چۆن پێگەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بەهێز دەبێت؟

پێگەی کورد لە بەغدا بە تەنها بەوە بەهێز نابێت، کە هەندێک لە کەسایەتی بەهێز و پڕۆفیشوناڵ و ئاکادیمی ببنە پەرلەمانتار، یان هەندێک لە کادری دڵسۆز و مولتەزیمی حیزبە سیاسیەکانی هەرێم ببنە وەزیر و ڕاوێژکار و کارمەندی زێدە گرنگ لە دامودەزگاکانی حوکمڕانی لە بەغدای پایتەخت دا.!

بەهێزبوونی پێگەی کورد لە بەغدا، پەیوەستە بە بەهێزبوونی پێگە و  نەخشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە سێکوچکەی دەسەڵاتەکانی(تەشریعی، تەنفیزی، قەزائی) حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دا.

 

ئێمە چەندە لەهەرێم سەرکەوتو بین لە ئەزمونی حوکمڕانیەکی ڕەشید و نزیک لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسیەت و ئازادی و فرەیی و یەکترقەبوڵکردن و شەفافیەت دا، هێندەی ئەو سەرکەوتنانە زیاتر، لە بەغدا پێگەو سەنگی سیاسی و فەرهەنگیمان  قورستر دەبێت. پەرلەمانتارەکانمان باشتر ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

ئەزمونی هەڵبژاردنی نوێنەرانی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان، وەکو یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی پرۆسەی دیموکراسی، چەندە پاک و دوور بێت لە تەزویر و پێشێلکاری، هێندە ناو و شکۆی هەرێمەکە لە ناوەند درەوشاوە و بەهێزتر دەبێت.

پێگە و قورسایی ئێمە لە بەغدا هەر بە تەنها پەیوەست نییە بە کەموزۆری ژمارەی پەرلەمانتار و وەزیرەکانمانەوە، بەڵکو پێگەی ئێمە لە بەغدا پەیوەستە بە مێژوی خەباتی ئێمە دژ بە زوڵم و زۆرداری و دیکتاتۆریەتی ڕژێمە هەمە چەشنەکانی عێراقەوە، بەدیوێکی تردا، پەیوەستە بە ڕێژە و ژمارەی قوربانیەکانمانەوە بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە لە قوربانیدان.

پێگەی ئێمە لە بەغدا کاتێک بەهێز دەبێت، کە مۆدێلی حوکمڕانیەکەمان نمونەیی بێت، ستایل و شێوازی کارکردنی پەرلەمانەکەمان نمونەی دەگمەن بێت  لە تەشریع و مراقەبەی حکومەت و پەسەندکردنی بودجەدا. کاتێک ڕەوشو کەشوهەوای ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین، لە ئاستێکی بەرز و مۆدێرندا بێت، ئەوسا نوێنەرانی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان زوڵاڵ و پشت ئەستور دەبن بە نمونە جوانەکانی حوکمڕانی ڕەشیدی هەرێمەکەیان.

پێگەی کورد لە بەغدا یان لەتاران و ئانکارا کاتێک بەهێز دەبێت، کە ئاستی زانستی زانکۆکانمان بچێتە ڕیزبەندی زانکۆ بەناوبانگە جیهانیەکان، کاتێک ئەو ناوەندانە پێویستیان بە توانا مرۆیەکانی ئێمە بێت. جێدەست و توانا زانستیەکانی پرۆفیسۆری زانکۆ وشارەزا و زانا و کارشناسی هەمەجۆری ئێمە لە بواری( فیزیک و کیمیا و فەلەکناسی  و ماتماتیک و، ئای تی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی) لە زانکۆ و ناوەندە زانستی و لێکۆڵینەوە هەمەجۆرەکانی بەغدا و تاران و ئانکارادا ڕەنگ بداتەوە.

 

بۆیە گرنگە پرسیارێکی بونیادی لەمەڕ خۆمان و چارەنوسی خۆمان بە عێراقەوە بکەین؟

چۆن دەتوانین لەم پەیوەندیە ئاڵۆز و پڕ لە کێشە و قەیرانەی عێراق ڕزگارمان بێت؟

چۆن دەتوانین لەسەرەتای ئەم سەدەیەدا وا بکەین عێراق پەیوەست و گیرۆدەی توناکانی ئێمە بێت؟ نەک ئێمە چاوەڕوانی لوتفی ئەوان بین بۆ ناردنی جەردەیەک پارەی موچەی فەرمانبەران..!

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ڕێگاکانی دیکە تاقی بکەیەنەوە بۆ ڕزگاربوون لە کۆتوبەندی پەیوەستبوون بە عێراقەوە؟

ئێمەی کورد وەک کەمینەیەکی زوڵملێکراو بەدرێژایی مێژویەکی پڕ لە کوشتن و جینوسایدکردن، ڕێگایەکی باشتر هەیە تاقیمان نەکردۆتەوە...

ڕێگاکەش ئەوەیە خۆمان چەکدار بکەین بە چەکی زانست و تەکنەلۆژیا، نەوە زیرەک و بە تواناکانمان بنێرینە زانکۆ گرنگ و مەزنەکانی جیهان.

ئەو نەوانە لە دواڕۆژێکی نزیکدا دەبنە شارەزا و زانا و پڕۆفیسۆری هەمەجۆری زانست و تەکنەلۆژیا...لە ئاستی جیهانیدا..

ئەگەر هەرێمی کوردستان بونیاد و ژێرخانی زانستی و ئابوری خۆی بەهێز بکات، بەمانایەکی تر هەرێم دامەزراوەکانی لە ڕوی زانستی و ئابوری و ئیداریەوە بباتە ڕێزی دامەزراوە جیهانی و گلوباڵیەکان، واتا پێگە و سەنگی زانگۆ و ئینستیتۆتەکانی ئێمە ببنە بەشێک لە مەنزومەی زانستی جیهانی.. ئەو کاتە جیهان بەگشتی و بەغدا و تاران و ئانکارا  بە تایبەتی ناچار دەبن لە دەرگای ئێمە بدەن بۆ هاوکاری و یارمەتی.

هەرێمی کوردستان وەک حکومەت و پەرلەمان ، وەک پرس و دۆزی نەتەوەیی کورد، تەنها بە چوونی دەیان پەرلەمانی دڵسۆز و زیرەک و بەتوانا و مولتەزیم پێگەی زۆر بەهێز نابێت..! چونکە ئێمە هەمیشە کەمینەین لە بەغدا، هەمیشە لە شەڕێکداین لەگەڵ عەقڵیەتێکدا کە بڕوای بە بنەماکانی دیموکراسەت و مافەکانی مرۆڤ نییە..!

بۆیە باشترە بیر لە ڕێگا چارەیەکی تر بکەینەوە.. ئەویش بریتییە لە یەکڕیزی نێو ماڵی خۆمان، بەهێزکردنی خۆمان بە چەکی زانست و ئابوری و تەکنەلۆژیا.

بە بەهێزکردنی دامودەزگاکانمان، بە چەسپاندنی بنەما سەرەکیەکانی حوکمی ڕەشید و دیمۆکراسی.

ئێمە لە دەساڵی داهاتودا سەرقاڵی ئەو پڕۆژە ستراتیژیە بین لە بونیاتنانی هەرێمەکەی خۆمان لە هەموو بوارەکاندا، بێگومان پێگە و هەژمونی سیاسی هەرێم لە بەغدا دەیان هێندەی ئێستا بەهێزتر و کاریگەر تر دەبێت...

ژمارەی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کەمیش بێت  گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە دڵسۆز و بە ئاوەز و مولتەزیم بن.

چارەسەری کێشە بونیادیەکانی ئێمەی کورد لە بەغدا لە نێو ماڵی خۆمانەوە دەستپێدەکات.

 

نێو ماڵی خۆمان تۆکمە بکەین، دەستورێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بنوسینەوە کە ببێتە چەتر و زامنی خۆمان و نەوەکانمان.

حکومەتێکی بەهێز و ڕەشید و شەفاف دابمەزرێنین، کە بتوانێ خەونی قوربانیانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی مێژوی قوربانیدانمان بکاتە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری.

 ئەو کاتە ئێمە هێندە بەهێز دەبین، کە پێویستمان بە بڕە پارەی بەغدا نابێت، رەنگە بەغدا پێوستی بە قەرز و کۆمەکی بانکە موعتەبەرەکانی هەرێم بێت بۆ بونیاتنانەوەی عێراقێکی باشتر لەم عێراقەی ئێستا.

551 جار خوێندراوەتەوە