سەیرێکی ئەو رەخنە و شەڕە قسە و جوێن و موهاتەراتانە بکەیت کە هەندێ کەس لە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەینوسن، بۆت دەردەکەوێ زۆربەیان سادە و هەڕەمەکى و بۆ مەرامێکی
حیزبی یان شەخسی نووسراون. بەخوێندنەوەیان ئاستی دواکەوتوویی هۆشیاری سیاسی و دۆگمایی
عەقڵی خاوەنەکانیت بۆ دەردەکەوێت، تەنانەت ئەوانەشی بە نییەتێکی دڵسۆزانە و پاک رەخنە
لە سیستمی سیاسی و ئیداری کوردستان دەگرن، لەوە حاڵی نەبوون کە ناکارایی دەوڵەتمەدارانی
کوردستان دوو هۆکاری هەیە:
یەکەم: دواکەوتوویی تاک لە کۆمەڵگای ئێمە لە رووی هۆشیاری سیاسییەوە. پاڵنەری
رەخنە و هەڵوێست وەرگرتن لەلای تاکی کورد پاڵنەرێکی سەرەتایی شيزوفرينی خۆ کوژانەی
دژ بە بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، پێی وایە بە رەخنەی ساویلکانە و شەڕە جوێن و شەڕە
قسە دەتوانێ دەسەڵات ناچار بە خواستەکانی بکات!!، لەکاتێکدا تاک لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بە نەفەسێکی درێژەوە لەچوارچیوەی رێکخراوە
سیاسی و جڤاکییەکانەوە توانییان دەسەڵاتی وڵاتەکانیان بێنە ژێر باری خواستەکانیان،
بۆ نمونە ژنانی سویسرا (100)ساڵ تێکۆشان تاوەکو لە ساڵی (1971) رێگەیان پێدان بەشداری
هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن.
دووەم: تاوەکو ئێستا دەوڵەتمەدارانی کورد بە دوو شەرعیەت حوکمڕانی دەکەن، شەرعیەتێکی
خەڵک بە رەعیەت زانین و خۆ بە راعی، ئەمەش لەگەڵ سەردەم و دۆخی ئێستادا نەگونجاوە،
شەرعیەتەکەی دیکەشیان شەرعیەتی شۆڕشگێری و خەباتی شاخ و تێکۆشانی باوک و باپیرانیانە،
ئەمەشیان دوای روخانی سەدام و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتە شمولییەکانی ئۆرۆپای شەرقی کۆتایی
هاتووە.
رووبەرووبوونەوەی ئەم سیستمی حوکڕانییەی کوردستان بە رەخنە و شەڕە جوێنی پۆپۆلیستەکانی
ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکرێت. بەو شێوازەی میسر و تونس و سوریاش ناکرێت لە جێگەی
ئایدۆلۆژییەتێکی شمولی بە ناو ناسیۆنالیزم و ئیشتراکی، دانەیەک یان چەند ئایدۆلۆژیایەکی
ئیسلامی بکەیتە ئەڵتەرناتیڤ.
تاکە ریگە کەڵک وەرگرتنە لەو رێبازەی کە ئۆرۆپای دیموکرات بەشێنەیەیی و پتەوی
و نەفەس درێژی گرتیانەبەر و پێی گەیشتن. رێگەی هۆشیار کردنەوەی تاکەکان و خۆ رێکخستنی
چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
663 جار خوێندراوەتەوە