بۆچی گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا دەکات؟

گۆڕانکاریەکانی دەوروبەرمان هەم ئاڵۆزو هەم خێران، هەردووکیان ناچارمان دەکەن لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوی تردا جۆرێک لە سازان و رێککەوتننامەی سیاسی ئەنجام بدەین. بەخۆمان و ئەوان و واقیعەکەشدا بچینەوە. نەخشەی نوێ دابڕێژین بۆ ئامانجە نوێکان.

گۆڕانکاری دەوروبەرمان بەو خێراییە داوای جۆرێک لە فلێکسبلیتی (Flexibility) نەرمەکارمان لێدەکات. بۆ ئەوەی لەئاستی جێبەجێکردنی ئەو داوایانەدا بین دەبێ بگونجێین، واقیعیبین، پەیام و بەرنامەو کارنامەمان بەجۆرێک فۆرمولە بکەین کە زۆربەی زۆری خەڵک بەرژەوەندی خۆی تێدا ببینێتەوە، بەوەش متمانەی زۆرتری خەڵک مسۆگەر دەکەین.

ئەگەر حکومەت بریتی بیت لە دامەزراوەیەکی دیاریکراو، کە باڵاترین دەسەڵات دەگرێتە دەست بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی تایبەت لە نیشتیمانێکی دیاریکراودا. ئەوا دەسەڵاتی پەرلەمان و دادوەری هەم سنوری هەریەکەیان دیاریکراوەو، هەم هاوسەنگیان لەگەڵ یەکتردا و لەگەڵ حکومەت و هاوڵاتیاندا دەستوربەند کراوە. کەواتە بەشداریکردن لە حکومەتدا بەشێوەیەک لە شێوەکان جێبەجێکردنی بەرنامەو دیدگای سیاسیانەی هەر ڕێکخراوێکی سیاسییە بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی هەر کۆمەڵگایەک.

لەم ڕوانگەیەوە بەرپرسیارێتی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری و شەراکەت لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە کۆمەڵێ سەوابتی بنەڕەتی. ئەوانیش بریتین لە سەوابیتەکانی نیشتیمانی و نەتەوەیی و دینی و ئینسانی.

یەکەم: لەڕوانگەی سەوابتی نیشتیمانیەوە گرنگە کابینەی نۆهەم، ببێتە حکومەتی هاوڵاتیان و، چەمکی هاوڵاتیبوون بکرێتە پێوەر بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، دوور لە ئینتیمای حیزبی و خیڵەکی و دینی‌و ڕەگەزی...

دووەم: جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان واقیعیەتێکی هەیە کە پێویست دەکات، حکومەت بەرپرسیارێتی سەوابیتە نەتەوەییەکان بکاتە نەخشەڕێگای خۆی، بەمانایەکی تر، لەسەر حیسابی کوردانی پارچەکانی تر هیچ جۆرە مامەڵەو ڕێککەوتنێکی سیاسی و بازرگانی دژ بە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی لەو بەشانەی کوردستاندا نەکات.

سێیەم: لەڕوانگەی سەوابتی دینییەوە، پەرلەمانی کوردستان نابێت هیچ یاسایەک دەربکات  کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دینی لەنێوان ئاینزاکانی هەرێمی کوردستاندا.

چوارەم: لەڕوانگەی سەوابیتی ئینسانییەوە، گرنگە کارنامەی حکومەت دژ بە سەوابیتە ئینسانی و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان نەبێت. ئازادی تاک، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی ئاین و یەکسانی نێوان ژن و پیاو، مافە بنەڕەتیەکانی مناڵ، خوێندن و ..هتد فەراهەم بکرێ.

لەم سۆنگەیەوە بزوتنەوەی گۆڕان شەراکەت و بەشداری ڕاستەقینەی حکومەت دەکات لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا.

لەسەر مەسەلەی دەستوری هەرێمیش لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی NGO و دیالۆگی جددی دەکات بەمەبەستی دروستکردنی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراتی  پەرلەمانی.

بەشداریکردن لە حکومەتدا هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەیە، گرنگی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا ئەوەیە، کە بەرنامە سیاسییەکەی خۆی لەگەڵ سەوابتە مەبدەئیەکانی و پاشان پاکێجەکانی چاکسازی بکاتە بناغە و نەخشەڕێگای شەراکەت لە حکومەتدا.

تایبەت بە پۆستە سیاسییەکان و وەزارەتەکان، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بناغەی سیستمی خاڵ ئەو پۆستانەی وەرگرتووە. واتا ئێمە بەپێی ئیستیحقاقاتی ئینتیخابی لە ١٢٪ی خۆمان پشکمان وەرگرتووە. هەموو ئەو دەنگۆو هێرشە میدیاییانەی دەوترێت: “گوایە گۆڕان دوو هێندەی ئیستیحقاقی ئینتیخابی خۆی پۆستی وەرگرتووە..!” دوورن لەڕاستییەوە.

ڕاستیەکە ئەوەیە: نە بزوتنەوەی گۆڕان رێژەی لە ١٢٪ی بەرکەوتەی خۆی وەرگرتووەو، نە پارتی رێژەی لە ٤٥٪ی پۆستەکانی لایەو نە یەکیەتی لە ٢١٪ی پۆستەکانی لایە. پارتی و یەکیەتی ٦٦ کورسی پەرلەمانیان هەیە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا لە ٧٥٪ زیاتر لەهەموو جومگەکانی دەسەڵاتداری و پۆستەکانی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوەیە.

گرنگ ئەوەیە کابینەی نوێ، بتوانێ کارنامەکەی جێبەجێ بکات، خەڵک سودمەندی سەرەکی بێت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەدا لەهەموو ئاستێکدا. هەرێم بکەوێتە قۆناغێکی ترەوە کە دەسەڵاتەکانی حکومەت و پەرلەمان و دادوەری دووربن لە کاریگەری و هەژمونی حیزب .

خاڵێکی گرنگ لە ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆهەم بریتیە لە ئیجبارکردنی لایەنە سیاسییەکان کە دژی دوو ئیدارەیی بوەستنەوەو “حکومەت و هەموو لایەنە سیاسییەکان پابەندبن بە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان  و کاربکەن بۆ ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان”.

 

له‌ ڕۆژنامه‌ی زه‌مه‌ن وه‌رگیراوه‌:

 

956 جار خوێندراوەتەوە