سەرۆک لە نێوان ئیمام ئۆغڵۆ و ئەردۆگان

سەرەتای ئەم مانگە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ بە فەرمی رایگەیاند، دەبێتە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ ساڵی 2028 لەسەر لیستی جەهەپە، ئاشکرایە ئەم کارەکتەرە لە دوای ساڵی 2019 کە بۆ یەکەم جار لەبەرامبەر بن عەڵی یەڵدرم، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار خۆی هەڵبژاردو بە جیاوازیەکی زۆرەوە پێشی کەوت و بو بە سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستەمبوڵ، دواتر جارێکی تر لە 2024 توانی بەسەر کاندیدی ئاکەپە و مەهەپە سەرکەوێ و بۆ پێنج ساڵی تر کلیلی شارەوانی لەدەستی خۆی بهێڵێتەوە.

هەڵبەتە لەدوای دەرکەوتنی ئەم کارەکتەرە و بونی بە کەسی دووەم لەناو پارتی ئەتاتورک جۆرێک لە پرستیژ و هێزی بۆ دروست کردوە، ئەمەشە بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی و کۆمپانیا راپرسیەکان باسی ئەگەری بردنەوەی ئیمام ئۆغلۆ دەکەن لەبەرامبەر ئەردۆگان.

 

بۆیە لە ئێستاوە دەوڵەت دەیەوێ کێشە بۆ کاندیدبونی دروست بکەن و ئەویش لە رێگەی بڕوانامەکەی کە باس لەوە دەکرێ سەخت بێت.

 

بەدڵنیاییەوە بەرکەوتنی ئەو دوو کەسایەتیە وردە وردە توندتر دەبێ و ئاکەپەو دەوڵەت هەموو کارتێک و فشارێک بەکاردەهێنن بۆ خستنی ئیمام ئۆغڵۆ.

 

پرسیارەکە لێرە ئەوەیە ئایا دەوڵەت و دام و دەزگاکانی بە ئاشکرا دەتوانن لایەنداری بکەن و رکابەری ئەردۆگان بکەن؟ ئایا کاردانەوەی ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی چی دەبێ؟، چونکە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری پارت و لایەنە سیاسیەکانی ناو تورکیا و دەرەوەی وڵاتیش، باشبوونی رەوشی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکان، دەگەڕێنەوە بۆ رۆیشتنی ئەردۆگان، ئەمەش هۆکارە سەرەکیەکەییە کەوا دەگات چانسی دەرچوونی ئیمام ئۆغلۆ بەهێزبێ.

 

دەمێکە خەڵک دەیانەوێ کۆتایی بە سەرۆکە دیکتاتۆرەکەیان بهێنن، نایانەوێ ئیتر لە ژێر دەستی ژیان بکەن.

 

بۆیە ئەم سێ ساڵەی داهاتوو گەرمترین و توندترین وەخت دەبێ بۆ هاونیشتیمانیان و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازادو دادگاکان و کورد بەتایبەتی، سەرۆک نایەوێت دەستبەرداری کورسیەکە ببێت، ئەیەوێ بمێنێ و هەموو شتێک راماڵێ لە پێناو درێژکردنەوەی سەرۆکایەتیەکەی، تەنانەت هەڵبژاردنیش نەتوانێ زەفەری پێببا، چونکە سەرۆک قبوڵی شکەست ناکاو دیموکراسی و هەڵبژاردن بۆ ئەم جگە لە یارییەکی قێزەوەنی رۆژئاوا، شتێکی تر نییە.

 

سەرۆک دەمێکە وەکو سوڵتانێکی بەهێزی عوسمانی پارەو دەستەڵات دەبەخشێ و دەیەوێ دوا سەرۆکی سوڵتانی بێ لەم مەمملەکەتە، ئیتر پارتە ئۆپۆزسیۆن و رێکخراو میدیاو چاودێرانی سیاسی ترسی سەرۆکی هەتا هەتاییان لێ نیشتوە، رۆژانە لێدوان دەدەن، شیکردنەوە دەکەن، کۆنفرانس و سمینار بەرێوەدەبەن، دەیانەوێ کاروانی سەرۆک بوەستێنن، ئیتر بۆیە هەموو چاوەکان کەوتۆتە سەر هەڵبژاردنی 2028، هەروەها ئومێدێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و خەڵک بە ئیمام ئۆغڵۆییە کە بتوانێ سەرۆکێکی ٢٢ ساڵ لەسەر حوکم لا بدات و بانگی سەردەمێکی تازەو جیاواز بدات لەم وڵاتە.


255 جار خوێندراوەتەوە