زۆرجار دۆستەکانمان گلەیی دەکەن لەوەی کە بۆچی وەڵامی ئەو چەواشەکارییانە
نادەینەوە، بە تایبەت دەرهەق بە باوکمان (ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا) کە زۆر بێویژدانانە
لە غیابی خۆیدا هەندێ کەس قسەی لەبارەوە دەکەن، بەڵام ئێمە ویژدانی خەڵک و مێژومان
کردوە بە دادوەر لەسەر باوکمان. ئیتر هەرزو ڕەوانشاد ماهیەتی پوچی هەمویانی دەرخست،
پێشی وتین: ئەوانە خۆراکیان درۆ و دراوە. ناشمانەوێت هیچ مشەخۆرێک بخەینە رستەوە و
گەورەیان بکەین، بە تایبەت کەسانێک دوای مەرگی ئەو زاتی هەندێ مینگە مینگ دەکەن،
باشتر بو وەک نەوشیروان مستەفا فێربن بە زیندویی و روبەڕو قسە بکەن تا خەڵک لەو هەرزان
بازاڕیەیاندا بە دوو عانە قسەیان لێ بکڕێت. بەڵام وادیارە پێستی ڕویان هێند قایمە
شمشێری میسری نایبڕێ!.
هەندێ جار قسەش ئەکرێت،
قسەکان لە چیرۆکی مەلا و فەقێیەک ئەچێت، کە فەقێکە بۆ یەکەمجار لەسەر مینبەر وتاری
دابو، دواییش چوبو بۆ لای مامۆستاکەی وتبوی: وتارەکەم چۆن بو؟.
مەلاکەش لە وەڵامدا
وتبوی: کوڕم وەڵاهی نازانم لە کوێوە دەست بەڕاستکردنەوە بکەم، ئیمامی عومەر نەبو ئیمامی
عەلی بو، بە دۆشکە تەقەی لێنەکرا بە شمشێر شەهید کرا، شوێنەکەش دابان و هەلاج نەبو
بەڵکو شاری کوفە بو.
ئەمە لە نەزانی بێت یان
بە ئەنقەست و مەستی، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ناتوانێت مێژو چەواشە بکات. ئەو جۆرە کەسانە
وەک کفر وەهان و هەرگیز کاریتەیان لێ هەڵناکەوێت، چونکە کورد گوتەنی کاریتە لە کفر
هەڵناکەوێت، جا ئەگەرچی بە بەژنی باڵای پیرە داربەڕودا هەڵزنێن.
بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا
ڤیدیۆیەکیان بۆ ناردین کە روداوێک دەگێڕێتەوە و منی کردوە بە شاهید، مادام ئێمەیان
کردوە بە شاهید، ناچار ئەبێت وەکو مەلاکە درۆکانیان سپی بکەینەوە و راستیەکان بڵێین
چونکە:
بارودۆخ ئارام بوو،
گرژی نەبو. لە دۆڵەڕوتەوە ڕۆیشتین بۆ سەرگەڵو نەک ئەزمەڕ و قوڵەڕەش. بۆ سەیران و
پشو چوین نەک خۆشاردنەوە. یەک شەو ماینەوە نەک دوو. جەنابت نەتفەرمو مام جەلال
باوکمانە، بە پێچەوانەوە هەرچی شتی نەشیاو بە دەمتا هات، کە ئاکار و پەروەردەی خێزانیمان
ڕێگەمان نادات بیگێڕینەوە، دژی مام جەلالی ڕەحمەتی درێغیت نەکرد!.
ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچو
لە هەر کوێ و کونێکەوە با-ی بێت لەوێوە شەن بکەن و بگەنە خەرمانی سور. ئێستا هەندێک
لەوانە فێرکراون بە فوی میدیا و ئەولا و ئەملا دەیانەوێت خەرمان سور بکەن، بەڵام پێناچێت
لە باراشی فرە ئاش هیچ كۆبكەنەوە، گەرنا چیرۆکی مەست و پەراوێزکەوتوان لە گێڕانەوەکانیاندا
خۆیان لێ دەبێت بە پاڵەوان و پڕۆتاگۆنیست لە کوێی مێژوی ئێمەدا بینراون؟
وڕێنە و موهاتەراتەکانیان
نابنە کۆڵەکەی هیچ سەقف و بینایەکی راست و چەسپاو، کە بە ئاگا دێنەوە دەزانن تەنها
گیا تەرویەکن نەک زیاتر، لەبەرئەوە ئاساییە خێرا پەنا ببەنەوە سەرمێزی خاوەن دراو
و دەرونی بیماریان تیمار بکەن.
هیوادارین ئەمە نمونەیەک
بێت، هانمان نەدەن تا سەرقاپی ئەو کەسانە هەڵبدەینەوە کە خۆیان لەبەر بۆنی خۆیان
ناژین. لە کۆتاییدا، دەمێکە شاعیری هەرمان (حاجی قادری کۆیی) بە قەسیدەی (وا دیارە
ڕەسم و قانونێکی دەوران دادەنێ) وەسفی ئەو
نەخۆش و خۆفرۆشانەی کردوە و بەر نەفرەتی مێژوی خستون، هەر لەوێدا دەڵێت:
باغ و ڕاغی بولبولە دەیکاتە
جێی زاغ و زەغەن
گورگ و مام ڕێوی لە بێشە و لانی شێران دادەنێ
273 جار خوێندراوەتەوە