مەسعود پزیشکیان: هاتوین بۆ هەرێمى کوردستان تا پەیوەندییەکان بەهێز بکەین و ئەو کێشانەى هەمانە چارەسەرى بکەین

KNN : Kurdish News Network
01:23 - 12/09/2024
کوردستان
+
-

سەرۆککۆمارى ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێک وەک یەکەم سەرۆککۆمارى ئێران سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد، نوێنەرى حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لێکرد و دانا ئەحمەد مەجید، لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی بزوتنەوەى گۆڕانى کرد، پزیشکیانیش جەخت دەکاتەوە کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و عەجەم نییە و هاتون تا پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەن.


هەواڵ:KNNC



دواى کۆتاییهاتنى کۆبونەوەکەی مەسعود پزیشکیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت و نوێنەرى حیزب و لایەنە سیاسییەکان کە دانا ئەحمەد مەجید، وەک نوێنەرى بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارى تێدا کرد، سەرۆککۆمارى ئێران رایگەیاند؛ ئێران و هەرێمى کوردستان لە ئێستا و رابردودا روانگەى هاوبەشیان هەبوە و هەیە و لەکاتى کێشەکانیشدا پێکەوە بون و هاوڕێ بون.


جەختى کردەوە کە پێویستە هەردو وڵات سود لە پەیوەندییە دۆستایەتییەکانیان وەربگرن و زەمینەى لەبار بڕەخسێنن بۆ گەشەکردنى زیاترى پەیوەندییەکانیان، وتیشى: هاتوین ئەو پەیوەندییەى لەگەڵ هەولێر و کوردستان و عێراق هەمانە بەهێزى بکەین و ئەو کێشانەى هەمانبوە نەیانهێڵین.


وتى: لە کۆبونەوەکانماندا باسمان لە روانگەى پێغەمبەر و ئیمامە گەورەکان کردوە لەوەى مرۆڤ دەبێت بەیەکەوە بن و جیاوازییان نییە، جەختى کردەوە کە جیاوازى لەنێوان عەرەب و کورد و تورک و عەجەم نییە و ئەو جیاوازییەى هەیە تەنها لەڕوى تواناوەیە و دەبێت ئەوەى تواناى زیاترە باشتر بێت.


لاى خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند؛ هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکى مێژویی و کەلتوریی و زمانیی هەیە و دیدارى سەرۆککۆمارى ئێران وەک یەکەم سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە کە لە هەولێر دیدارى کرد  بۆ ئێمە روداوێکى مێژوییە.

 

وتیشى: لە کۆبونەوەکانمان لەسەر پەیوەندییە هاوبەشەکان بەتایبەت پرسە ئەمنییەکان قسەمان کرد و جەختمان کردەوە خاکى هەرێمى کوردستان بۆ خراپکردنى پەیوەندییەکان بەکارنایەت و وەک یەک تیم کێشەکان چارەسەر دەکەین.


وتیشى: هەمیشە لە کاتە سەختەکان ئێران لە پشتمان بوە.

588 جار خوێندراوەتەوە