناو و ئەدرێسی مامۆستای ئەو گوندە ئەنووسم،ھیوادارم کە ھەڤاڵانمان بیگرن و ڕەوانەی
خەلان یان ڕایاتی بکەن.ئەوسا پاش ئەشکەنجەیێکی خەست ناوی پێنجەکەیتر و ناوی ئەوانەیش
ئەدرکێنێ لە لەبەر ھەر کۆسپێ بووبێ بۆیان نەڕەخسابوو خۆیان بگەیەننە ئەو کۆبوونەوەیە.
دەبا دوژمن تێبگات کە
تەعریب و تەبعیس و پەیمان شکێنی بۆ ناچێتە سەرو کەرکووک و خانەقین و شەنگار ھەر
کوردستانن.
ئیتر بۆ پێشەوە لەژێر
ئاڵای پارتی پێشڕەوماندا
بەسەرۆکایەتی کاوەی سەدەی
بیستەم
بارزانی مستەفا
بۆ کوردستان گیان لەسەر
لەپی دەست
پشکنەر
ئەشرەف شەریف
١٩٨١/٨/٦
وەحدە حورڕیە ئیشتیراکیە
بۆ مونەزەمەی خەباتگێڕ!
شۆڕشی حەڤدە-سی تەمووزی
پیرۆز بە سەرۆکایەتی حیزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتیراکی عێراقی،شۆڕشی کرد بە ھەڕەشەیێکی
کوشندە بۆ ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و سەرۆکی خۆشەویستمان کاک سەددامی زێڕ دەستکەوتە
مەزنەکانی مێژووی عەرەبی و ئیسلامیمانی زیندوکردەوە،کەچی
گیرفانی بەکرێگیراو خومەینی دەجال،فورسی مەجوس و بەجنسیە عەرەبەکان ئەیانەوێ بەخەیاڵی
خاویان ڕێ بەکاروانی خەباتمان بگرن.بەڵام تا عێراقیی بەشەرەفی وەک براتان ھەبێ، کە
بەعسیە بێ ئەوەی ئەندامیشبێ،ئەنجامی ھێرشی دوژمنان ھەر بەزینە.
وەک پەیمانم بە ڕەفیق(ئەبوو
کالە)دابوو،وا لیستەی ناوی دوژمنانی قادسیەتان بۆ ئەنێرم.ناوەکان بەپێی ئەبجەد ڕیزکراون
و بەرامبەر ھەر ناوێک ئەرکی ئەو کەسەم لەناو شاردا ڕوون کردۆتەوە بۆنموونە:سەرۆکی
لیژنەی پیاو کوشتن،جێگری سەرۆکی لیژنەی پیاو کوشتن،سکرتێری لیژنەی پیاو کوشتن،پیاو
کوژ،یاریدەدەری پیاو کوژ،چەپڵە لێدەر،ئۆخەی ھەڵکێش...ھتد.ئەمەیش ھەمووی بەم شێوەیەی
لای خوارەوە:
لیستەی یەکەم:لیژنەی مەرکەزی
پاشان قیادەی مەرکەزی
لیستەی دووەم:قیادەی مۆقەتە
پاشان جەماعەتی سامی
لیستەی سێیەم:جەلالی
پاشان ڕەنجدەران
لیستەی چوارەم:حسک
پاشان حسیک
لیستەی پێنجەم:پاسۆک
پاشان کاژ‌یک
لیستەی شەشەمیشم بۆ
ناوی ئەو کەسانە تەرخان کردووە،کە سەر بەھیچ یەکێ لەم دەستە و تاقمانەنین،بەڵام
خوا ئەقڵی سوککردوون و جنێو ئەدەن بە ڕەئیسی قائید و حیزبی قاێید و ئەبیی قائید و
قائیدەکانی تر.
ئیتر بۆ پێشەوە بەسەرۆکایەتی
قەعقاعی سەدەی نوێ
سەربازی قادسیە
جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە
ئەشرەف شەریف
پاش گوتار
ڕۆژێکیان ئەشرەفە فەنی
توشی گون ڕەشی خۆی بوو،لەو دەمانەدا کە بەعس تا بینەقاقای لەناو زێرابی جەنگدا
نقوم بوو.ئەرتەشی جمھوری ئیسلامی،ختوکەی شاڕێی نێوان بەغدا و بەسرەی ئەداو ھەندێ عێراقی
دەرەوەی وڵات باوڵەکانیان ئەپێچایەوە،لەو ڕۆژانەدا ئەشرەفە فەنی ون بوو.لەسەرەتادا
خەیاڵیان بۆ ئەوە چوو کە فڕێندراوەتە دەرەوە،بەڵام دیاربوو ئەمانە لەگوێی گادا
نوستبوون.چونکە چەند جارێ پێشمەرگە ژیانی خۆیان خستبووە بەر مەترسی و ھەڵیان
کوتابووە سەر ئەو گەڕەکەی ماڵی ئەشرەفە فەنی لێیە:شەوێکیان فەراشێکی لاولاویان
بردبوو کە بۆ تەبەقێ ھێلکەی زیاتر حەبەکەی قوتدابوو،سەفەرێکی تریش خوێندکارێکی حیلاوییان
کێش کردبوو کە بەپێی بۆچوونی ئەو تەنھا لەناو وتەکانی سەدمدا پیاو بۆی ھەبوو دواڕۆژێکی
ڕووناک چنگ بخا نەک لە کتێبەکانی فیزیا و کیمیادا.تەنانەت ڕۆژێکیان چەند ھەنگاوێ لەولای
ئەشرەفە فەنیەوە،پێشمەرگەیەکی ناوشار دەڵەقۆڕێکی سارد کردبۆوە کە دەسبڵاوی،ببورن،گەڵبڵاوی
ناخۆش کردبوو و تەنھا مەبەستی ھەر پێکھاتن بوو لەسەر ھەقدەستەکە،ئیتر مشتەریەکانی
سەر بە ھەرچ توخم و مەزەب و بیروباوەڕێ بوونایە لای ئەو مەسەلە نەبوو.
لەم ھەموو جرت و فرتەدا
کەس بە ئەشرەفە فەنی نەگەتبوو کەرت بەچەند:بۆیە داستانی عمەلیەتێکی شۆڕشگێڕانە گوێگری
زۆر نەبوو.کەواتە ئەبێ حکوومەت خۆی گرتبێتی.ھەر وایش دەرچوو،چونکە زۆری پێ نەچوو چەتەوڵەکانی
ئەمن ھەڵیان کوتایە سەر ژن و مناڵەکانی و داویان لێکردن بەپەلە ھەر ئەو شەوە بگەنە
بەندیخانەی موسڵ،لەبەر ئەوەی لەگەڵ گزنگدا نان پەیداکەرەکەیان لەدائەدرێ.
ھۆی ئەم ھەڵدێرانەی ئەشرەفە
فەنی چی بوو؟کەس نەیزانی.بەڵام ئەوەی دەماودەم ڕۆیشت و لەھەموو شتێکی تر زیاتر ڕێی
تێ ئەچوو ئەوەبوو کە گوایە لەسەر سنور تەتەرێ گیراوە و لەناو نامەکانی ھەگبەکەیدا
نوسراوێکی بە دەستوخەت و ئیمزای ئەشرەفە فەنی تێدا بووە.لەم بارەیەشەوە خەڵکی لە
دوو قۆڵەوە بۆی ئەچوون،تاقمێ ئەیگوت پۆستەچی لە بادینان گیراوە و ئەشرەفە فەنی نامەکەی
بۆ لیوا ڕوکن حەسەن فستەفا نەقیب فەرماندەی شۆڕشی عێراقی نوسیوە.دەستەییەکی تر ئەیگوت
نا،کابرای نامەبەر لای پێنجوینەوە کە کەوتۆتە بۆسەی جاشەکانەو،ئەشرەفە فەنی نامەکەی
ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراقدا کردووە.ئەوانەی خۆشباوەڕ نەبوون
گمانیان لەم نەقڵە ئەپرژاند و ئەوەیان ئەھێنایەوە یاد کە ئەشرەفە فەنی ھەرگیز نە
ماسی لە دەریادا سەودا کردووە و نە ھیچ خەرمانێکی
بە سەوزی کڕیوە،پیاوەکە ئەوەندە ناشی نەبووە چاکوچۆنی لەگەڵ نەفەرێکدا بکا کە ھێشتا
لەڕیزدا چاوەڕێ ئەکا.بۆ ئەمەیش خەڵکی ئەوەیان ئەکرد بەبیانوو کە گوایە کابرا بەساڵدا
چوو بوو و تازە زەینە ڕوونەکەی جارانی نەمابوو.بەھەرحاڵ ناسیاوان کە توشیان ئەبوو
بەتوشی یەکێ لە کەسوکاری ئەشرەفە فەنیەوە،ھەر ئەوەندەیان لەدەست ئەھات بەچپە سوکە
سەرخۆشیەکیان لێبکەن و بەدەم ئاوڕدانەوەوە بەپەلە دوور بکەونەوە.
ئەشیا ئەم بەسەرھاتە لێرەدا
کۆتایی بھاتایە،ئەگەر ڕۆژێ شتێکی لە ئاسایی بەدەر ڕووی نەدایە.دراوسێیەکی ماڵی ئەشرەفە
فەنی کە بۆ شەھادەی نەقڵی یەکێ لە مناڵەکانی ناچار بوو بچێ بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە،لەوسەرەوە
بە ڕەنگی سپی و ھەناسە بڕکێ گەڕایەوە.ھەتا کەسەکانی ئاگریان بەسەردا نەکوژاندەوە و
کابرا نەھاتەوە سەرخۆی دەمی گۆی نەکرد.پاشان ڕایگەیاند کە لە پەروەردە ئەشرەفە فەنی دیووە.چۆن؟چاک!دراوسێکەی ئەگێڕێتەوە
لە سیلەیێکدا نەفەرێ بەرەوپیری ھات،کەچاک لێی وورد بۆوە،خۆی بوو ئەشرەفە فەنی،تەنانەت
ھەر ھەمان قاتی لەبەردابوو کە مانگێ بەر لە گیرانی لەبەر دەستی وەستاترین بەرگدرووی
شارەوە ھاتبووە دەرەوە.پاش زمان شکانی دەماودەم،کاتێ دراوسێ ھاتبۆوە سەرخۆی،سەرەڕای
چاوگێڕانی زۆر وورد ئەشرەفە فەنی بۆ نەبینرابۆوە.کابرا سێ بەسێ تەڵاقی ئەخوارد کە
پانزە ساڵ دراوسێتی ڕێگا لە ھەموو گومان و لێ تێکچوونێ ئەبەستێ،گەرچی کەس ئەمەی بۆ
ماڵی خوا لێخۆش‌بوو نەگێڕایەوە،بۆ ئەوەی برینیان نەکولێننەوە،بەڵام چەند سەعاتێکی پێ
نەچوو کە نیوەی شار ئەم بەسەرھاتەی بیستبوو،ھەموو جارێکیش ترش و خوێکەی زیادی ئەکرد.
یەک دوو ڕۆژ پاش ئەمە دراوسێیەکی تر لە شارەوانی ئەشرەفە فەنی
بەرچاو کەوتبوو،یەکێکێ تر لە خەزێنە،پورزایەکی لە بانقی عەقاری،برادەرێکی لە ئەوقاف،ھاوکارێکی
لە مەحکەمەی سوڵح،قوتابیەکی پێشووی لە تاپۆ،یەکێ لە کۆنە قوربانییەکانی خۆی لە ئەمنی
بەلدە........ئەم بەزمە وا پەرەی سەند کە ڕۆژی وا ھەبوو ئەشرەفە فەنی دوو سێ جار لەشوێنی
جۆر بەجۆردا خۆی پیشانی خەڵک ئەدا.مەسەلەکە
لە شاریش دەرچوو،ھەندێ لە نەخۆشخانەکەی(کەی توو)توشی ببوون،چەند یەکێکی تر لەسەر شەقامی
سەعدوون،دەستەیێکی تر لە جێبێکی جەیشی شەعبیدا لە قوڕنە دیبویان.ھەندێ چاوقایم نەیان
ھێشتبوو ئەم ھەلە بە فیڕۆ بچێ و تەنانەت چاکوچۆنی و قسەشیان لەگەڵدا کردبوو.بەڵام
کە لێیان پرسی بوو چۆنە سەربەست و..ئحم..یانی زیندووە،ئەشرەفە فەنی وەڵامێکی ڕوون
و تێر و تەسەلی نەدابۆوە.نەخێر ئەم بەزمە سنووریشی بەبێ پاسپۆرت بڕی.تاقمێ لەگەڵ
پاسدارەکانی بەردەرگای کامپی جەھرومدا دیبوویان نوێژی عیشای ئەکرد،دەستەیێکی تر تەواو
دڵنیان کە ئەشرەفە فەنیان لە گەڕەکی ساڵحیە لە دیمەشق دیوە.ئەوەی کە سەری لەم ھەقایەتە
دەرنەئەچوو کەسوکارەکەی ئەشرەفە فەنی خۆی بوو،جارێ ھەرگیز نەبیستراوە کەسێ بە زیندوێتی
لە قاوشی ئیعدامەوە گەڕابێتەوە،بەڵام ئەگەر پیاوەکە ماوە و نەکوژراوە،باشە بۆچی نایەتەوە
ناو ماڵ و منداڵەکەی؟بە میوانیش بێ سەرێ نادا؟کورە ھەر ھیچ نەبێ تەلەفونێک ناکا؟
کۆلکە ڕۆشنبیرەکەی
دراوسێیان ئەیگوت ئەمە لە پسیۆلۆجیادا پێی ئەگوترێ (گەلە ھیستریا).بەڵام مەلای گەڕەکەکە
سوێندی بە ئەغلەزول ئیمان ئەخوارد کە ئەشرەفە فەنی،سەرەڕای ھەموو بێ شەرەفیەکی،خوێنی
بە ناھەق ڕژاوە،بۆیە ڕۆحیانەتەکەی ھەر بە زیندوێتی ئەمێنێ،تا تۆڵەی خۆی لە سەبەبکاری
ئەکاتەوە و،خوا جەزرەبە بەوانە ئەگەیەنێ کە ملی موسوڵمانان ئەدەن بە شکاندن،بە ساڵداچووەکانیش
سەریان بائەدا،شەیتانیان بە نەحلەت ئەکرد و لە گەنجەکان ئەپاڕانەوە،کە بیریان نەچێ
دەرزی بدەن لە یەخەیان،چونکە ئەوەی ئەبینرێ خوالێخۆشبوو نییە بەڵکو خێوێکە و خۆی لە
وێنەی ئەودا ئەنوێنێ.سەلکە زۆڵێکیش ھیچ ڕێزێکی لە ھەستی خێزانی ئیعدام کراوەکە نەگرتبوو
و بە دەباشیر لەسەر دەرگاکەیانی نووسیبوو;تەڕتەڕ نەباشەد.
ڕۆژی ئەمڕۆیش کەسێ نییە
سەر نەکا بە دایرەیەکی دەوڵەتدا،بێ ئەوەی چاوی بە ئەشرەفەفەنیێ،دوان بگرە ھەندئجار
سیانیش نەکەوێ.
سمکۆ ناکام
نوسەر
123 جار خوێندراوەتەوە