ئەمڕۆ 22 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کەوتنی ڕژێمی بەعسی
عێراق و کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
هەواڵ:KNNC
لە ساڵی 2003 ئەمریکا بڕیاری داگیرکردنی عێراقی
دا بەتۆمەتی بونی چەکی کیمیایی، ناوەکی و بایۆلۆجی، ناوی لێنا ڕزگارکردنی عێراق و
لە 20ی ئازاری 2003، یەکەم بۆردومانی ئاسمانی بۆسەر عێراق دەست پێکرد.
لە 21ـی ئازار سەرەتای دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی
رزگارکردنی عێراق" راگەیەندرا کە نزیکەی 150 هەزار سەربازی ئەمریکی و 40 هەزار
سەربازی بەریتانیا ڕەوانەی عێراق کران بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە.
لەدوای بۆردومانێکی زۆری بەشێک لە شارەکانی عێراق
و بەکارهێنانی موشەکی کروز لە 25ی ئازاردا، ھەزاران سەربازی ھێزی پیادەی دەریایی گەیشتنە
شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار و وێڕای روبەڕوبەبونەوەی قورس لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە،
ھێزەکانی ئەمریکا بەرەو بەغدا پێشڕەوییان کرد.
لە حەوتی نیساندا، ھێزەکانی ئەمریکا گەیشتنە
ناوەڕاستی بەغداد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەک لە کۆشکەکانی کۆماریی،لە ٩ی نیساندا
ھێزەکانی ئەمریکا چونە نێو "شاری سەدام" باکووری رۆژھەڵاتی بەغدای پایتەخت
و بە تێکشکانی پەیکەرە برۆنزییەکەی سەدام حسێن زەنگی کەوتنی حکومەتی بەعس لێدرا.
لە دوای ئەو رێکەوتە، ھەردوو شاری کەرکوک و
مووسڵ لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە رزگارکران، بەڵام شاری تکریت ناوەندی پارێزگای
سەڵاحەددین شوێنی لەدایکبوونی سەدام حوسێن لە 14ـی نیساندا کەوت.
بەپێی داتاکانی ھەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا
و بەریتانیا، 139 سەربازی ئەمریکا و 33 سەربازی بەریتانیا کوژران و زیاتر لە حەوت
ھەزار و 300 مەدەنی عێراقی لەو جەنگەدا کوژران.
126 جار خوێندراوەتەوە