چەند سەرنجێک لەسەر دیاریکردنی تەمەنی خانەنشینی

پەرلەمان و حکومەتی ئیتیحادی عێراق لە ساڵی 2014دا تەمەنی خانەنشینی بە 63 ساڵ دیاریکرد، لە ساڵی 2019 هەمواریکرد و کردی بە 60 ساڵ، وا ئێستا جارێکی تر پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسایەکی ئامادەکردوە تا بیکاتەوە بە 63 ساڵ. بەهانەی حکومەتیش بۆ کەمکردنەوەی تەمەن ئەوەبو تا خەڵکێکی زۆر خانەنشین ببێ و جێگە بۆ گەنجان و بێ ئیشەکان چۆڵ بکەن و دایان بمەزرێنن. لە هەرێمی کوردستانیش تەمەنی خانەنشینبون 63 ساڵ بو، حکومەتی کاربەرێکەر لە 15/1/2025وە یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراقی جێ بەجێکرد و تەمەنی خانەنشینی کرد بە 60 ساڵ و خستیە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەدا قسەم لەسەر لایەنە باش و نەباشەکان، سودمەندبون و سودمەند نەبونی ئەو فەرمانبەر و موچەخۆرانە نییە کە خانەنشین دەبن و کاری منیش نییە. بەڵکو ئەخوازم چەند پرسیارێک سەبارەت بە هۆ و ئامانجی دیاریکردنی تەمەنی 60 ساڵ بۆ خانەنشین بوروژێنم کە لەسەر چ بنەمایەکی زانستی تەمەنی خانەنشینبون لە عێراق و کوردستان دیاری ئەکرێ، بۆیە تۆمارکردنی ئەم چەند خاڵە بە باش ئەزانم:

 

یەکەم: بێگومان بەهۆی پێشکەوتنی سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە مرۆڤ ساڵ بەساڵ تەمەنی درێژتر دەبێ. ئامار و زانیارییەکان پێمان دەڵێن لە داهاتودا تەمەنی مرۆڤ هەتا 100 و بەرەوژورتر دەڕوات.

 

دوەم: وەکو زانراوە دیاریکردنی تەمەنی خانەنشینبون ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە تێکڕای درێژی تەمەنی مرۆڤەکانی هەر وڵات و ناوچەیەکەوە. بۆ نمونە تێکڕای تەمەن لە وڵاتێکی وەکو هۆڵەندا پیاوان (80.3) ساڵە، ژنان (83.3) ساڵە. لەسەر بنەمای تێکڕای تەمەندرێژیی مرۆڤەکان، پەرلەمان و حکومەت تەمەنی خانەنشینبون دیاری ئەکەن. لە هۆڵەندا لە مڕۆدا تەمەنی خانەنشینبون 67 ساڵە. پرسیارەکەم لێرەدایە، ئاخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا ئامارێکی زانستیان لەبەردەسدایە و دەزانن تێکڕای تەمەنی مرۆڤی عێراقی و کوردستانی چەندە؟ تا لەسەر بنەمای ئەو ژمارەیە تەمەنی خانەنشینی دیاری بکەن؟ یان وەکو هەمو شتەکانی تر بە میزاج و بە گۆترە و بۆ دەفعی بەڵایە؟

 

سێیەم: خاڵێکی تر کە ئەکرێ لەدیاریکردنی تەمەنی خانەنشینی دا ڕۆڵی هەبێ، پەیوەندی بە هاوسەنگی و لاسەنگی رێژەی (گەنج) و (بەتەمەن)ەوە هەیە. رێژەی زاوزێ لە کۆمەڵەگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەک، لە وڵاتێکەوە  بۆ وڵاتێکی تر ئەگۆرێ، وەکو زانراوە ڕێژەی مناڵبون لە کۆمەڵگە و وڵاتە دواکەوتوەکاندا زۆر زیاترە لە کۆمەڵە شارستانی و وڵاتە پێشکەوتوەکاندا. بۆنمونە ژنی هۆلەندی بە تێکرا 1.49 منداڵ یان ئەبێ (منداڵ دروست ئەکەن) ئەگەر سەیری وڵاتێکی وەکو عێراق بکەین ڕەنگە چەند قاتی ئەم ڕێژەیە بێ. مناڵ خستنەوەش کاریگەری لەسەر رێژەی (گەنج)ی و (پیر)ی کۆمەڵگە بەگشتی ئەبێ. ئەو وڵاتانەی کە نەوە کەمتر دەخەوە هاوسەنگی لە نێوان گەنج و تەمەندارەکاندا لە ئاستی نۆرماڵ دا نابن. بەمەش کۆمەڵگەکە کۆمەڵگەیەکی خۆڵەمێشی (ڕەساسی) دەرئەچێ و هێندە گەنجیان نابێ تا فریای شوێنی ئەوانە پڕبکەنەوە کە کاردەکەن، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە ناچار دەبن تەمەنی خانەنشینبون بەرزتر بکەنەوە کە لەگەڵ تێکڕای تەمەندرێژیشدا ئەگونجێ. لە ئێستەدا کۆمەڵگەی هۆڵەندی بە کۆمەڵگەیەکی خۆڵەمێشی ناو دەبرێ. بۆیە تەمەنی خانەنشینبونیان لە 65 ساڵەوە و کردوە بە 67 ساڵ و لە بەرنامەشیاندایە لە داهاتودا بیکەن بە 68 ساڵ. پرسیارەکە لێرەدایە ئایە لە عێراق و کوردستان لەسەر بنەمای چ زانست و داتاو زانیارییەک تەمەنی خانەنشینبونیان کردوە بە 60 ساڵ و ئێستە دەیانەوێ بیکەنەوە بە  63 ساڵ؟ چ فەلسەفەیەکی ئیداری و مالی و دیمۆگرافی و هیزی کار.. لە پشتی ئەم گۆڕانکاریانەوەیە؟ ئەمانە کۆمەڵە پرسیارو  زانیارییەک بون کە بەباشم زانی بیخەمە بەردیدەی ئەوانەی کە سەریان لەم کارانە دەرئەچێ، یاخود ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراقن بەڵکو سودێکی بۆیان هەبێ.

526 جار خوێندراوەتەوە