مەغریب مانگێكی دەستکرد لە ئیسرائیل بەنرخی یەك ملیار دۆلار دەكڕێت

KNN : Kurdish News Network
08:28 - 10/07/2024
زانستی
+
-

بۆ كڕینی مانگێكی دەستكردی سیخوڕ، مەغریب ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی ئیسرائیل بەنرخی یەك ملیار دۆلارە واژۆكردوە.


زانستی: (KNNC)


ماڵپەڕی عیبری (کالکالیست) کە تایبەتە بە هەواڵی تەکنەلۆژیا، بڵاویکردەوە، بەمەبەستی سیخوڕیكردن و هەواڵگری، مەغریب بەنزیکەی یەک ملیار دۆلار مانگی دەستکرد لە پیشەسازی فڕۆکەوانی ئیسرائیل دەکڕێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراونەتەوە لە كۆتایی ساڵی (2023) رێككەوتن لە نێوان ئیسرائیل و مەغریبدا ئەنجام دراوە.


ماڵپەڕەكە ئاشكرایكردوە، لە چەند رۆژی رابردودا ئەمیر پێرێتز، سەرۆکی کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە ڕێگەی وڵاتێکی ئەوروپیەوە سەردانی مەغریب بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە كردوە کە تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە.


کۆمپانیاکە بەشێک لە پێشکەوتوترین سیستەمی بەرگری موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل دروست دەکات، ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بڕیار وایە رێككەوتنەكەی لەگەڵ مەغریبدا لە ماوەی پێنج ساڵدا جێبەجێ بکرێت.


سەرچاوەكانی هەواڵ لە مەغریب لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە بڵاویانکردەوە، بەپێی گرێبەستەكە؛ کۆمپانیاکە مانگی دەستکردی سیخوڕی (ئۆفێک-13) بۆ مەغریب دابین دەکات و جێگەی دو مانگی دەستکردی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای ئەیرباس و تاڵز دەگرێتەوە.

250 جار خوێندراوەتەوە