ئەگەر رێکنەکەوین چی بکەین؟

(1) 
گومان لەوەدا نییە لەم هەلومەرجەدا چارەنووسی یەکێتی پارتی هەر رێکەوتنە، سازشێک لەم یان ئەو هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێ، چونکە بەدیلی رێکنەکەوتنیان یان دوو ئیدارەییە، یاخود هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆیە. پێم وا نییە ئاوەزای سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوریی و سیاسییەکانی زۆرێک لەسەرکردە و بنەماڵەکانیان رێگەیان پێ بدات یەکێک لەو دوو بژاردەیە هەڵبژێرن. جگەلەوە هەلومەرجی ناوچەکە و بەرژەوەندی وڵاتانی دەرودراوسێ لە ئێستادا لە گەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی دیکەدا ناگونجێ..بۆیە ئەگەری رێکەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆرترە یان رێکنەکەوتن.

(2)
یەکێک لە دەردرە دێرینەکانی کورد ئەوەیەکە دایم (دوودڵن پیسن لە گەڵ یەک شێت و شەیدای عانە)ن، رۆشنبیرەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم هەموویان رایان لە گەڵ ئەو بۆچوونەی فایەق بێکەس بووە، بۆیە لە شیعر و نووسینەکانیاندا هەوڵیان داوە ئەو کرمی دوو دڵی و پیسی و ناکۆکییە لە ناو کۆمەڵگای کوردی دەربهێنن بۆ ئەوەی پێکەوە داری ئازادی ئاو بدەن. ئەوان خۆیان پشتیان لە عانە کرد و بەرووتی و رەجاڵی ژیان تەنها بۆ ئەوەی قسەیەکیان هەبێ لە ناو کۆمەڵگادا کاریگەر بێ. بەداخەوە لەم سەردەمەدا هەندێ لە رۆشنبیران بە نووسین و قسەکانیان کۆمەڵگای کوردی کرمەژەن دەکەن و دوودڵی و ناکۆکی دروست دەکەن. زۆرێک لەوانە لەکاتی رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتیدا هیچیان نەوت و کاتێکیش یەکێتی عیبرەتی وەرنەگرت و رێکەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد، نوزەیان لێوە نەهات.. کەچی ئێستا زمانیان پژاوە و دژی رێکەوتنی گۆڕان و پارتین ەکە لەدژی هیچ لایەنێک نییە و بەنهینی نەکراوە و خاڵەکانی هەمووی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە.

رۆشنبیری راستەقینە بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا دەگەڕێ و خاڵەناکۆکەکان دەستنیشان دەکات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.. نەک زەقکردنەوەیان.

(3)
کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگای کوردی ئەوەیە پارتی و یەکێتی عیبرەت لەمێژوو وەرناگرن و تا ئێستاش خۆیان بە حزبی قائید و پێشرەو دەزانن. ئەم بیرکردنەوەیە بە تایبەتی پارتی زۆر زەقە، پارتی پێی وایە دەتوانێ لە دهۆکەوە ئیدارەی سەرەتاسەری کوردستان بکات. درێژەدان بەم بیرکردنەوەیە وای کردوە هیچ کات سەقامگیری لە کوردستاندا دروست نەبێ. پارتی دەبێ بزانێ لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردستان دەیان رەوت و بیرکردنەوەی جیاجیای تێدایە و بەشی زۆریشیان ناکوکی قووڵیان لە گەڵ عەقڵییەتی ئەواندا هەیە، ئەمەش وای کردوە بەگومانەوە تەماشای هەر رێکەوتنێک لە گەڵ ئەوپارتەدا بکرێ.. ئەگەر پارتی بەراستیەتی دەیەوێت کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیرمان هەبێ، پێوسیتە لەوە تێبگات بەتەنها کوردستانی بۆبەڕێوە نابرێ.. دەبێ لەگەڵ (گۆڕان)دا بەڵێنەکانی بباتە سەر و خاڵەکانی رێکەوتننامەکەیان جێبەجێ بکات، لەوەش گرنگتر دەبێ سازش بۆ (یەکێتی)یش بکات و لە پێناوی پوست و پلە و پایەی بۆ ئەم و ئەو، قەزیە گەورەکە کە کوردستانە نەدابەفەتارەتدا.

بەدیلی ڕیکنەکەوتن چییە؟ مەرج نییە شەڕ بێ، بەڵام لەشەڕ خراپتر هێشتنەوەی دۆخەکەیە وەک خۆی. ئەزموونی چەندین ساڵەی کوردستان پێمان دەڵێ رێکەوتن لەگەڵ یەکتری لانی کەم خوێنی تێدا ناڕژێت و جۆرێک لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

1387 جار خوێندراوەتەوە