‎وتی، ئا لەو درۆیە

مناڵ ئەوەی جوانە هەمو شتێک بێ بیرکردنەوە ئەڵێت.

‎نەخۆشێکی بەڕێز، باپیرە بو، دەمێکە شەکرەیەتی، سێیەم سەردان کردنەوەی بو، شەکرەکەی هەر کۆنترۆل نەبو.

 

‎لە کاتی ئاوادا هۆکار زۆرن، بەڵام زۆربەی دوو هۆکارە: یان پاپەند نییە بە دەرمانەکانەوە، یان پاپەند نییە بە پارێزەوە.

‎منیش هەر لە سەردانی پێشوتر ئەوەم یەکلا کردبۆوە کە دەرمانەکان بە باشیی دەخوات. ماوەتەوە پارێز.

‎پرسیم: پارێزەکەت چۆنە، بۆ نمونە برنج چەند ئەخۆیت؟

‎وتی: عەشتەبا ناخۆم، دوێنێ لێیان نابو، چوار کەوچکم خواردوە بە خوا.

‎مناڵی کچەکەی لەگەڵ بو، وتی ئا لەو درۆیە...واللە دوێنێ دو قاپت خوارد باپیرە!

‎راستە، لە هەمو جیهان وایە، نەخۆش ناڵێت پارێز ناکەم، بەڵام بەو شێوەیەی لای ئێمە نییە بڕوا بکەن.

‎نەخۆش هەبوە، حاجی ژن سەرپۆش سپی، یان خاوەن شەهادەی پلە بەرز، نیو سەعات قسە دەکات کە هیچ ناخوات. دنیایەک سوێند و قورئان دەخوات.

‎منی دکتۆریش ئەبێت مێشکم دەیان هۆکاری دیکە بهێنێت و ببات کە بۆ کۆنترۆڵ نییە. تا لە کۆتاییدا مورافقێکی خێرەو مەند پەیدا دەبێت دەڵێت: یەک دەنک پارێز ناکات.

‎باشە مرۆڤ چۆن دەتوانێت ئاوا بەو توندییە ناڕاستی بڵێت؟ چۆن دەتوانێت ئەو هەمو سەردانی دکتۆر و فەحسە بکات، بەڵام هەمو جارێک هەمان سیناریۆ داڕێژێتەوە؟

‎ئەمە تەنها لای ئێمە وایە...بەشێکی عومرمان بە زیادە چو لەم بابەتانەدا.

712 جار خوێندراوەتەوە