بۆیەکەمجار گەنجێک لە هەولێر قورئان وەردەگێڕێت بۆسەر زمانی ئاماژە

KNN : Kurdish News Network
01:37 - 04/09/2024
گەلەری
+
-

ژیان بەبێ توانای بیستن کارێکی قورسە، چونکە کەسی نابیست زۆر بە ئەستەم دەتوانێت گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ کۆمەڵگا ئەنجام بدات و فێری خوێندنەوە و نوسین ببێت، هەروەها ناشیانەوێت لە کۆمەڵگا جیابکرێنەوە و دەیانەوێت وەک ھەر کەسێکی دیکەی ئاسایی سەیر بکرێن.

 

ئەوان بە زمانی ئاماژە دەدوێن، زمانی ئاماژە زمانێکی سرووشتی تەواوکەرە و نابیستان بە ئاسانی لەیەکتر حاڵی دەبن، بوونی قورئانێکی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی ئاماژە، بووەتە خۆشحاڵی نابیستان و بە ھەنگاوێکی گرنگ لە ژیانیدا پێناسەی دەکەن.

خێرخوازێک ماوەی هەشت ساڵە لە مزگەوتی ئەحمەد دەرماناوەی شاری هەولێر، گوتاری هەینی بۆ نابیستان وەردەگێڕێت، لە دواین کاریدا تەواوی قورئانی پیرۆزی بۆسەر زمانی ئاماژە وەرگێڕاوە و ئەمەش بووەتە هۆی دڵخۆشی نابیستان و وایکردووە بتوانن بە ئاسانی قورئان بخوێنن.

 

وەرگێڕانەکە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە، دواتر فەتوای لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانی بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی ڕێگا بە چینی نابیستان بدرێت قورئانەکە بخوێننەوە و خەتمی بکەن، هەروەها هەر سی بەشەکەی قورئانیش لە سێ بەرگدا کۆکراوەتەوە.

 

مامۆستا عزەدین حامد مستەفا تەمەن 46 ساڵ، دەرچوی بەشی شەریعەی سەر بە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدینە، چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی نابیستن و ئەمەش هۆکارێک بوە بۆ ئەوەی خزمەت بەو توێژە بکات و جگە لە وتاری هەینی، پێشتریش بەپێی توانا و بەشێوەی ئاماژە ئایەتەکانی قورئانی بۆ وەرگێڕاون، بەڵام لە کۆتاییدا توانی تەواوی قورئانی پیرۆزیان بۆ وەربگێڕێت و هەزار دانەشی لێ چاپ بکات.

وێنە/AA

122 جار خوێندراوەتەوە