خۆئامادەکردن، دارایی و پارەی دەوێت

رۆژانە لە کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیاوە، گوێبیستی ئەم پرسیارەی پەیامنێران دەبین کە لە هاوڵاتی و هاونیشتیمانی ئەم هەرێمە دەکرێن.
لەڕاستیدا خۆئامادەکردنی هاوڵاتیی یان خێزانەکان، بۆ ئەم مانگە پیرۆزە دوو لایەنە.

 

لایەنی دەرونی و ئیمانی، تایبەتە بەخودی تاکەکان و خێزانەکان، بابەتێکی خودییە و لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر و لە خێزانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، تەنانەت لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر، جیاوازە، پەیوەندیدارە بەهۆکاری تایبەتەوە، ئەم لایەنەیان ئیشی ئێمە نییەو قسەی لەسەر ناکەین.

 

لایەنی دووەم، لە خۆئامادەکردن بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان، بابەتی ئامادەکاریی لەچۆنیەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی تاک و خێزانەکان و پڕکردنەوەی خواستی کڕیاری بەڕۆژو بو، رەهەندێکی دارایی و ئابوری پوختە، دەتوانین لەسەری بدوێن.

 

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم مانگە پیرۆزە، زیادبونی خواست و داواکاریی بەکاربەرانە، جا لەمانگەدا خواستی تاک و خێزانەکان، پێچەوانەی عورف و یاسای خواست (القانون الطلب ) دەبێتەوە. بەپێی یاسای خواست، هەرکاتێک نرخ بەرز ببێتەوە ئەوا بڕی داواکاری لەلایەن بەکاربەرانەوە دادەبەزێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە رەگەزێکی سەرەکی خواست، بریتی یە لە حەزو ئارەزو (الرغبة). کڕیاری بەڕۆژوبو، کەسێکە لەم مانگەدا زیاتر حەز و ئارەزو هانی دەدات بۆ کڕینی خواردن و خواردەمەنی بەراورد بە رەگەزی دارایی، بەواتایەکی تر، پاڵنەری دەرونی زیاتر زاڵترە، هۆکاری سەرەکی کڕینەکانمانن.

 

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، خۆ ئامادەکردن بۆ رەمەزان، بابەتێکی داراییە و توانای دارایی تاک یان خێزانەکە، چۆنیەتی و چەندییەتی خۆئامادەکردنەکە دیاری دەکات.

 

پێمانوایە، رێژەیەکی لایەنی دەرونی تاک و خێزانەکان، زیاتر پەیوەستە بە توانای دارایی، ئەگەر زۆر ورد ببینەوە لایەنی دەرونی گرێدراوی توانای دارایی تاک و خێزانەکانە.

 

گومانی تێدا نییە، بەگیرفانی بەتاڵ و نەبونی توانای دارایی( پارە) قورس و گران و ئەستەمە، لایەنی دەرونی تاک و خێزانەکان ئامادە ببێت بۆ مانگێک کە تایبەتمەندی جیاوازی هەیە.

 

هەرێم بەگشتی کۆمەڵگایەکی بەکاربەری بەرخۆرە، زیاتر لە 1 ملێۆن و 500 هەزار کەس، لەڕوی داراییەوە پشت بە موچەی مانگانە دەبەستێت و بازاڕو سەرجەم چالاکییە ئابورییەکان پەیوەست و گرێدراون بە موچەوە. سەرەڕای رێککەوتنی هەولێر و بەغداد و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، دابینکردنی بەشە بودجە بۆ موچە، هێشتا موچە لەکاتی خۆیدا دابەش ناکرێت و دوادەکەوێت.

 

هەر دواکەوتنێک راستەوخۆ کاریگەریی خراپ (نێگەتیڤ)ـی دەبێت لەسەر بارودۆخی ژیان و گوزەرانی تاک و خێزانەکان.

 

دەرئەنجام، دەتوانین بڵێین، خۆئامادەکردنی خێزانەکان لە لایەنی دەرونی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم مانگە پیرۆزەوە، راستەوخۆ پەیوەندی بە توانای دارایی و پارە هەیە.

 

کاتێک توانای دارایی و پارە هەبێت، دابینکردنی پێداویستیەکان بۆ رەمەزان، ئەوا بەدڵنییایەوە لایەنی دەرونی و ئیمانی تاک و خێزانەکان، بەبێ کێشە خۆی ئامادە دەبێت.


56 جار خوێندراوەتەوە