بەهۆکاری نادادی و بەفیڕۆدان و داگیرکاریی زەوی
کاتی ئەوە نەهاتوە تانە لە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم بدرێت لە دادگای باڵای فیدڕاڵی
عێراق ؟
یاسای وەبەرهێنان ژمارە “ 4 “ ی ساڵی “ 2006 “
کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە راستە یاسایەکە ناوی وەبەرهێنانە و بۆ وەبەرهێنان
لە زۆر بواردا دەرچوە کە لە ماددەی دوەمی یاساکە باسی رەهەندە جیاوازەکانی کردوە وەک
“ پیشەسازی، کشتوکاڵ، ژینگە، تەندروستی، گەشتیاری و بانکەکان و پەروەردە و فێرکردن و گواستنەوە و
گەیاندن؛ تەنانەت لایەنی زانستی و توێژینەوەی زانستی “ بەڵام یاساکە وەک ئەوەی بەبەری
باڵای وەبەرهێنەرانی بواری نیشتەجێکردندا دورابێت لە ماوەی 18 ساڵی دەرچونیدا سەدان
مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پرۆژەکانی نیشتەجێکردن دراوە بێ هیچ مەرج و سودێکی گران لەسەریان
دەیان هەزار دۆنم زەوی بە ناوی وەبەرهێنان بەپێی ماددە “ چوارەم / دووەم” لە یاسای
وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێن تەرخان کراوە بەشێوەی مساطحە و بەنرخی هاندەر “ مدعوم “ بەڵام
ئەوەی جێی پرسیارە ئایا دانی زەوی بە خۆڕایی و نرخی رەمزی هاندەرە یان بەخشینەوە ؟
بەمجۆرە دانی زەوی بە نرخێکی رەمزی لە باشترین
و جوانترین شوێنەکانی شارەکاندا ئەویش بەو کەسانەی توانیویانە ببنە خاوەنی مۆڵەتی
دروستکردنی پرۆژەی وەبەرهێنان “ بەهەر رێگایەک بێت “ ئەمەش پاڵپشت بە بڕگەی هەشتەمی هەمان ماددە کە تیایدا باسی لە وەبەرهێنانی
نیشتەجێکردن دەکات، ئەمە جگە لەو هەمو بەخشین و ئاسانکارییانەی لە باج و رسومات بۆ
وەبەرهێنەران بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کراوە و لەگرنگترینیان بەخشینیەتی بۆ
ماوەی “ 10 “ ساڵ لە هەمو جۆرە باجێک .
ئەمە لە کاتێکدایە هەمو یاساکانی هەرێم و عێراق
بە یاسای وەبەرهێنانی ئاماژە بۆ کراویشەوە لەژێر چاودێری دەستوری دادگای فیدڕاڵیدان
و لە دەستوری عێراقیشدا بەپێی ماددە “ 26 “ وەبەرهێنان لەلایەن دەوڵەتەوە ئیدارە پاڵپشت دەکرێت و یاسای بۆ دەردەکرێت بەڵام
هەر بەپێی ماددە “ 27/ یەکەم “ لە هەمان دەستور ماڵ و موڵکی دەوڵەت پارێزگاریکردنی
واجب کردوە لەسەر هەمو تاکێک، کەواتە نابێت یاسای وەبەرهێنان بەجۆرێک بێت بەهەدەردان
و بەخشینەوەی زەوی و خاکی وڵاتی تێدابێت .
لێرەدا دەپرسین دەرکردنی یاسایەک بەو جۆرە لە هەرێم
کە زەوی و شاخ و داخ و باخ و سەوزایی کردە بەخشش بۆ وەبەرهێنەران و لە سایەیدا بونە
ملیۆنەری دۆلار لەسەر موڵک و زەوی دەوڵەت گشتی پێچەوانەی دەقەکانی ئەو دەستورە نییە؟.
بۆیە دەپرسین یاسایەک ئەمە ئەنجام و دەرهاویشتە
و سود و زیانەکانی بێت، کاتی ئەوە نەهاتوە تانەی بەنادەستوری بونی لە دادگای فیدراڵی
لێبدرێت، تا چیدیکە لەژێر ناوی یاسادا خاک و ئاوی ئەم وڵاتە بەهەدەر نەدرێت .
151 جار خوێندراوەتەوە