بۆ دەبێت راپەرین لەیاد نەکەین؟

بۆ دەبێت راپەرین لەیاد نەکەین؟ بەرزراگرتنی یادی راپەرین  و شەهیدان ئەرکێکی مۆرالی و نەتەوەییە کە بە خوێنی سور و گەشیان ئازادیان بۆ کوردستان بەدەستھێنا، پێویستە یادی شەهیدان بەرز و شکۆدار رابگرین، وەک بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەییمان بەرز و پیرۆز بێت یادی راپەرینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان، سەربەرزیی و نەمریی بۆ سەرجەم شەھیدانی خاک و ئازادی کوردستان.

 

ساڵی 1991 جەماوەری سەربەرز و بەشەرەفی کوردستان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان بە پیر و گەنج لاوان راپەرین و ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی بەرگریکردن لە شەرەف و شکۆ، لە  ئازادکردنی شاری سلێمانی و راماڵینی بنکە و بارەگاکانی حیزبی بەعس بەتایبەتی دەزگای ئەمنە سورەکەی سلێمانی کە ترسناکترین و سامناکترین شوێن بو بۆ لە سێدارەدان، ئەشکەنجە و ئازاردان، ھەروەھا رشتنی خوێنی رۆلەکانی کورد، چەوسانەوەی ژن و مناڵی بێتاوان بە دڕندانەترین شێواز، ئەمەش بوە ھۆکاری ئەوەی زۆربەی جەماوەری راپەریوی کوردستان روبکەنە ئەو شوێنە و تۆڵە و ئازارەکانیان ساڕێژ بکەن لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە ھاونیشتمانیان گیانی پیرۆزی خۆیان کردە قوربانی کورد و کوردستان.

 

راپەرین وەرچەرخانێکی مەزنی مێژویی بو لە خەباتی گەلی کورد، دژی رژێمی بەعسی عێراقی . دوای چەندین ساڵ لە ستەمکاریی، کۆمەڵکوژی و ئەنفال، بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە شاری ھەڵەبجە، وێرانکردنی شار و لادێکانمان، خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی ئازایانە راپەڕین.

 

راپەرین بوە بناغەی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان. ئەم راپەڕینە نیشانەی خۆڕاگریی و ئیرادەی پۆڵاینی گەلی کورد بو.

 

ئاڵای کوردستان کە بە خوێنی شەهیدانی کورد رەنگین بو دوبارە شەکایەوە لە ئاسمانی وڵاتدا ھەتا ئێستاش بە گەشی و جوانی باڵای بەرزتر دەبێت .

 

راپەڕین سەلماندی کە کاتێک گەلی کورد یەکگرتو و یەکدەنگ بێت، دەتوانێت سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، جیاوازی بیروڕا لەلایەک دانرا و خەڵک بۆ ئامانجێکی هاوبەش یەکیان گرت.

 

راپەڕین لە بنەڕەتدا بزوتنەوەیەکی جەماوەری بو کە نیشانیدا گەل دەتوانێت رابەری گۆڕانکاریی بێت کاتێک خۆی رێکدەخات.

 

هەلومەرجی نێودەوڵەتی راپەڕین لە کاتێکی گونجاودا رویدا کە عێراق لە جەنگی کەنداودا لاواز ببو؛ ئەمەش وانەی ئەوەمان فێر دەکات کە گرنگە هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمی بخوێنینەوە بە وریاییەوە.

 

راپەڕین فێریکردین کە سەرکەوتن بە تەنها بەس نییە، بەڵکو پاراستنی دەستکەوتەکان گرنگترە، راپەرین لە ئێستادا بەوە مانادارتر دەبێت، رۆحی شەھیدەکان بەوە ئاسودە دەبێت کە یەکگرتو بین لەناوخۆدا،  واز لە ململانێی نابەجێ و ناشرین بھێنین، ئامانجمان بەھێزکردنی لایەنە ھاوبەشەکان بێت، واز لە قوڵکردنەوەی جیاوازییەکان بھێنین برینە کۆنەکان نەکولێنینەوە، ئەزمون لە ھەڵە و کەموکورتی رابردو وەربگرین، کار لەسەرپاراستنی بەھا باڵا و پیرۆزەکانی نەتەوەکەمان بکەین وەکو خاک، زمان، ئاڵا،کەلتور، بیروباوەڕ، نەریت.

 

نیشتمانیانە و کوردستانیانە کار بکەین بۆ بەھێزبونی رۆحیەتی ھاوبەشی کارکردن و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی ئاوەدانکردنەوەی زیاتر بکەینە ئامانجمان، کار بکەین بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی ھەروەھا سەرخستنی نەتەوەکەمان لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ھەوڵی خێرا بدەین بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بەھێز و خزمەتکار و چالاک، یەکدەست و یەکدەنگ لە ناوەوە و لە دەرەوە دژی هەڕەشە و مەترسییەکان بوەستینەوە، کارکردنی باشتر بۆ پیادەکردنی سەروەری یاسا و بەھێزکردنی دامودەزگای حکومی خزمەتکار، کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی شەفافیەت، بتوانین بە یەکگرتویی و یەکدەستی ئاڵنگارییەکانى سەر وڵات و خاکمان تێبەرێنین لە مەترسییە دەرەکی و ھەرێمییەکان.


 سەیری گۆرانکارییە خێرا و تازەکان بکەین و ستراتیژی بەھێزمان ھەبێت بۆ داهاتو، پێکەوە کاربکەین بۆ بەدەستھێنانی مافی گەل و وڵاتمان لەسەر ئاستی جیهان، ھاوکاری و ھەماھەنگی نەتەوەکەمان لە ھەمو پارچەکانی کوردستان با پێشینەی کارەکانمان بێت، با دەرفەتەکان لەدەست نەدەین با یەک بگرین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، با گیانی لێبوردەیی و گەورەیی نواندن رەفتار و بیروباوەڕمان بێت، با خاک و نەتەوە پەرست بین، با بونمان ھەبێت با لە دایک بین، با ھاوڵاتی بین با مرۆڤ بین، با کەرامەت و شکۆمان پارێزراو بێت، با رزگارمان بێت لە نەبونی شەرەفی ناسنامە و بێ وڵاتی با سەربەخۆیی کوردستان لە رۆح و گیانماندا بێت با کار بکەین بێ وچان تا دەگەین بە مەست، راستە رێگا سەخت و دژوارە، بەڵام کورد وتەنی هەر دەبێت بگەینە  جێی مەبەست .


75 جار خوێندراوەتەوە