بزوتنەوەی گۆڕان لە دواساتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بڕیاری خۆی داو لە هەردو حوکمەتە ناوەندی و خۆجێیەکەی هەرێمی کوردستان کشایەوە، بەوەش سەردەستەو بەرپرسەکانی خۆی خستە بەر دەم سەنگی مەحەک و تاقی کردنەوەیەکی گەورەوە. دڵسۆزو خەمخۆرەکان پشتگیری بڕیاری حیزبەکەیان دەکەن و بەرژەوەندیخوازو پۆستپەسەندەکانیش دژی دەوەستن و پاساوی مانەوە دەهێننەوەو بەڵکو خۆیان بێبەری دەکەن لەو جیزبەی کە بەرزی کردنەوەو ئەو پۆستانەی پێبەخشین.
بزوتنەوەی گۆڕان بەو سێ هەنگاوەی کە لەو ماوەیەوەکەمەدا نای، پێش هەڵبژاردن خۆی هەستانەوەو گردەکەی بەجێهێشت و خۆی گەیاندە پردی پەڕینەوەو سەرکەوتن، ئەوانەش یەکەم؛ دابەزین لە گردەکە، دوەم؛ گۆڕینی ڕێکخەرو سێیەم؛ کشانەوە لە حوکمەتە شکستخواردوەکە بو.
جەماوەری کوردستان هۆشیارن، کاتێک لەساڵی (2009) حیزبێکی نوێیان بینی خەونی گۆڕانکاری هەڵگرتوە پشتگیریان کردو (25) کورسی پەرلەمانیان پێ بەخشی، کە بەبێ تەزویر سەرو سی دەبو، کاتێک لەڕێگای ڕاست لایدا سزایاندا و سفریان کردەوە، کاتێکیش کەوت و دانی نا بە هەڵەکانیداو خۆی ڕاستکردەوە، بەدڵنیاییەوە چاوەڕوانی پشتیوانی کردنەوەی لێدەکرێتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیە، بەم هەنگاوەی پاکوپیسی لەناو خودی خۆیدا جیادەکاتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەرچۆنێک بێت، چەند کورسی بەدەستبێنێت؟
هەر سەرکەوتوەو جارێکی تر پڕۆژە گۆڕانخوازیەکەی نەوشیروان مستەفای زیندو کردەوە.
بۆیە گۆڕان لە گردە پڕ لە کێشەکەوە پەڕیەوە بۆ پردە ئارامەکە، چیتر لێبگەڕێن گردەکە وەکو گردی مامە یارە، با شۆڕە سورێکی کوردپەروەری وەکو پیرەمێردی شاعیر بەئارامی تێیدابمنێنێتەوە و بکرێتە بنکەیەکی ڕوناکبیری و توێژینەوەی سیاسی شار، چونکە نەوشیروان شۆڕەسوارێکی شۆڕشگێڕو ڕۆشنبیرێکی سیاسەتمەدار بو.
613 جار خوێندراوەتەوە