شڵپەشڵپ بۆ شلوێکردنی گۆمەکە؛ بە مۆدێلى شەڕى کرێگرتەکان

شەڕەکانی دونیای ئەمڕۆ، چ شەڕی فیزیکی بن، چ شەڕی ئایدۆلۆجی و ململانێی زلهێزەکان، زۆربەیان گۆڕاون بۆ مۆدێلی کرێگرتەیی و شەڕی (proxy).

 

جاران گەورە دەوڵەتێکی وەکو ئەمەریکا، ناچار بو بە سەربازی (دەوڵەتیی) خۆی لە بەرەکانی جەنگدا روبەڕوی بەرانبەرەکانی ببێتەوە، ڤێتنام نمونەیەکی زیندوی ئەو دۆخەیە؛ بەڵام لە حاڵی ئێستادا ئەگەر جەنگی ئۆکراینا وەک نمونە وەربگرین، لە روکەشدا جەنگەکە لە نێوان روسیا و دەوڵەتی ئۆکراینایە، بەڵام لە بەرەی روسیا ئەوەی شەڕڤانی راستەقینەیە، زۆربەی "ڤاگنەر" و مورتەزەقەی بیلاڕوسی و چیچانی و ئەساسینەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپان، لە بەرەی ئۆکرایناش، بە سەدان شەڕکەری بەکرێگیراو، بە موچەی مانگانەی (3000) هەزار دۆلار، سەرقاڵی شەڕی دژە روسیان، ئەم دیاردە خراپەی شەڕی وەکیلگیریی، وەکو پەتا کوشندەکانی دیکەی رۆژئاوا و هەمو مۆدێلە خراپەکانی دیکەی ئەوێندەر لە فۆڕمێکی تردا گوێزراوەتەوە نێو فەزای گشتیی سیاسەت لە هەرێمی کوردستانیش، بە نمونە جاران یان ئۆپۆزسیۆنمان نەبو، یان ئەگەریش دروست دەبو، گرێدراوی هیچ گروپێکی تری لەخۆی گەورەتر نەبو، بەڵام ئێستا پارتخێڵە حکومڕانەکان، خاوەنی پارتی پڕۆکسیی لەخۆیان بچوکترن، کە لەژێر پەردەی حزبی ناڕازیی ئۆپۆزاسیۆندا، لەناو کانیاوی جەماوەریی خەڵکی ناڕازیدا خۆیان وەک نمایندەی چینی بەشمەینەتی کوردستان نیشان دەدەن، لەو رێگەیەوە دەنگی بەشێکی باشی خەڵكی ناڕازی دەبەن، هەر ئەوەندە هەڵبژاردنیش تەواو بو، ئیدی گرێبەستەکە تەواو دەبێت و ئاسەوارێکیان لەپاش بەجێ نامێنێ.

 

ئەوەی باسمان کرد، دیوێکی مەترسییەکەیە، دیوەکەی تری ئەم کرێگرتەییە، کە مەترسیدارترینیانە، ئەویش دروستکردنی میدیای سێبەر و رۆژنامەنوسی گرێدراو بە ئەجەندای دەسەڵاتە، بەجۆرێک لە ئێستادا گۆمەکە بەجۆرێک شلوێ بوە، جیاکردنەوەی قەڵەمی باش لە قەڵەمی وەکیل زۆر زەحمەت بوە، یانی دەلیڤە و دەروازەکانی رەخنە، تەنها بۆ کرێگرتەکانی خۆیان رێپێدراو و قۆرخە. خۆ ئەگەر بڵێین کەناڵە مێدیاییەکانی خۆیان رەخنە ناگرن رەنگە راست نەبێت، بەڵام لەڕاستیدا گەرەکیانە رەخنەگر و رەخنەلێگیراو هەر خۆیان بن، بۆ ئەوەی ژێدەرەکانی رەخنە هەم کۆنترۆڵ بن و هەمیش چەواشەکاریی پەرە بسەنێت، تۆ وەها وێنا بکە ئەو سەرقاپەی کە کەناڵەکانی خۆیان لەسەر کەیسەکانی دەرمان و نەوت و گەندەڵییەکانی بەشینەوەی زەوی  نادیاریی داهاتی نەوت، هەڵیدەدەنەوە، رۆژنامەنوسێکی ئەهلیی بێلایەن بیانوروژێنێت! بێگومان ئەنجامەکەی رونە کە ناچار بە دەربەدەری و پەڕاگەندەیی وڵاتانی دەکەن. نمونەی ئەو کەسانەشمان کەم نین کە چەندین ساڵە دۆخی مەوجودیان جێهێشتوە و ناتوانن بە وڵاتی خۆیان شاد ببنەوە.

282 جار خوێندراوەتەوە