دیوی پشتەوە و تاریکی ڕێکەوتنی حکومەتی عێراق – بەریتانیا:

لەڕۆژی (١٤ – کانونی دوەمی – ٢٠٢٥) سەرۆک وەزیرای عێراق (محمد شیاع سودانی) و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی بەریتانی (کیسر ستارمەر) لە شاری لەندەن پایتەختی وڵاتی بەریتانیا، ڕێکەونێکی ستراتیژی،  ئابوری، هاریکاری و گەشەپێدانی ژینگەی ئیمزاکرد کە بەهای ڕێکەوتنەکە (١٢،٣) ملیار پاوەندی بەریتانیە، کە بە نزیکەی دەاتە (١٥) ملیار دۆلار، کە بە گەورەترین ڕێکەوتنی وەبەرهێنان دادەنرێت لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا، ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بریتیە لە کە دوبارە کۆمپانیای (بریتش پترۆڵیۆم BP) لە بوارەکانی خزمەتگوزاری دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت، هەروەها هەناردەکردنی ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر دەبینێت لە ناوچەکانی بابەگوڕگوڕ، بای حەسەن، هاڤانا و ناوچەکە، لە بەرامبەردا بەریتانیا هاوبەشێکی گرنگی عێراق دەبێت لە گەشەپێدان و هاوکاری کردنی عێراق لەهەریەکە لە بوارکانی ئابوری، ئەمنی، ژینگەیی، کە ئەم سێکتەرانە لە خۆ دەگرێت: پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئا و و ئاوەڕۆ ، دابین کردنی ئاوی خاوێن و سیستەمی ئاودێری پێشکەوتو بۆ کشتوکاڵ، سیستەمی کارەبایی پێشکەوتوی زیرەک و دابینکردنی تەکنەلۆجیای خێرای بواری ئینتەرنێت، لە بواری ئاسایشیش دا گرنگیدان بە پاراستنی سنورەکان و ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەکانی تیرۆر، بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر و بازرگانی کردن بەمرۆڤ هەروەها لێکتێگەشتنێکی تەواوەتی لە نێوانیان، لە بواری ناردنەوەی پەنابەرانی عێراقی کەمافی مانوەی یاساییان نیە کە ژمارەیەکی گەورە پێکدەهێنن، هەروەها ڕێگری کردن لە کۆچکردنی گەنجانی عێراق، هەروەها ڕەخساندنی هەلیکار لە ناوخۆ بۆ ڕێگری کردن لە و کۆچە، ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەدەی ڕابردو لە دوای ساڵەکانی جەنگی جیهانی یەکەم عێراق ئنتیابی حکومەتی بەریتانی بوە بۆ ساڵانێکی زۆر هەرلەوکاتەشدا بوە کە حکومەتی بەریتانیا هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و وەبەرهێنانی لە کەرتی وزەدا و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەبێت ئەوە بزانین کە بەریتانیا هەمیشە کارێکتەرێکی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  ناوچەکەدا  بوە بە تایبەتیش لە عێراقدا لە سەدەی ڕابردودا، ئەوەی ئێستا جێی سەرنج و تێڕامانە حکومەتی بەریتانیا لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتنە ئابوری و ستراتیژیەوە شتێکیترمان پێدەڵێت کە دیوێکی تاریک و ناڕون و پشتی ڕوداوەکانە.

 

ئاشکرایە کە شەپۆلی ململانێ و گۆڕانکاریە ئیقلیمی و ناوچەیی و جیهانیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت، وڵاتی بەریتانیاش دەیەوێت دوبارە بە بەهێزی دەربکەوێت لەسەر شانۆی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە عێراقدا، کە هەمیشە هەوڵدەدات بۆ گەڕانەوەی شکۆ و شانازی و لە ڕێگای ئەوەی ئەم وڵاتە خۆی بە باوکی سیاسەتی جیهانی دەزاندرێت و ڕۆڵی گەورە و کاریگەری هەیە لە ململانێ و داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوچەکە، کە هەمیشە دوترێت بەریتانیا ئەو ئیمپڕاتۆرەیە کە خۆری لێ ئاوانابێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوای ساڵانی (٢٠٠٣) لە عێراقدا بەهۆی پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و سەرکردایەتی کردنی لە لایەن ئەمەریکاوە ڕۆڵی بەریتانیا بەرەو پاشەکشەچوە، ئەوەی لە ئێستاشدا ڕون و ئاشکرایە لە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە هەریەکە لە وڵاتەکانی سوریا کە بە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد کۆتایی هات، لە لوبنان بەلاواز کردن و کوژرانی سەرکردەکانی حیزبوڵای (حسن نەسورڵا) و هاتنە ئارای بارودۆخ و گۆڕانکاری تازە کۆتای هات، هەروەها شکستی گەورەی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە و لاوازکردنی حوسنیەکانی یەمەن دیوێکیتری گۆڕانکاریەکانە، هەروەها ئەو مەترسیە گەورەیەی لەسەر عێراق هەیە کە داوا دەکرێت حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە، بنکە و بارەگاکانیان لە ژێر مەترسیدایە، ئێمە دەزانین کە ئێران ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی بەرەی مقاوەمە و هیلالی شیعی دەکرد لە ناوچەکە و تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی کردبو لە ڕابردودا، ئاشکرایە دەرئەنجامی ئەم گۆڕانکاریانە لە ئەنجامی سیاسەتی ئەمەریکا – ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیانە لە ناوچەکەدا، ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد کە دوبارە هەوڵی هاوبەشیکردن و ڕۆڵگێڕان بکات لە ڕێگای  هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ عێراقدا، بۆ دوبارە گەڕاندنەوەی نفوس و هەیمەنەی خۆی، عێراق بە ناچاری بۆ ڕزگارکردنی خۆی ڕێکەوتنامەیەکی نا هاوسەنگ ئیمزا کرد، ڕاستە عێراق دەوڵەتێکی لاواز و نەخۆشە بەڵام لە ڕوانگەی واقعی دەولی و دانپێدانانی دەولی، عێراق هێشتا دەوڵەتە مافی یاسایی و سیاسی هەیە، لەم ڕێگەیەوە بەریتانیا گەورەترین ئۆفەری وەبەرهێنانی دەستکەوت لە عێراقدا، هەمومان ئەزانین گۆڕانکاریە خێرا و ئاڵۆزەکان کاریگەری گەورە و ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر عێراق، ئەم ڕێکەوتنە ئەمەمان پێدەڵێت بەریتانیا دەیەوێت جارێکیتر عێراق بپارێزێت و ڕۆڵی گەورە ببینێت لە مانەوە و بەهێزکردنەوە، کە ئەمە خۆی دەبینێتەوە لە سفر کردنەوەی کێشەکانی عێراق و دەرهێنانی لە بەرەی مقاوەمەی ئێران و ڕزگارکردنی لەو ترسە گەورەیەی لە ئەگەری کێشەی نائاسایشی و ئەمنی لە داهاتوی عێراقدا، عێراق زیرەکانە توانی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری زیاتر بۆ بەریتانیا دروست بکات هەروەها خۆ دورخستنەوە و کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی گەورەی وڵاتانی ڕوسیا، چین، لە ڕوی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی بازرگانی بە تایبەتی لە بواری وزە، کە ئەمەش دەستکەوتێکیترە بۆ هەردولا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵەکانی (١٩٢٠) لە عێراقدا دوای بەستنی پەیمانی سیڤەر، بەریتانیا بۆ ڕازیکردنی تورکیا و ئێران و عێراق بە هێزی ئاسمانی و زەمینی ڕوبەڕوی کورد بویەوە، هەروەها لە دوای ڕێکەوتنامەی لۆزانیش (١٩٢٣) بەریتانیا بەشێوەیەکی توند ڕوبەڕوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بویەوە، ئەمە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە بەریتانیا بە درێژایی مێژو وە لە ئێستاشدا هەمیشە هۆکارێکی گەورە بوە بۆ دژایەتیکردن و لاوازکردنی ڕۆڵی کورد لە ناوچەکە و نەهێشتنی دروستبونی کیانی کوردی و گەیشتن بە مافەکانی، لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لەسەر حسابی کورد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گومان دەکرێت بەشێکی زۆری ئەم ڕێکەوتنە بۆ لاوازکردنی ڕۆڵ و پێگەی کورد – کوردستان بێت لە زۆربەی پارچەکانی کوردستاندا کەکورد   هیوای ئەوەیە لە گۆڕانکاریەکاندا بەرەو ئەوە بڕوات کە کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکەن ، کە لە ڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنەی عێراق بەریتانیا لەم کاتەدا جۆرێکە لە گەمەیەکی ترسناک دژی کورد هەروەکو پێشتر، سەرەڕای ئەوەی ڕێکەوتنەکە ناهاوسەنگی زۆری تێدایە، پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ دروستبونی ڕێکەوتنەکە ڕوداوەکانی ناوچەکە و جیهان بوە ،کە پاڵی بە حکومەتی عێراقیەوە ناوە هەستێت بە ئەنجامدانی ئەو کارە، هەرچەندە بە پێی دەستوری فیدراڵی عێراق ئەم ڕێکەوتنە پێویستی بەوەبو کە حکومەتی بەغداد و هەرێم بە ڕاوێژ و لێکتێگەیشتن ئەو کارە بکەن بە تایبەتی کە ئەو ناوچانەی ڕێکەوتنەکەی لەسەر کراوە بە ناوچەی جێناکۆک لە دەستوری حکومەرتی عێراق ناسراون، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕون و بەرچاوە کە حکومەتی عێراق تاکلایەنە بڕیاری داوە بەبێ ئەوەی هیچ خوێندنەوەیەک و پرس و ڕاوێژ و هەماهەنگیەک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، کە ئەمەش دوبارە پێشێلکردنی یاسا و دەستوری وڵاتە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بە تێگەیشتن لە ڕوداوەکانی ئەم هەفتەیە لە ناوخۆی وڵاتدا بە ئاسانی دەتوانین ئەوە بەدی بکەین کە حکومەت عێراق – ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان پاشگەزبونەوە لە هەموارکردنی یاسای بودجەی عێراق لە ماددەی (١١٢) ئەو بڕگەیەی کە وادەکات هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دوبارە دەست پێبکاتەوە کە ڕێکەوتنی پێشتر لەسەر کرابو، ئەمەش یەکێکە لەو لێکەوتە نەرێنیانەی ئەو ڕێکەوتنە کە حکومەتی عێراق کردویەتی لەگەڵ حکومەتی بەریتایا، ئەوەی زیاتر مەترسی ئەم ڕێکەوتنەی زیاتر کردوە سود بینینە لە ناکۆکی ناوخۆییەی کە  ڕێکەوتنەکەی ئاسان کردوە چونکە ئێمە دەزانین ڕێکەوتنە لەسەر ناوچە ئاڵتونیەکانی نەوتە کە بە ناوچەی جێناکۆک ناسراوە، ، لە کۆتایدا ماوەتەوە بڵێین کە بە درێژایی مێژو کورد دەبێتە قوربانی ململانێی هەرێمی و ناوچەیی و دەوڵەتان و بەرژەوەندیەکانیان کە قەت پەند لە مێژو وەرناگرێت، دەرکردنی بەیانامەی ناڕەزایی و هاتوهاوار هیچی لێ سەوز نابێت، بۆیە کاتی ئەوەیە کورد یەکگرتو بێت لە ناوخۆی کوردستان و هەوڵی پەیوەندیەکی باش و بەهێز بدات لەگەل کوردی ناوچەکانی تردا، وتەیەکی جوان هەیە کە دەڵێت (خودا یارمەتی کەسانێک دەدات کە یارماتی خۆیان بدەن)، کەواتە دەبێت ئێمە پشت بە خۆمان ببەستین و یارمەتی خۆمان بدەین واز لە تاوانبارکردنی بەرامبەرەکانمان بهێنین، ڕیالیستانە کێشە و مەترسیەکان ببینین تا لەوە زیاتر لاواز و بێتوانا نەبین بەرامبەر نەیار و دوژمنەکانمان ، خەریکی خۆ ڕێکخستن و خۆ بەهێزکردن بین، چیتر ڕێگە نەدەین هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت لەلایەن مەرکەز کە هیچ ڕێز و سەنگێک بۆ یاسا و دەستورەکەی و سیستەمە یاسایی سیاسیە فیدراڵیەکەی خۆی دانانێت.


89 جار خوێندراوەتەوە