حەماس: تا فشار نەخرێتە سەر نەتانیاهۆ بارمتەكان روناكی نابینن

KNN : Kurdish News Network
04:44 - 09/09/2024
جیهان
+
-

بزوتنەوەی حەماس هەوڵوێستی نوێ لەسەر ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلیەكان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: روناكی نابیننەوە تا فشار دەخرێتە سەر نەتانیاهۆ و وەزارەتی تەندروستی غەززەش بڵاویكردەوە كە ژمارەی قوربانیانی جەنگ بۆ نزیكەی (136) هەزار كەس بەرزبوەتەوە.

هەواڵ: (KNNC)


عیزەت رەشەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند: بەهۆی رێگری كردنەكانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و كابینەكەیەوە، كە بۆ هەموان رون بوەتەوە، تا ئێستا رێككەوتنی ئاگر بەست ئەنجام نەدراوە، بۆیە بارمتە ئیسرائیلییەكان چاویان بە روناكی ناكەوێتەوە تا فشار بخەنە سەر نەتانیاهۆ.

 

وتیشی: داواکارییەکانی بزوتنەوەکە رونن و خۆیان لە وەستاندنی جەنگ و سنور دانانە بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل، كە حەماس پابەندە بە رەشنوسی ئەو رێككەوتنەوە كە بڕیارە ئەنجام بدرێت.

 

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس هۆشداریدا، لە حاڵەتی پابەند نەبونی ئیسرائیل و نەتانیاهۆ، دانوستان و گفتوگۆكان دەگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.

 

پێشتر، سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە كە نزیکەی (100) زیندانی ئیسرائیلی لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەر كراون و پێدەچێت ئێستا (64) كەسیان لە ژیاندامابن.

 

لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند: لە (24) كاتژمێری رابردودا و لە ئەنجامی دو كۆمەڵكوژی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە، (16) گیان لە دەستدان و برینداربونی (64) كەسی دیكەی لێكەوتوەتەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ژمارەی قوربانیانی جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە (7ـی ئۆكتۆبەری 2023)ـوە تا ئەمڕۆ دوشەممە (40) هەزار و (988) گیان لە دەستدان و برینداربونی (94) هەزار و (825) كەسی دیكەی لێكەوتەوە.

70 جار خوێندراوەتەوە