لە عێراق دوای دو
دەیە بە هۆکاری نەبونی سەقامگیری سیاسی، ململانێکانی
تائیفی ،دینیی و نەتەوەیی نەتوانراوە یەکێک لە گرنگترین دام و دەزگاکانی یاسادانان
کە ئەنجومەنی فیدڕاڵییە دروست بکرێت ،کە بە پێی ماددەکانی (48-65) لە دەستوری
عێراقی فیدرال ساڵی (2005) دەبوایە ئەم ئەنجومەنە بێک بھێنرایە بە مەبەستی سەروەری
یاسا، پاراستنی
دیموکراسی تەوافوقی، ڕێگریکردن لە مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات، لامان ڕون و ئاشکرایە لە
ئێستادا پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسا دانان بوەتە ئامرازێک لە دەستی زۆرینەی پێکھاتەی
تائیفی شیعەی عێراق بۆ دژایەتی و تێپەڕاندنی یاساکان لە بەرژەوەندی خۆیان بەیرەو
کردنی سیستەمی زۆرینەو کەمینە، کارنەکردن بە بنەماو سیستەمی فیدڕاڵی و بنەما
دیموکراسییەکان.
ئەنجومەنی فیدڕاڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بە هەردوکیان ماڵی یاسا
دانان پێک دەهێنن بە پێی ماددەی (48) و
ماددەی (65) ئەنجومەنی فیدڕاڵی دروست دەکرێت کە لە نوێنەرانی هەرێم و ئەو
پارێزگایانە کە ناکەونە سنوری هیچ هەرێمێکەوە، ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە ڕەزامەندی
(2 لەسەر سێ)ـی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دادەمەزرێنن.
فەلسەفەی دوانەیی ئەنجومەنی یاسا دانان یەکێکە لە پایە
گرنگەکانی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ زەمانەت کردن و پاراستنی مافی کەمینەکان و ڕێگریکردن
لە هەژمونی زۆرینە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و هەرێمەکان.
گرنگترین ئاڵنگارییەکانی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە ئەوەیە کە
ئایا دەسەڵاتی ڤیتۆی هەبێت بۆ پڕۆژە یاساکان یان نا؟ ئایا ڕێژەی نوێنەرایەتی
ئەندامانی هەر پارێزگایەک چۆنە و چەندە میکانیزمەکانی ھەلبژاردنیان چین؟
ئایا دەوری ئەم ئەنجومەنە لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران تا چەندە لە
کاتێکدا دەسەڵات دراوە بە ئەنجومەنی نوێنەران کە بە یاسا دەسەڵات و پێکهاتەکەی ڕێک
بخات کەواتە سەروەری و دەسەڵاتی زیاتر بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانە بە پێی ماددەی (65)
لەم کاتەدا پرسی پێک هێنانی ئەم ئەنجومەنە بۆ کورد و سوننە زۆر گرنگە، چونکە ڕێگری
دەکات لە هەژمونی زۆرینەی شیعە و چارەسەرکردنی ململانی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی
و تائیفییەکان.
لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵیدا ئەولەویەتی کاری ئەم ئەنجومەنە
تصدیق کردنی ئەو یاسایانەیە کە ئەنجومەنی نوێنەران دەریان دەکات پاشان ناردنی بۆ
سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ یەکلایی کردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و
حکومەتی ئیتیحادی.
سەبارەت بەو یاسایە یەکەمین جار لەلایەن لیژنەیەکی هەموارکردنی
دەستوری، کە لە خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران پێکهاتبو ڕۆژی (22ـی تەمموزی 2019)
دەستی بەکار کردوە و دواتر یاساکە دراوەتە پەرلەمان و لە (22ـی ئەیلولی 2014) خوێندنەوەی
بۆ کراوە، بەڵام هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، دواتر لە (21ـی ئایاری 2023) بەپێی رێککەوتنی نێوان هێزە هاوپەیمانەکانی ئیدارەی
دەوڵەت، لیژنەی یاسایی ئەنجومەن پرۆژە یاساکەی ئەنجومەنی ئیتیحادی بۆسەرۆکایەتی ئەنجومەن
ناردوە بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەمی، ژمارەی ئەندامان (60) ئەندام، (15) بۆ
هەر هەرێمێک و (15)ـی تر لەسەر ئەساسی کەمە نەتەوەیی و ئاینیی دەدەنرێت، ئەم
ئەنجومەنی فیدراڵیە دەسەڵاتی هاوتایە لە پرۆسەی یاسا دانان لەگەڵ ئەنجومەنی
نوێنەران تەنیا رۆڵی ڕاوێژکاری نییە، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە پرسی دابەشکردنی
دارایی و دادپەروەرێتی.
ئایا چی جۆرە مۆدێلێک باشە بۆ هەرێمی کوردستان لە پێکهێنان و
دروستکردنی ئەم ئەنجومەنە؟ سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا
تایبەتمەندی و شێوازی جیاوازی خۆی هەیە بەراوردکردنی بە کۆمەڵێک سیستەمی تر ڕەنگە
نەمانگەیەنێتە دەرئەنجامێکی ڕون، ئەگەر بێتو وەکو نمونەی وڵاتی ئەڵمانیا بە گوێرەی
ژمارەی دانیشتوان ئەنجومەنەکە دروست بکرێت ئەوا کورد زەرەرەرمەند دەبێت لەبەر
ئەوەی کەمینەیە لە عێراق و ناهاوسەنگی دروست دەبێتەوە، وە ئەگەر نمونەی ئەنجومەنی
فیدڕاڵی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا وەربگرین کە هەر ویلایەتێک دو نوێنەری
هەیە ئەوا هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی کەمی ئەندام دەبێت لەو ئەنجومەنە.
بەشداریکردنی
هەرێم گرنگ و ستراتیجییە چونکە هەرێم قەوارەیەکی یاسایی و دەستوری هەیە،
گەرەنتیکردنی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ئەمنی مسۆگەر دەکات.
پێشنیار:
1- پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە هەڵبژاردنی ئەندامەکانی بە شێوەیەکی دیموکراسیانە و ئازاد هەڵبژێردرێن.
2- دانانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری یاسایی و سیاسی لە هەمو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان کە یاساکانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بنوسێتەوە.
3- جیاوازی کردن لە نێوان پشکی هەرێم و پارێزگاکان کە ئەندامی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دابنرێت.
4- دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی گەرەنتی بکرێت و نەکەوێتە دەست گروپێک یان تاکە کەسێک.
5- لە دانانی سەرۆکی ئەنجومەن و دو جێگرەکەی هاوسەنگی نەتەوەیی و تائیفی و تەوافوقی سیاسی بپارێزرێت.
166 جار خوێندراوەتەوە