ئایا خوێنی کورد هەرزانە...!

لێرەو لەوێ، لە مێژوی کۆن و نوێ، کیژی کورد، مێردمناڵ و پیرو جەوانی کورد بەناهەق دەکوژرێن..!ٚ ماڵ و ژیانیان دەسوتێنرێ، ئاوارە دەکرێن. دەکرێن بە سەبایا و کۆیلە و غوڵام..! ئەم مێژوی کوشتن و ئەنفال و ماڵوێرانیکردنە بەردەوامە.. ڕۆژێک دەسەڵاتی مەغۆل و ڕۆژی دواتر تەتەر و  عوسمانی و ڕۆژێک سەفەوی ئێرانی شیعە.. تا ئیمڕۆ هەموویان بەخوێنی بەناهەقڕژاوی ڕۆڵەکانی ئێمە مێژویەکی ساختە و پڕ لە خورافات و درۆ و ناڕاستیان بۆ نوسیوینەتەوە..

تازەترین مەرگەساتی قەتڵوعامی ئێمە بریتییە لە جینوسادیتکردنی  کوردانی ئێزیدی لە لایەن  دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) .
ئازاری قەتڵوعامی ئێزیدیان ، برینی جینوسایدی گەرمیانیەکان و بارزانییەکانمان وەسوێ دەخاتەوە.

ناهەقی و قەتڵوعامی ناوچەداگیرکراوەکانی کەرکوک و دوز و خانەقین لەلایەن حەشدی جەهل و تینو بەخوێنی کورد  لاپەڕەیەکی ترە لە مێژوی پڕ لە تڕادیژیای ئێمەی کورد..

بەرگی خەمو کوشتن و غەدرو دەستدرێژی٫  ژیانی ئێمەی ڕەنڕێژ کردووە، ڕۆژێ لەدیاربەکر و ڕۆژێ لە پاریس، ڕۆژی لەسنە و ڕۆژی دواتر لەسەقز...مەرگی  ژینا تێمپۆی ئەو ئاوازە تراژیدیایەیە  لە مەرگی دەستەجەمعی ئێمە بۆ ئازادی..

ئێستا شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک کانییەک لە مێژوی قوربانیدانی خوێن و مەرگ،  گڕکانێکیان دروست کردووە. ئەوان بەخوێنی سەدان هەزار ژینا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەنوسن و دەیکەنە ئاکشنی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە مەرگدۆستی.

درەنگ یان زوو، چیرۆکی خەباتی  ئێمەی کورد بۆ ئازادی گوڵ دەگرێ. مەرگی هەزاران هەزار مێرمنداڵی سلێمانی و سەقز و سنەو ئامێدی تێکەڵ دەبێ بە ئازاری کۆبانی و هەولێر و هەڵەبجەو  عەفرین ....

ئێمە زیندوین، دەخەبتێین، خەباتی جۆراوجۆر، دوژمنانمان دەمانکاتە دوژمن بەیەک، شەڕی ئایدۆلۆژیامان تێدا دەوروژێنێ..!

بەڵام لاوی کورد هۆشیارە، چیرۆکی ئازایەتی و خوێنی بەناهەق ڕژاوی ژیناکان دەکات بە ئیلهامی هەڵوەشاندنەوەی پلان و تەونی شەیتانئامێزی دوژمنانی مەرگدۆست.!

زۆر گرنگە تەجرەبەی کوردانی باشور و باکور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی دەیەکانی ڕابوردودا ببێتە وانەی ئیلهامی  لێوە فێربوون بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات لە هەلومەرجی ئێستادا..
ژینا وەک قوربانی غەدری ئەم دواڕۆژانە، جیاواز نییە لە ئاوازێکی نەمری بۆ ئازادی ئینسانی ئێمە دەرهەق بە دیلێتی و  ژێردەستەیی..

ئێمە خەڵکێکین سەدان ساڵە لە پێناو ئازادی خۆمان نەتەوە سەردەستەکاندا بە خوێنی خۆمان، بە ئاستی بیرکردنەوە و تێکستەکانمان بەردەوام قوربانی دەدەین ، لەپێناوی بەدیهێنانی ژیانێک زۆر باشتر لە ژیانی یەکتر کوشتن و ،یەکتر سڕینەوە و ، یەکتر فەرامۆشکردنەدا.

دەشێ خوێنی بەناهەقڕژاوی ژینا ببێتە ئەنرێژی بڵێسەی ئاگری ڕقو کینەی خەڵکی ئەم دەڤەرە دژ بە ناهەقی و زوڵم و کۆیلایەتی...!

سڵاوی پڕ لە وەفاداری بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان..

سڵاو لە گیانی ژینا و ژیناکانی هەموو جیهان.

سڵاو لە هەموو ئازادیخوازان لە هەرکوێیەک بن.

194 جار خوێندراوەتەوە