یاساکان لە سەبەتەیەکدا
دەربڕینێکی گونجاوە لە پێگەیەکی ئەلکترۆنی بینیم بۆ مامەڵە و دان و ستان لەسەر دەنگدان
و دەرچونی یاسا لە عێراقی ئەمڕۆدا بەکار هاتوە، مەبەست لێی دەرچونی چەند یاسایەکە بە
دان و ستان و ڕازی کردن و جێبەجێکردنی داواکاری لایەنەکان.
عێراق لە سێ پێکهاتەی
سەرەکی: کورد و شیعە و سونە (بێگومان پێکهاتەی تریش هەیە) پێکهاتوە.
ئەم پێکهاتانە ڕۆژانێک
بەیەکەوە لەدژی رژێمێک لەسەنگەرێکا جەنگان و قوربانیان دا بە هۆی ستەم و تاوان و چەوسانەوە
لەلایەن ئەو رژێمەوە ، دوای روخانی ئەو رژێمە بەیەکەوە عێراقێکی نوێیان پێک هێنا و
دەسەڵاتەکانیان لەسەر بنەمای ئەو پێکهاتانە دابەشکرد. و فیدراڵی بۆ هەرێمی
کوردستان لەدەستوردا چەسپا.
پێکهاتەکان لەهەریەک
لە ئەنجومەنی نوێنەران ، حکومەت وسەرۆکایەتی کۆماردا دەسەڵاتیان دابەشکرد (بێجگە لەوەش
بێگومان لە کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی.. تاد ).
لە مێژوی عێراقدا،
وڵاتی نێوان دو ڕوبار " الرافدين یان بين النهرين" یان میزۆپۆتامیا شارستانیەتی
سۆمەری، بابل، ئەکەدی، ئاشوری... هەبون کە لە مێژوی هەمو مرۆڤایەتیدا ولە گەشەکردنی
کۆمەڵگەکاندا رۆڵی بەرچاویان هەبوە و کاریگەرییان هەر ماوە.
هەروەها ئەگەر
سەیری مێژوی عێراق بکەین لە خوێندەواری و رۆشنبیری بەهەمو بوارەکانی لە پێشکەوتنێکی
بەرچاو لە پێش زۆر وڵاتەوە بوە .
لە مێژوی نزیکتردا
هێنانی کارەبا و تەلەفزیۆن و زۆر شتی تری شارستانی... بۆ عێراق لەپێش زۆر وڵاتەوە
بوە.
لەبواری یاسادا
حاموڕابی بە چەندین سەدە پێش زاین و ٣٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا یاساکانی بۆ پاراستنی مافی
مرۆڤ و بەتایبەتیش مافی ژنان داناوە .
بەڵام بەداخەوە
هەندێک جار ئەو نیەت و کردارانەی عێراقی ئێستا لەگەڵ ئەو رابردوە پرشنگدارە ناگونجێت.
ئەو دیمەنەی هەندێ
جار لە عێراق دەبینرێت ئەوەی لە بەرژەوەندی ، یان داواکاری بەشێک بێت بە بێ ئەوەی
بەرژەوەندی و رەزامەندی گشتی لەسەر بێت ئەوەجئبەجێ دەکرێت ئەمەش دیمەنێکی نادیموکراتی
و نامرۆڤانە پیشان دەدات و بەرجەستە دەکات .
لەعێراقی ئەمڕۆدا،
لەگەڵ هەر هەنگاوێک بەرەو دیموکراسی، هەڵنوتانێک رودەدات و بەرەو قۆناغێکی دواکەوتوی
دەبات .
یاسا ئەو بنەمایانەیە
رەفتاری تاکەکان رێک دەخات، ئەرک و مافیان
لەکۆمەڵگە دیاری ئەکات، لە بنچینەدا یاسا بەمەبەستی کۆمەڵگەیەکی رێکخراو و بەردەوامە،
کار بۆ دەستەبەرکردنی داد و یەکسانی دەکات و پارێزگاری لەمافی تاک و کۆمەڵگە دەکات .
لەهەمان کاتدا
دەبێت هۆکارێکی گەشە کردن و بەرەو پێشەوەبردنی کۆمەڵگە بێت نەک کۆت و بەند کردنی .
ئەگەر پێکهاتەکان
بە سازان وڵات بە ڕێوە دەبەن و بە ڕێکەوتن پۆستەکان لەناو حزب و پێکهاتەکان دابەش
دەکەن، وە خۆیان زۆر ئەرک و مافەکانیان بەپێی یاسا و بە گوێرەی پێکهاتەکان دابەش کردوە(
بێگومان پێویستیەکی قۆناغەکە بوە و باشترین بژاردە بوە ) ، و سازان لەسەر هەندێ کێشەو
بوار دەکەن ئەوا دەبێت ئەرکی پاراستنی مافی سەرجەم تاکەکان لە ئەستۆی خۆیان دابنێن
و بە بەرپرسیارێتییەوە ئەو ئەرکانەی کۆمەڵگە بخەنە سەرشانیان و بە دادوەری جێبەجێی
بکەن ، بەتایبەت یاسا دەبێت لە پێناو پاراستنی مافی مرۆڤ و تاک و هەموان بێت.
هەندێ یاسا وەک
یاسای باری کەسێتی پەیوەندی بە تاک بەتاک و هەمو کچ و ژنان و خێزانێکەوە هەیە ناکرێت
بەخواستی لایەن و بەگفتوگۆ یان فشار و دان و ستانی یاسایی بەڕێوە بچێت، دەبێت ناوەڕۆکی
یاسا و کاریگەریەکانی و بنەماکانی مافی مرۆڤ و تاک حوکم بکات نەک هیچ شتێکی تر .
دان و ستان رێکارێکی
گونجاوی کاری سیاسی و حزبییە بەڵام ناکرێت دان و ستانی یاسایی بکرێت و یاساکان بخرێنە
تای تەرازویەکەوە کاتێک زۆر ناهاوسەنگیش بێت و بە بێ ئەوەی قەناعەت و بڕواش هەبێت
بڕوات.
ئەمڕۆ عێراق ئەگەر
هەڵوەستەیەک نەکات و بە وردی هەنگاوەکانی نەنێت، خوێندنەوە بۆ تاک و بەش و گشت نەکات
پێگەی عێراق لەناو سیستمی جیهانی لە ئاستێکی شیاو بە رابردو و بنیاتنانی پتەو بۆ
داهاتو نەکات بە بنەما ئەوا بناغەیەکی تۆکمەی نابێت و هەرەس و داڕمان مەترسی سەرو
ئەو بناغەیە ئەبێت.
لەکاتێکا ئەو دەنگدەرانەی
دەنگیان بەو پێکهاتەو ئەندامانە داوەو متمانەی تەواوی خۆیان داونەتێ، بەهیوای ئەوەی
بەرەو کەناری ئارامییان ببات و مافەکانیان بەدی بێت ، لەبەرئەوە واپێویست ئەکات لەئاستی
ئەو متمانەیە دابن و دەنگدەرەکانیان دڵنیا بکەنەوە کە دەنگ و متمانەیان لە دەستێکی
ئەمیندایە.
138 جار خوێندراوەتەوە