ئایندەی کوردەکانی رۆژئاوا لە قۆناغی
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە،
گرنگترینیان بریتین لە:
1 - لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان:
لە رابردوودا کورد لە سوریا زۆر پشتی بە پاڵپشتە نێودەوڵەتییەکان دەبەست، بەتایبەتی
لەلایەن ئەمریکاوە. بۆیە داهاتووشیان پەیوەست دەبێت بە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان زلهێزەکان
(وەک ڕووسیا و ئەمریکا) و زلهێزە ناوچەییەکانی دیکە (تورکیە و ئێران). لەم سۆنگەیەوە
هەر رێکەوتن و ڕێکخستنەوەیەکی سیاسی نوێ لە نێوان ئەوە زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیانە
بۆ دیزاینکردنەوەی سوریا (ئۆتۆنۆمی بێ یان مافەکانیان لە چوارچێوەی سیستەمێکی ناوەندی
یان فیدراڵی) چارەنوسی ئەوان دیاری دەکات.
2- دۆخی ناوخۆی سوریا: ئەگەر هێزە سیاسییە سورییەکان بتوانن سیستەمێکی سیاسی
دیموکراسی بنیات بنێن، ڕەنگە کورد بتوانێت دانوستان بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئیدارییەکانی
فراوانترەکان بکات. بەڵام ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن یان هێزە سورییەکان دژی
خواستەکانی کورد بوەستنەوە، ڕەنگە ناوچەکانی
ژێر دەستی کورد ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورەتر ببنەوە.
3- پەیوەندی
لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا:
لە رابردوودا پەیوەندی نێوان کورد و لایرنە عەرەبییەکان بە هۆی جیاوازی دیدگا سیاسییەکان
بەردەوام لە گرژی و ئاڵۆزی و بگرە شەڕ ودەرگیریدا بووە، بۆیە ڕەنگە هەوڵەکانی فەرەنسا
و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لایەن لە داهاتوودا ڕێگا بۆ
هاوکاری زیاتر بکاتەوە.
4- هەڵوێستی تورکیا:
تورک بەردەوام کوردۆفۆبیای هەیە ئێستاش ترسی هەیە لە دامەزراندنی
قەوارەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی کوردی لەسەر سنوورەکانی. بۆیە ئەنقەرە وەک یاریزانێکی
سەرەکی دەمێنێتەوە لە دیاریکردنی ئایندەی کوردەکانی سوریا، جا چ لە ڕێگەی فشاری سەربازییەوە
بێت یان لە ڕێگەی دانوستانەوە.
5- ڕۆڵی حزبە کوردییەکان:
• ڕەنگە "ئیدارەی خۆبەڕێوەبردن" کە پارتی یەکێتی
دیموکراتی (پەیەدە) و هاوپەیمانەکانی بەڕێوەی دەبەن، بەردەوام بن لە داوای دانپێدانانی
فەرمی، بەڵام دووبەرەکی ناوخۆیی نێوان لایەنە کوردییەکان (وەک ڕکابەریی نێوان پەیەدە
و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد) ڕەنگە پێگەی دانوستانکارییان لاواز بکات.
سیناریۆ ئەگەرییەکان:
1- سیستمی فیدراڵی: ئەگەر لایەنە سوریاییەکان
بگەنە یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنە، ڕەنگە کورد ئۆتۆنۆمی هاوشێوەی مۆدێلی باشور بەدەستبهێنێت.
2- لامەرکەزی ئیداری سنووردار: لە غیابی
کۆدەنگی نێودەوڵەتیدا، دەکرێت کورد ناچار بکرێت بە بێ دانپێدانانی فەرمی، دەسەڵاتی
لامەرکەزی قبوڵ بکات.
3- ململانێی بەردەوام: ئەگەر ناکۆکی و
ململانێ بەردەوام بێت لەوانەیە ناوچەکانیان ببنە گۆڕەپانی ململانێی هەمیشەیی نێوان
لایەنە جیاوازەکان.
ئایندەی کوردەکانی سوریا پەیوەستە بە
توانای دانوستان لەگەڵ هێزەکانی تری سوریا و دۆزینەوەی فۆرمولێک کە مافەکانیان
بپارێزێت بەبێ ئەوەی بەریەککەوتن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی.
دروستکردنی هاوپەیمانی بەهێز لە ناوخۆ و دەرەوە هۆکارێکی چارەنووسساز دەبێت بۆ گەیشتن
بە خواستەکانیان.
72 جار خوێندراوەتەوە