کۆمپانیاکانی ریکلام لە رێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە گوێ لە گفتوگۆکانتان دەگرن

KNN : Kurdish News Network
02:37 - 06/09/2024
زانستی
+
-

 

ڕەنگە ئەمەش بەسەر تۆدا هاتبێت کاتێک باسی بابەتێک دەکەیت راستەوخۆ دوای کاتێكی کەم ئەو بابەتە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دێتە بەرچاوت، ئەمە بە بێ هۆ نییە.


تەکنەلۆژیا:KNNC

مۆبایلە زیرەکەکەت بڕێکی زۆر زانیاری کەسی هەڵدەگرێت، لە راستیدا بەشی زۆری ژیانت لەسەر ئەو مۆبایلەیە کە ڕۆژانە بۆ چەندین کاتژمێر بەکاری دەهێنێت، ئیمەیڵ، نامەی کورت، پەیوەندی کردن و گوێگرتن لە نامەی دەنگی، ڤیدیۆ و وێنە دەگریت و هاوبەشی دەکەیت لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە، بەڵام هەرگیز بیرت لەوەکردوەتەوە هەمو ئەم زانیارییانەی تۆ پارێزراو نییە و دەتوانرێت بە بێ ویستی خۆت گوێی لێبگیرێتەوە.

 

(میدیای 404) کە سایتێکی تایبەتمەندی بواری تەکنەلۆژییە، بڵاویکردووەتەوە کە کۆمپانیاکانی بازرگانی بە سود وەرگرتن لە مایکرۆفۆنی مۆبایلە زیرەکەکان گوێ لە گفتوگۆی بەکارهێنەران دەگرن و لەو ڕێگەیەوە و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە جۆری ریکلامەکانیان پیشانی بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان دەدەن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، گروپی کۆکس میدیا (CMG) کە کاریان پیشەسازی میدیایە، دانییان بەوەداناوە کە تەکنەلۆژیای زیرەکی (AIـ)یان بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە ڕێگەی مایکرۆفۆنی مۆبایلە زیرەکەکانەوە و تێکەڵکردنی لەگەڵ هەڵسوکەوتی بەکارهێنەر بۆ دابینکردنی ڕیکلامی ئامانجدار و ساغکردنەوەی کاڵاکانیان.

 

ئەم بابەتە کۆمپانیای مێتا و گۆگل و ئەمازۆنـی هێناوەتە سەرخەت و کۆمپانیای مێتا لەلایەن خۆیەوە رایگەیاندوە دەستدەکات بە لێکۆڵێنەوە لە گروپی "کۆکس" بە مەبەستی ئەوەی ئاخۆ مەرج و ڕێساکانیان پێشێلکردوە یاخود نا.

 

کۆمپانیای مێتا بڵاویکردوەتەوە کە ئەوان هەرگیز گوێ لە بەکارهێنەرەکانیان ناگرن و رەتیشی کردۆتەوە سود لە مایکرۆفۆنی مۆبایلەکان وربگرن بۆ ڕیکلامکردن.

جەختیشی کردۆتەوە ڕاوێژ لەگەڵ گروپی "کۆکوس" دەکات بۆ ڕونکردنەوەی ئەو پرسە.

 

دوای دزەپێکردنی ڕاپۆرتەکەی سایتی (Media 404) کۆمپانیای گووگڵ راستەوخۆ گروپی "کۆکس"ی لە بەرنامە سەربەخۆکانیدا لابرد، بە هۆکاری ئەوەی مافی بەکارهێنەرانی پێشێلکردوە.

 

هەرچی کۆمپانیای ئەمازۆنیشە ڕایگەیاندوە، کە هەرگیز هاوبەشی لەگەڵ گروپی "کۆکس" لە بەرنامەکەدا نەکردوە و ئەوان مامەڵە لەگەڵ هەر هاوبەشێک دەکەن کە یاساکانیان پێشێل نەکات.

 

پرسی گوێگرتن لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە ساڵانێکە جێگەی مشتومڕە و بڵاوبونەوەی ئەم راپۆرتە بوەتە هۆی دروستبونی گومان لەو مەرج و ڕێسایانە کە بەشداربوان لەکاتی بەکارهێنانی ئامێر و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا لەسەری ڕێکدەکەون.

 

یاساکانی پاراستنی زانیارییەکانی بەکارهێنەری ئامێرە دیجیتاڵییەکان لە سەرانسەری جیهاندا جیاوازن لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکلامە ئامانجدارەکان.

 


زۆرترینی یاساکان باس لەوە دەکەن کە دڵنیای دەدەن لەوەی کە پرۆسێسکردنی زانیارییە کەسییەکان بە شێوەیەکی شەفاف و پارێزراو ئەنجام دەدرێت و بە هەمو شێوەیەک تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنەر پارێزراوە.

236 جار خوێندراوەتەوە