ڕاڤەی هێرشەکان

ئەوەی لە هێرشەکەی سەر تاوەر-22 لە ئوردون رویدا، شکانی ترسی میلیشیاکان بو لە هێرشکردنەسەر ئەمریکییەکان. ئەوەی شەوی رابردو رویدا هەوڵدان بو بۆ دروستکردنەوەی ئەو ترسە. بەم پرۆسەیە دەڵێن: چاوترساندن یان دیتێرەنس.

ئەوەی زیاتر ئەمەمان بۆ رون دەکاتەوە، بەکار هێنانی فڕۆکەی B1B بو کە لە ئەمریکاوە هاتبو، لە ئاسمان بەنزینیان کردبو، هەروەها گەڕانەوە بۆ ئەمریکا، ئەمە لە کاتێکدا ئەمریکا دەیتوانی هێزی دەریاوانی لە ناوچەکە بەکاربهێنێت، بەڵام هاتنی فڕۆکە لە ئەمریکاوە مانای وەهایە، لە ناوچەکە بن یان نا، توانای هێرشیان هەیە. ئەمە یەکێک بوو لە ئەو قسانەی ئەمریکیەکان بە عێراقییەکانیان گوت، لە عێراق بمێنین یان نا، توانای هێرشمان هەیە.

کرۆکی چاوترساندن یان دیتێرەنس زۆری و وردییە. بە جۆرێک وەها لە بەرامبەر بکات جارێکی تر پەنا بۆ کاری وەک کارەکەی پێشوو نەبات، چونکە سزای زۆرە.

ئایا ئەمریکا تەنها نمایشی هێزی کرد یان ویستی ئازار بگەیەنێت، ئەوەی دوێنێ شەو زیاتر لە نمایش دەچو. پێشاندانی توانا بۆ چاوترساندن. ئایا ئێران میلیشیاکانی بەمجۆرە چاوترس دەبن؟ لای زۆر کەس نەخێر دەبێت کەسایەتی دیاری تیادا بکوژرێت، ئەوەی لە ئەدەبیاتی عێراقیدا پێی دەڵێن کەباب.

دیارە هەندێک رەهەندی سیمبولی تر هەبو، بۆ نمونە هاوکاتبونی هێرشەکان لە گەڵ ناشتنی تەرمی سەربازەکان، هەرچەندە ئەمریکیەکان نکوڵی ئەمە دەکەن و دەڵێن: دواکەوتن پەیوەندی بە پلانەوە هەبو. هەندێک دەڵێن دواکەوتن پێدانی کات بو بە ئێران بۆ ئەوەی ئەفسەرەکانی بکشێنێتەوە و عەبود و مەبود بکوژرێن نەک ئێرانی. 
هەروەها شوێنی دەستپێکردن، چونکە هێرشەکان لەو جێگایەوە کرابوو.
ئەگەر تەنها ئەمەبێت بەس نیە!

112 جار خوێندراوەتەوە