سێ رۆژ بەر لە ڕاپەرین ی سلێمانی!

ئەو شەش مانگەی کە بە ئیختفا لە شاخەوە بە ئەرکی رێکخراوەیی و پێشمەرگانە هاتبومەوە بۆ ناو شاری سلێمانی، رۆژگارێکە کە هەتا دەمرم شانازیی پێوە ئەکەم. ئەزانم لەبەر نادادی و خراپ حوکمڕانی خۆماڵی، خەڵکی کوردستان بەگشتی و نەوەکانی سەرەتا و دوای راپەڕین توڕە و نیگەرانن، بەڵام خەبات و تیکۆشانی سەد ساڵەی گەلی ئێمە لێوان لێوە لە نوچدان و هەستانەوە.

 

نادیدە گرتنی قۆناغە مێژووییەکان و خەتی چەپ و راست هێنان بەسەر مێژوی دور و نزیکی میللەتەکەماندا، کارێکی ناڕەوا و نادروستە.

 

ئەبێ هەر روداوێک بخرێتەوە ناو زەمان و زەمینی خۆیی و ئینجا دراسەبکرێ و قسەی لەسەر بکرێ.

 

من وەک یادەوری ئەو رۆژانە کە بەئیختیفا لە ماڵی هاوڕێم کاک حەمە نوری مام ئەحمەد (هاوڕێ موراد)بوم لە یادی راپەرینی 7ی مارت ی ساڵی (1991)دا پێمخۆشبو وێنەی ئەو دەفتەر خدمەیە بڵاوبکەمەوە کە بەوێنەی گەنجێتی خۆم و بەناوی خواستراوەوە پێی هاتمەوە بۆ ناوشار.

 

ئەوانەی سەردەمی بەعس یان لەبیرە دڕندەیی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس یان دیوە.

 

بۆ خۆپاراستن لەوانە ئەبو رێوشوێنی تایبەت بگیرایەتەبەر، یەکێ لەو رێوشوێنانە دروستکردنی دەفتەر خدمەی عەسکەری و ناسنامە و وەرەقەی هاتوچۆکردن بو بە مۆر و تەدابیری کۆپی کراوەوە.

 

لەناو شۆڕشدا پێشمەرگەیەکی بەسەلیقە و دەسرەنگین هەبو، ئەویش هاوڕێی خۆشەویستم کاک شەماڵی بەهجەت کابان بو.

 

کاک شەماڵ دائیرەی تەجنیدی شۆرش:
کاک شەماڵ بۆخۆی دەفتەرخدمە و شتەکانی دروست دەکرد، لە بەرگەوە بۆ بەرگ لایەرەکانی وەک دەفتەر خدمەی ئەسڵ بەتسلسل و ناوەڕۆکەوە بەجۆرێک دروست دەکرد، کە کەس فەرقی پێ نەکات، ئەو مۆر و بڕیارانەی کە پێویستی بوایە، لەڕێی رێکخستنەوە، وێنەکانی دەست دەخست و دەینارد مۆرەکان بە قەبارەو شکڵی ستاندەردی خۆی درووست دەکردەوە، بێ ئەوەی داوای هیچ کۆمەکێکی مادی لە شۆڕش بکات. بەتەنها دەزگا چاپیەکانی بەکاردەهێنا.

 

بەدەگمەن کەسێک هەبێ و هاتبێتەوە ناو شار و کاک شەماڵ بەڵگەی بۆ نەکردبێ...

پێش منیش هەر ئەم کاک شەماڵە دەفتەر خدمەیەکی مەزبوتی بۆ کاک مستەفای سەید قادر (جێگری سەرۆکی هەرێم) دروستکرد بو، هەتا کاتی گرتن و، بەربونەکەشی، بەعس هەستی نەکردبو، کە دەفتەر خدمەکەی بەناوی خواستراوی (عەزیز عومەر)ەوە بوو، تەزویربێ..!

 

بەندەش هەر ئەم کاک شەماڵە دەفتەر خدمەیەکی نایابی بەناوی (دەرسیم خدرئەحمەد)، بۆ دروستکردم و، بە بڕیاری شرحبیل و، بە نەخۆشی دڵ لە عەسکەری تەسریح ی کردبوم...!

 

من بەو دەفتەرخدمەیە هاتمەوە بۆ ناو شار و، شەوانە بۆ ئیشوکاری رێکخستن لە گیرفانمدابو.

 

شەوی 4 لەسەر 5 ی مانگی 3 لەگەڵ کاک ئاکۆ محمەد وەهبی چوین بۆ ماڵی کاک مەحمودی شاتوان (هاوڕێ سامان) کە لەگەل (خاڵە حەمەئەمین)ی شاتوان ئەرکی پەیوەندی کردن بە موستەشارەکانی شارەزورمان پێ سپاردبون. خاڵە حەمەین باسی ئیشەکانی خۆی بۆکردین وتی جگە لە ئەحمەدی حەمەعیزەت ی موستەشار، لەگەڵ ئەوانی تر قسەیکردوە و ئامادەن بۆ هاوکاری.

 

وەک ئەڵین قسە قسە ئەهێنی کاک مەحمود کوڕێکی هەبو ناوی رەوەز بو مناڵ بو، شکور ئێستە گەورە بوە و لەهۆڵەندا زانکۆی خویندوەو ئێستە دامەزراوە. لەبەر ئەوەی خزمی یەک بوین بەڵام من رەوەزم نەبینی بو، بۆیە هەرکاتێک ئەرۆشتین بۆ ماڵیان، وا رێککەوتبوین لەبەر مناڵەکانیان هەر (بەدەرسیم) قسەم لەگەڵ بکەن.

 

لەدوای سەرکەوتنی راپەڕین کە رۆشتم بۆ سەردانیان هەمویان بە خالید قسەیان لەگەڵ ئەکردم، رەوەز چرپاندبوی بە گوێێ ئامینە خانی دایکیدا، وتبوی کوا ئەو پیاوە ناوی خالیدە، خۆ ئەوە کاک دەرسیمە. ئیتر بو بەپێکەنین و وتمان ئێستە ناوم خالیدە و، ئەوە هی پێش راپەڕین بو. ناو گۆڕینێک بەبێ مناسەبە و گوێزەبانە.!

 

جا سەرتان نەیەشێنم، لەکاتی هەستانماندا کە هاتینەدەرەوە و لەبەردەرگا گوێمان لە موکەبەرەبو بانگەوازی ئەکرد سبەینێ مەنعەتەجەولە، کاک مەحمود و خاڵە حەمەین وتیان مەڕۆن و لێرەبن.

 

لەگەڵ کاک ئاکۆ کردمان بەگاڵتە و وتمان کوا حکومەت ماوە ئەوە لەترسا وا ئەکەن. ئێمە سواری سەیارەکە (تۆیۆتایەکی کۆرۆنای 79 ی تەکسی)بو رێکخراوی سلێمانی بۆ ئیشوکاری رێکخستن کڕیبویان، هاتین.

 

کە لای ماڵی محافزەوە هاتینە سەرجادەکە روەو ئامادەیی صناعە، گەیشتینە بەر ئوتێل هاژە کەوتینە ناو کەمینێکی گەورەی ئەمن و جاشەوە کە بەبۆنەی کوشتنی خوالێخۆشبو فایەقی مۆتێوە دانرابو!.

 

یەکسەر لەگەل کاک ئاکۆ رێککەوتین کە من سایەق تەکسیم وئەو نەفەرە و یەکتر ناناسین، هەر وامانکرد.

 

ئەوانەی رێگەیان لێگرتین جاش بون، دایان بەزاندین و بەجیا تەحقیق یان لێکردین، جاشەکان منیان برد بۆلای ئەفسەرێکى ئەمن؛ کە لەوکاتەدا تەفتیشی پاسێکی 21 نەفەریان ئەکرد، تەنها ترسی من لەو کاتەدا ئەوەبو کە نەوەک ئەمانە پێشمەرگەی تەسلیم بوەوەبن بمناسنەوە، ئەگینا ترسم لە دەفتەر خدمەکەم نەبو، بردیانم بۆلای ئەفسەرەکە و ئەویش بردمەیە بەر لایتی پاسە و دەفتەر خدمەکەم دایە دەستی، دوای سەیریکردنی خۆم و هەڵدانەوەی پەڕەکانی، دایمییەوە وتی بڕۆ.

 

هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا‌، ترسی کاک ئاکۆش لەدڵما بو کە گەیشتمەوە لای سەیارەکە، دەفتەر خدمەشیان لە کاک ئاکۆ داواکردبو، ئەویش هەر بەتەزویر وەک ئەندازیاری کارەبا ئینتداب کرابو بۆ مەعمەلی چیمەنتۆکە، هەردوکمان بەسەلامەتی رزگارمان بو. ئەوەبو بۆ بەیانیەکەی لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە ئاگریان لەسەر پشتی بەعسیەکان کردەوە.

 

سوپاس بۆ هاوڕێم کاک شەماڵی بەهجەت کابان کە سەلیقە و دەستڕەنگینی خۆی ئەو شەوە رزگاریکردم.

بۆچی ناوی (دەرسیم)م بۆ خۆم هەلبژارد؟

هاوڕێی جوانەمەرگ پارێزەر ئارام محمەد کەریم، کە لەگەڵ هاوڕێیان هیوا و سەردار دا، لەبەردەم سانەوی رۆشنبیری کوڕاندا، بەعسیەکان بە بەرچاوی خەڵکەوە گولەبارانیان کردن، سێ هاوڕێى چاونەترسی کۆمەڵە بون. هاوڕێ ئارام ئەو کاتە ئەندامی رێکخراوی سلێمانی کۆمەڵە بو، راستەخۆ بەرپرسم بو، ئەو ناوی نهێنی (دەرسیم ) بو، منیش لە خۆشەویستی ئەو و بۆ لەبیر نەچونەوە ناوە نهێنیەکەی شەهید ئارامم کرد بە نازناوی خۆم.

 

سڵاو بۆ گیانی هەرسێ شەهیدە نەمرەکەی کۆمەڵە، کە بەعسیەکان دڕندانە شەهیدیانکردن.

 

سڵاو ئەنێرم بۆ رۆحی خاڵە حەمەئەمینی شاتوان کە بەغەدر شەهیدکرا، سڵاو بۆ رۆحی پاک و بێگەردی خزم و هاوڕێ و کەسم کاک مەحمودی شاتوان (هاوڕێ سامان).

 

ناوی خۆم: خالید ڕەزا ئەمین
ناوی خوازراو: دەرسیم خدر ئەحمەد

 

لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین و تێکڕای شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگارى دائەنەوێنم. نە خەبات و تیکۆشان بە کەس ئەفرۆشینەوە، نە کڕیاریشین.

1034 جار خوێندراوەتەوە