هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە سایەی سیستمی سەرۆکایەتیدا

  

بریارە رۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ نۆزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەرێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە یەكەم هەڵبژاردنی شارەوانییەكانکە لەژێر سایەی سیستەمی سەرۆكایەتیدا ئەنجام دەدرێت. ئەم خاڵەش سیماو تایبەتمەندییەکی جیاوازی بەم هەڵبژاردنە بەخشیوە، بەراورد بە هەڵبژاردنە شارەوانیەکانی تورکیا لە خولەکانی رابردودا. 

 

هەڵبژاردنە شارەوانی و خۆجێیەکانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێن، لەم هەڵبژاردنەشدا ١٢ پارتی سیاسی و ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ کێبرکێ دەکەن، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سەرۆکی گەورە شارەوانیەکان، شارەوانی شارەکان، ئەنجومەنی شارەوانییەکان و بەرپرس و موختاری ناوچەکان لە تەواوی پارێزگاکانی تورکیادا.  

 

ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەیە لەکۆی دوازدە پارتی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە، پێشبینی دەکرێت پێنج پارتی سەرەکی و گەورەی تورکیا کە نوێنەریان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا هەیە، ئەوانیش هەریەک لە (ئاکپارتی، جەهەپە، هەدەپە، مەهەپە، ئیی پارت)، بتوانن براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکان بن، بەتایبەت لەو پارێزگاو شارو ناوچانەی کە پێگەی بە‌هێزیانلەروی پشتیوانی جەماوەرییەوەهەیە، تا زۆرترین پۆستە ئیداری و کارگێرییەکانی ئەو ناوەندانە بەدەست بهێنن. کێبرکێی توندی ئەم هەڵبژاردنە، بەتایبەت لەسەر ئاستی شارەوانیە گەورەکانی تورکیا (ئەنقەرە، ئیستەنبوڵ و ئیزمیر ...)، پاڵنەری سەرەکی بو بۆئەوەی پارتە بەهێزەکانی تورکیا لە بەشێکی زۆری شارەوانییە گەورەکانی تورکیادا بە (هاوپەیمانی هەڵبژاردن) کێبرکێی یەکدی بکەن. لەم پێناوەشدا دوو ئاراستەی هاوپەیمانی لەم هەڵبژاردنانەدا پێکهاتن. ئەوانیش (هاوپەیمانی گەل)کە پێک هاتوە لەهەردو پارتی (ئەکەپە و مەهەپە)، لەبەرامبەریشدا (هاوپەیمانی میللەت)ی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بەتایبەت (جەهەپە و ئیی پارت ...) دروستبوو. هەدەپەش وەک نوێنەری پارتە کوردییەکان، بەدیاری نەکردنی کاندید لەسەر ئاستی سێ شارەوانیە گەورەکەی تورکیاو چەند شارەوانیەکی دیکەی رۆژئاوای تورکیا، بە ناراستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانی میللەت دەکات دژ بەهاوپەیمانی گەلی ئەکەپەو مەهەپە. ئەمەش ئەوکاتە بەتەواوەتی دەرکەوت کە سەرکردایەتی هەدەپە پوختەی ستراتیژی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە دیرێکدا کورتکردەوەو رایانگەیاند"ئامانجمان لەم هەڵبژاردنانەدا بردنەوەی باکوری کوردستان و شکستهێنانە بە هاوپەیمانی گەل لە رۆژئاوای تورکیا". ئەم ستراتیژەش بەو هیوایە دارێژراوە کە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بتوانێ، شکست بەبەرەی ئەکەپەو مەهەپە بهێنێت. ئەگەر لە ئاستێکی دیاریکراویشدا بێت. بەتایبەت لەسەر ئاستی سێ گەورە شارەوانی تورکیا (ئەنقەرەو ئیستەنبوڵ و ئیزمیر)، ئەوەش لەپێناو کاڵکردنەوەی هەژمونی ١٧ ساڵی سیاسی و حکومڕانی ئەکەپە بەسەر تەواوی تورکیاوە.

 

لەهەڵبژاردنەکانی شارەوانی ساڵی ٢٠١٤دا کوردانی باکور-تورکیا، توانیان لەرێگەی هاوپەیمانی (بەدەپەو هەدەپە)ەوە، رێژەی ٪٦ دەنگەکانی تورکیا بەدەست بهێنن، بەو ئەنجامەش بەدەپە لەباکوری کوردستان توانی ١٠٢ شارەوانی شارو ناوچەو پۆستی ئیداریی جیاوازەکان بەدەستبهێنێت. بەڵام دواتر پاش تێکچونی بارودۆخی ناوخۆی تورکیا لەدوای ساڵی ٢٠١٥ و  دروستبونەوەی شەڕ لەنێوان پەکەکەو حکومەتی تورکیا لەسنوری کوردستان، هاوتای دروستبونی داعش لەسوریا وعێراق، لەگەڵ روداوی ئەنجامدانی کودەتایەکی سەرنەکەوتوو لە تورکیا، هاتنە ئارایی باری نائاسایی و ئۆپەراسیۆنی تیرۆر...هتد، هۆکاربون بۆ دەستێوەردانی حکومەتی ئەنقەرە لەکاروباری شارەوانیەکانی باکور و دەستگیرکردن و لادانی نزیکەی ٩٦ سەرۆک شارەوانی بەدەپەو کورد بەپاساوی پشتیوانی لە تیرۆرو پەکەکە. دواتر پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بە نوێنەرانی حکومەت کە بە(قەیوم) ناسران.

 

 لەم هەڵبژاردنەشدا زۆرینەی پارتە کوردییەکانی باکور، (پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە)یان کردوەتە نوێنەری خۆیان، دەخوازن لەرێگەی هەدەپەو زۆرترین شارەوانیەکانی باکور بەدەستبهێنن و ئەو ناوچانەش کە قەیومەکان دەستیان بەسەردا گرتوە، شەرعیەتیان بۆ بگەڕێننەوە.

 

بەم جۆرە چاوەڕوان دەکرێت قۆناغی دوای هەڵبژاردنە شارەوانیەکانی تورکیا، بۆ تورکیا بەگشتی و بۆ کوردەکانی تورکیا بەتایبەتی، قۆناغێکی هەستیار و چارەنوسساز بێت. بەو پێیەی دوای گۆرینی سیستەمی سیاسی تورکیا، سەرۆک کۆماری تورکیا لەسایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا بوو بە خاوەن دەسەڵاتێکی زۆر، لەبەرامبەردا پەرلەمانی تورکیا دەسەڵاتەکانی سنوردارکران. ئەمەش وایکرد کە سەرۆک کۆماری تورکیا ببێتە سەنتەری دەسەڵات لە تورکیادا. تەنانەت لە ئێستادا سەرۆک کۆمار دەتوانێ بەبێ گەرانەوە بۆ هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی تورکیا، دەست بخاتە کاروباری ناوخۆی شارەوانیەکان. بەم پێیەش هەرکات بە پێویستی زانی، دەتوانێت سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکان بانگێشتی لێکۆڵینەوە بکات و لەسەر کار لایان بدات و قەیوم بخاتە جێگەیان. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا لە حاڵەتی دوبارە لابردنی سەرۆک شارەوانیە هەڵبژیردراوەکانی کورد لەباکور، هەدەپە هەڵوێستی چی دەبێت؟ بەتایبەت کە لە ئێستادا کە چاوەڕوان دەکرێت بەراورد بە هەڵبژاردنە شارەوانیەکانی ٢٠١٤، هەدەپە بتوانێ لەدەنگەکانی بەدەپە زیاتر بهێنێ و ژمارەی شارەوانیەکانی کورد لەباکورو تورکیا بۆ سەرو ١٢٠ شارەوانی بەرزببێتەوە. بێگومان بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت چاوەروانی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بین و لەوێشەوە دەتوانین پێشبینی دۆخی داهاتوی تورکیا بکەین. بەوپێیەی ئەگەر بێت و هاوشێوەی ١٧ ساڵی رابردو لەم هەڵبژاردنەشدا ئەکەپە بتوانێ بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی بەرامبەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەوا چوار ساڵی داهاتوو بۆ هەدەپەو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە، چوار ساڵی قورس و پڕ لە ململانێ و ئاڵۆزی و کێشمەکێشی سیاسی دەبێت، بەتایبەت لەسایەی حوکمی سیستەمی سەرۆکایەتی ئاکپارتیدا. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر هەدەپەو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا بتوانن، بەشێوەیەک لەشێوەکان، گەر لەئاستێکی رێژەیشدا بێت شکست بە ئەکەپە بهێنن، بەتایبەت (لەپارێزگاکانی باکوری کوردستان و ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەو ئیزمیر)،  ئەوکات دەکرێت چاوەڕوانی کرانەوەو گۆرانکاری و قۆناغێکی جیاوازی سیاسی ببین، بۆ تورکیا لەچوار ساڵی ئایندەدا.

958 جار خوێندراوەتەوە