هێزەکەى حەشدى شەعبى دەکشێنەوە

KNN : Kurdish News Network
11:24 - 25/08/2024
کوردستان
+
-

بەمەبەستى دەستبەسەرداگرتنى کێڵگەنەوتییەکانى کوڵەجۆى گەرمیان، هێزێکى حەشدى شەعبى بەرەبەیانى ئەمڕۆ هاتنە سنورى گەرمیان، فەرماندەیەکى پێشمەرگەش دەڵێت: هێزەکە بێ ئاگادارى سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە هاتون و لە چەند کاتژمێرى داهاتو دەکشێتەوە.




عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە لە گەرمیان بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ لە چەند کاتژمێرى داهاتودا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە و ئەو هێزەى بە سەدان ئامێر و کەرەستەى سەربازییەوە هاتبونە سنورى گەرمیان دەستیان بە کشانەوە کردوە.



ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە فەرمانیان پێگەیشتوە کێشە و روبەڕوبونەوە لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و ئەو هێزەى حەشدى شەعبى دروست نەبێت تا ئەوکاتەى هێزەکەیان بە تەواوەتى دەکشێتەوە.

 

 

ئەو فەرماندەیەى پێشمەرگە ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە ئەو هێزە چونەتەسەر کێڵگە نەوتییەکان و ویستویانە دەستى بەسەردابگرن، ئەم کارەشیان بێ ئاگادارى سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە ئەنجامداوە.

 

بەپێی زانیارییەکانى پەیامنێرى کەى ئێن ئێن، لە ئێستادا هێزەکەى حەشدى شەعبى لە کێڵگەى قەمەر دەستیان بە کشانەوە کردوە.

 

455 جار خوێندراوەتەوە