تەنیا هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکارى یان شتى تر؟

لە دواى راپەڕینەوە، زیاد لە 10 هەڵبژاردن ئەنجامدراوە کە پێنجیان بۆ پەرلەمانى کوردستان بووە و 20 ئەم مانگە دەبێتە شەشەم هەڵبژاردن، بەڵام لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان دوو هێزە دەسەڵاتدارەکە (براوە) بوون، ئەمەش چەند گومانێکى لاى خەڵک دروستکرد، بەتایبەت ئەوەى ئایا ئەم دوو هێزە بە هەڵبژاردن ناڕۆن؟، یان هەڵبژاردن وەک وەسیلەى مانەوە بەکاردێنن؟.

 

لەم نوسینەدا من لەسەر وەڵامى ئەو دوو پرسارە دەنوسم و هەوڵ دەدەم وەڵامى بدەمەوە.

 

لە پێشەکیدا بە سەرنجێک دەمەوێت تێگەیشتنى ئەو دوو هێزە بۆ هەڵبژاردن روونبکەمەوە، بەتایبەت ئەوەى کە ئایا ئەم دوو هێزە بڕوایان بە هەڵبژاردنە یان نا؟، رەنگە بۆ وەڵامەکە ئەوەندە بەس بێت کە هەڵبژاردن پرۆسەیەکە و گرێدراوى چەندین قۆناغە، لە هەر قۆناغێکدا ئەو ئیمانە بە هەڵبژاردن لەق ببێت، ئیمان بە پڕۆسەى هەڵبژاردن دەشکێت، کەوات دەتوانین بڵێین ئەم دو هێزە (یەکێتى و پارتى)، ئیمانیان بە پڕۆسەکە نیە، چونکە هەڵبژاردنیان بۆ دەرەوەى خۆیانە نەک بۆ ناو خۆیان، لە دامەزراندنیانەوە تا ئەم چرکە ساتە کە یەکێکیان نزیکەى 80 ساڵە هەیە و ئەوەى تر وا خەریکە دەگات بە نیوە سەدەیەک، بەڵام ئاڵوگۆڕى پۆست سەرۆک تەنیا لە ناو خێزانەکانیانەوە ئاڵوگۆڕى پێکراوە، لە باوکەوە بۆ کوڕ، هەموو ئەمەش بە هەڵبژاردن بووە!.



با بێینەوە سەر باسەکەمان، ئایا ئێمە یان هێزەکانى دەرەوەى ئەم دوو هێزە دەبێت تەسلیم بە واقعەبن کە یەکێتى و پارتى دروستیان کردووە یان هەڵبژاردن بکەن بە کارتێک و لەو رێگەیەوە ئەم دوو هێزە بخەن؟، بێگومان دروسترین بڕیار بۆ بەرەو پێشبردنى پڕۆسەى سیاسى لە هەرێم هەڵبژاردنە، کەواتا لە کوێوە دەست پێبکەین....

 

وەرە سەرەتا با پێتان بڵێم یەکێتى و پارتى خاوەنى چەند دەنگن؟

 

بۆنمونە لە دوا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە لە 2021 ئەنجامدرا، کۆی ژمارەی دەنگدەرانی سەنتەری پارێزگاى هەولێر 577 هەزار و 328 کەس بوو، پارتى لەو رێژەیە تەنیا 82 هەزار و 355 دەنگى هێنا، واتا بەڕێژەى 14.3 لەسەدى کۆى دەنگەکان.

 

لە بەرامبەردا 71 هەزار و 409 کەس دەنگەکانیان سوتان واتا بە ڕێژەى 12.4%.

 

جگە لەوە 336 هەزار و 16 دەنگدەریش بایکۆتى پڕۆسەکەیان کرد بە ڕێژەى 58.2%.

 

ئەگەر لەسەنتەری پارێزگاکە دەنگی سوتا و دەنگی بایکۆت کۆبکەینەوە، دەکاتە (407,425) دەنگ، بەڕێژەی(70,6%) دەنگەکان.

 

یەکێتیش وەک هێزى دووەمى دەسەڵات لەو هەڵبژاردنە، لە ناو سەنتەرى پارێزگاى هەولێر تەنیا 3.3% دەنگەکانى هێنا واتا لە کۆى 577 هەزار و 328 دەنگ تەنیا 19.256ـى دەنگەکانى هێنا.

 

واتا بە هەردوو هێزەکە لە پایتەخت توانیویانە 17.6%ـى دەنگەکان بهێنن. لە کاتێکدا دەنگى زاڵ و زۆرینە بۆ بایکۆت و دەنگ سوتاندن چووە.

 

بە وردبوونەوە لەم داتایانە تێدەگەین کە ئێمە پێویستمان بە هۆشیارى هەڵبژاردنە بۆ 20ـى ئەم مانگە، خەڵک لە جیاتى بێهیوابوون، پێویستە بیر لەوە بکاتەوە دەنگ بدات و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان تەیار بکات تا بتوانن بە هەموویانەوە دەنگى 50+1ـى دەنگەکان ببەنەوە و حکومەت دروست بکەن، لەم رێگەیەوە بە شێوازێکى مەدەنى و دوور لە توندوتیژى پڕۆسەى گۆڕانکارى سەرپێ دەخەیت و هەڵبژاردن و دیموکراسیەتیش دەبەیتە قۆناغێکى نوێ.

366 جار خوێندراوەتەوە