پزیشکێکى پسپۆڕ لە بوارى زانستى ئازار و
بێهۆشکارى باس لە چەند هۆکارێک دەکات دەبنە هۆى راچڵەکین و لەزرین لە خەودا و
کۆمەڵە رێنماییەکیشى خستوەتەڕو تا لەم حاڵەتانە بەدوربین.
تەندروستى:KNNC
دکتۆر، هەڤین کەمال، پسپۆڕ لە زانستى ئازار و
بێهۆشکارى بڵاویکردوەتەوە؛ لە 70%ـی خەڵک توشی راچڵەکین و لەرزین دەبن لەکاتی خەودا،
راچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا لە ئەنجامی گرژبونی ماسولکەکانەوە رودەدەن بەشێوەیەکی
لا ئیرادی کاتێک کەسەکە بێ ئاگایە.
ئەو پزیشکە دەڵێت: ئەم حاڵەتانە لە هەمو جەستەدا رودەدات، بەڵام
هەندێک جار تەنها قۆڵەکان و قاچ دەگرێتەوە ھەندێک جاریش
کەسەکە لەوانەیە دەنگێکی لێوە بێت یان بقیژێنێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا کەسەکە لەخەو
ھەڵدەستێنێت و ھەستی کەوتنەخوارەوەى لا
دروست دەکات.
رونیکردوەتەوە کە زۆرێک لە توێژینەوەکان دەڵێن:
ئەم جوڵە و لەرزینە لەئەنجامی خاڵیبونەوەی بارگەی کارەبایە لە دەمارەکاندا، کە بەشێوەی
سیگناڵ بۆ مێشک دەڕوات و مێشکیش بە شێوەی جوڵەیەک دەریدەبڕێت .
ھەتا ئێستا ھۆکاری تەواوی ئەم کێشەیە نەزانراوە ، بەڵام ھەندێک تیۆری
ھەیە کە دەڵێت: لەوانەیە بەھۆی ئەم ھۆکارانە بێت:
- دودڵی و سترێس :
ئەو شێوازی ژیانەی ئەمڕۆکە پیایدا تێپەڕدەبین و
پڕە لە سترێس و دڵەڕاوکێی و دوودڵی و ماندویی زۆر، کاریگەریەکی زۆری ھەیە لەسەر
کاتی پشودان و خەوتنمان، لەبەرئەوەی سترێس و شڵەژانی باری دەرونی مێشکمان بە ئاگایی
دەھێڵێتەوە، کە ئەمەش وا دەکات مێشک سیگناڵی کارەبایی بنێرێت بۆ دەمار و ماسولکەکان،
ئەمەش دەبێتە ھۆی راچڵەکین و گرژبون .
- بەکارھێنانی زۆری وریاکەرەوەکان :
کافایین و نیکۆتین کاریگەرییان ھەیە لەسەر توانای لەش بۆ خەوتن بە شێوەیەکی سروشتی، یاخود توانای مانەوە لەخەودا بۆ کاتی پێویست ئەم وریاکەرەوانە وادەکەن کە مێشکی مرۆڤ پشوی تەواو نەدات و نەچێتە قۆناغی
خەوی قوڵەوە .
- ئەنجامدانی وەرزش :
رونە وەرزش کاریگەرییەکی باشی لە چالاککردنی لەش و جەستە هەیە، بەڵام ئەنجامدانی لەکاتێکی دڕەنگی
ئێواراندا و نزیک کاتی خەو، وادەکات جەستە
نەتوانێت پشو بدات لە کاتی خەودا، ئەمەش دەبێتە ھۆی راچڵەکین و لەرزین .
-ھەندێک خوی خراپی خەوتن :
ھەندێک خوی خراپ پێش خەوتن یاخود لەکاتی خەوتندا
، بۆ نمونە ؛ خەوی ناڕێک و پچڕ پچڕ، دڕەنگ خەوتن، بەکارھێنانی ئامێری زیرەک پێش خەوتن
ئەمانە ھەموی ھۆکارن بۆ راچڵەکین لە کاتی خەودا .
چۆن خۆمان بپارێزین ؟
بونى ئەم حاڵەتە مانای ئەوە نییە ئەو کەسە نەخۆشە،
بە ھەندێک گۆران لە شێوازی ژیانیدا، دەتوانرێت راچڵەکین و گرژی کەمبکرێتەوە ئەمەش
ھەندێک ئامۆژگارییە بۆ کەمکردنەوەی لەرزین و راچڵەکینی کاتی خەو:
- دوربکەوە لە کافایین :
بەتایبەت لە کاتی پێش خەودا، کە تەحفیزی مێشک دەکات
و وادەکات مرۆڤ بە ئاگا بێت، ھەر بۆیە دەبێت کەمبکرێتەوە بە رێژەیەکی بەرچاو.
باشترە ئاو و چا روەکیەکان بخورێت لەو کاتەدا.
- دوربکەوە لەئەنجامدانی وەرزش بەشەو :
وەرزشکردن کارێکی بەسودە، بەڵام ئەنجامدانی لە
کاتی شەودا و نزیک کاتی خەو، ئەگەری گرژبونی ماسولکەکان زیاد دەکات و ئەمەش راچڵەکین
زیاد دەکات لە کاتی خەودا، باشترە وەرزش لە بەیانیان زودا ئەنجامبدرێت و لەژێر تیشکی
خۆردا، کە ئەمە وادەکات خاوبونەوەی ماسولکەکان زیاتر بێت لە کاتی پێش خەوداو خەویش
قوڵتر بێت .
100 جار خوێندراوەتەوە